وەڵامی نەوەی نوێ بۆ راگەیەندراوەكەی پارتی

کوردستان 11:16 AM - 2026/06/28

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ شەممە مەكتەبی سیاسی پارتی راگەیەندراوێكی سەبارەت بەكاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و تێیدا داوای لەلایەنەكان كردووە پەرلەمانی كوردستان كارا بكەنەوە و  دەشڵێت: بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقیمان دەخاتە ئەستۆ بۆ هەرچی زووتر دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی ئێستا، كە جگە لە زیان گەیاندن بە هەرێم و ئەزموون و دەستكەوتەكانمان، بۆ هیچ لایەك سوودی تێدا نابینرێت.
راستەوخۆ ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەڵامی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتیدایەوە و دەڵێت: ئەمرۆ مەكتەبی سیاسی پارتی بەیاننامەیەكی بڵاوكردۆتەوەو تیایدا باسی ئەوە دەكات هەرێم لە دۆخێكی نەخوازراودایەو داوای دانیشتن و زەمینەسازی بۆ گفتوگۆ دەكات بۆ چاریسەری كێشەكان.

ئاماژە بەوەدەكات: كاتێك شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەوپەڕی رێز و دڵسۆزیەوە هۆشداری دەدات لەوەی كە ئەگەر ئەم كێشانە چارەسەر نەكرێن، هەرێمەكەمان لەدەست دەچێت، ئەوا میدیاكانی پارتی بەڕەسمی و نا ڕەسمیەوە، لەبری سوپاسی ئەم هەڵوێستە خەمخۆرییە، كەچی بەوپەڕی بێڕێزیەوە دەست دەكەنە هێرشكردن و تەخوین و ناوزڕاندن، بەبێ ئەوەی خۆیان لە قەرەی مەترسییە راستەقینەكە بدەن. ئەم جۆرە هێرشكردن و ناوزڕاندن و تەخوین كردنە بەرامبەر سەرۆكی پارتێكی گەورەی خاوەن ١٥ كورسی پەرلەمانی كوردستان، لەكوێی دنیا زەمینەسازی بۆ گفتوگۆو دانیشتن و چارەسەری كێشەكان دروست دەكات؟ 

دەشڵێت: پێویست بوو پارتی دیموكراتی كوردستان درك بەوە بكات كە هۆشداریەكەی شاسوار عەبدولواحید لە خەمخۆری و دڵسۆزیەوە بوو بۆ هەرێمی كوردستان و دامەزراوەو دام و دەزگا رەسمیەكانی، تا گەلی كوردستان و هەرێمەكەش لەڕێگەی بەگەڕخستن و شەرعیەت پێدانی دامەزراوەكانیەوە لەهەموو مەترسییەك بپارێزرێت.

ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت: لە كۆتاییدا پێویستە هەموو لایەك ئەو راستییە بزانن، گەر هەر لایەنێك خۆی بە دڵسۆزی هەرێم و كورد و كوردستان دەزانێت، ئەوا نابێت شەڕی پۆست بكات و دەست بگرێت بە هیچ پۆستێكەوە و نابێت هەرێمی كوردستان بكرێت بەقوربانی پۆست. بۆیە گەر پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەن دەستبەرداری شەڕی پۆست ببن، ئەوا هەموو لایەنەكانی تر ئامادەی دانیشتنن، بەڵام كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان  بە ٣٩ كورسیەوە دەڵێت ئێمە هێڵی سورمان هەیە بۆ پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، ئەوا مانای كۆتاییهێنانە بە ئەزمونی هەرێم و داخستنی هەموو دەرگاكانە بەڕووی گفتوگۆ و دانیشتن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو