زیاتر لە 10 ساڵە پلەبەرزكردنەوە لە هەرێمی كوردستان راگیراوە

کوردستان 09:43 AM - 2026/06/28

  پرسی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 ساڵ لە ڕاگرتنی هێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكان، بەهۆی راگرتنی سێ تا چوار پلەبەرزكردنەوە و سەرەمووچەی ساڵانەوە، فەرمانبەران مانگانە زیاتر لە 300 هەزار دینار زیانی داراییان بەركەوتووە و چاوەكان لەسەر جێگیركردنی شایستەكانیانە لە بودجەی داهاتوودا.

دوای ساڵانێك لە راگرتنی بەهۆی قەیرانی داراییەوە، پرسی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی هێشتا وەك داواكارییەك ماوەتەوە و فەرمانبەران چاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی دەكەن.

لە سەرەتای مانگی 1ـی ساڵی 2016، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە،لەو كاتەوەی كە پلەبەرزكردنەوە راگیراوە بەشێك لە فەرمانبەرانی هەرێم سێ پلەبەرزكردنەوە و بەشێكی تریان چوار پلەبەرزكردنەوەیان بۆ نەكراوە.

جگە لە پلەبەرزكردنەوە لە هەرێمی كوردستان ماوەی دوو ساڵە سەرەمووچە راگیراوە ،سەرەمووچە ساڵانەیە و بۆ هەر ساڵێك لە نێوان 5 هەزار دینار تاوەكو 10 هەزار دینار دەچێتە سەر مووچەی فەرمانبەر.

ئێستا ئەگەر بەشێوەیەكی گریمانەیی مووچەی فەرمانبەرێك وەربگرین كە مانگانەكەی 500 هەزار دینارە بە هەژماركردنی ئەو پلەبەرزنەكردنانەی كە بۆی نەكراوە ئەگەر بۆ نموونە سێ پلەبەرزكردنەوەی بۆ نەكرابێت و هەروەها ئەو دوو سەرەمووچەیەی كە بۆی نەبەستراوە كە نزیكەی 20 هەزار دینارە، ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە زیاتر لە 300 هەزار دینار ستەمی لێكراوە و لە بری ئەوەی زیاتر لە 800 هەزار دینار وەربگرێت 500 هەزار دینار وەردەگرێت.

بەواتایەكی تر هەر فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان كە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا پلەبەرزكردنەوە و سەرەمووچەی ڕاگیراوە مانگانە زیاتر لە 300 هەزار دینار زیانی بەركەوتووە.

لەگەڵ ئەوەی چەند جارێك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاماژە بە دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران كراوە، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێكی كرداری لەو بوارەدا نەنراوە و  ئێستا چاوەكان لەسەر هەوڵێكی فاح زەیدی  وەزیری دارایی عیراقە بۆ جێگیركردنی پارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2027ـی عیراقدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو