هێرشەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەبێ‌ ئەمریكا دەستیپێكردەوە

عیراق 09:43 AM - 2026/06/08

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دانیشتوانی پایتەخت و چەند شارێكی گەورەی ئێران بە دەنگی تەقینەوەی بەهێز بەخەبەر هاتن و سوپای ئیسرائیلیش بە رەسمی  ڕایگەیاند ، هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ناوەندە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە. ئەوەش دوای هێرشی مووشەكی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە تاران، تەبرێز و ئیسفەهان بیستران. تەلەفزیۆنی  رەسمی ئێران ڕوودانی تەقینەوەكانی پشتڕاستكردەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ ئامارێكی وردی لەبارەی قەبارەی زیانە دارایی و مرۆییەكان بڵاونەكردووەتەوە و ئاماژەی بە شوێنی وردی تەقینەوەكان نەداوە.

دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەكان، سوپای ئیسرائیل بە رەسمی  بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند،  20 پێگەی  سوپای پاسدارانیان لە ناو خاكی ئێران بۆردوومان كردووە. بەپێی  زانیارییەكانی سوپای ئیسرائیل، هێرشەكان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بوون و فرۆكەخانەی میهرئاباد لە تاران و دامەزارەوەیەكی پترۆكیمیاوی لە مەهشەد كردووەتە ئامانج.

 لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، یخیئێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریكا  نوسیوێتی، ئێران 11 مووشەكی بالیستیی ئاڕاستەی ئیسرائیل كردووە، كە هەر یەكێكیان دەتوانێت گەڕەكێكی تەواو وێران بكات و سەدان كەس بكوژێت.

باڵیۆزی ئیسرائیل لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا هۆشداریداوە، خەڵكی لوبنان حزبوڵایان وەك هێزێكی بەوەكالەتی ئێران رەتكردووەتەوە و بە ئێرانیان وتووە لە وڵاتەكەیان بچێتە دەرەوە، هۆشداریی ئەوەشی دا ئەگەر حزبوڵا هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل  بنكەكانی فەرماندەیی لە گەڕەكی زاحییە بە توندی دەكرێنە ئامانج.

هێرشە مووشەكییە نوێیەكەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل لە كاتێكدایە، سوپای ئیسرائیل بڵاویكردەوە، سیستمی دژە ئاسمانی چالاككراوە، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەكانەی ئاڕاستەی ئیسرائیل كراون.هاوكات كەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە ناوەڕاستی ئیسرائیل بیستراوە و بەرپەرچی سەرجەم ئەو مووشەكانە دراوەتەوە كە ئاڕاستەی ئیسرائیل كران.

ئەم هێرشە ئاسمانییانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە كاتێكدایە، كە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەشتی نیسانی ڕابردووەوە، ئەمە یەكەمین جارە ئیسرائیل بەم شێوەیە ڕاستەوخۆ هێرش بكاتە سەر ناوخۆی ئێران. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیە نیشانەی قۆناغێكی نوێی ململانێكانە لە ناوچەكەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو