نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە هەنگاوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و دەستپێشخەرییەکەی عەسائیب ئەهلی حەق دەکات بۆ بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت.
سەرۆک کۆمار لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێشوازی لەو هەڵوێست و هەنگاوانە دەکەن کە لە کۆبوونەوەی "چوارچێوەی هەماهەنگی"دا هاتوون بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەروەرییەکەی. هەروەها بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی شێخ قەیس خەزعەلی دەردەبڕێت، کە پەیوەستە بە جیابوونەوەی پەیوەندییەکانیان لە پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی چەک تەنها لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت.
نزار ئامێدی جەخت لەوە دەکاتەوە کە شکۆی دەوڵەت تەنها لە دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانیدا بەرجەستە دەبێت. هەر هەنگاوێکیش لەو چوارچێوەیەدا بگیرێتە بەر، بە ئاڕاستەی بنیاتنانی دەوڵەت و سەروەریی یاسا و پتەوکردنی متمانەی هاووڵاتیانە بە دامەزراوەکانیان.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوانە دەبێت لە چوارچێوەی ڕێسا دەستوورییەکان، یاسا کارپێکراوەکان و ڕێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئایینیدا جێبەجێ بکرێن، بە جۆرێک ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عێراقدا بەهێز بکات.