تۆم باراك وەك نێردەی ترەمپ بۆ كاروباری عیراق و سوریا دەستنیشانكرا

عیراق 08:16 PM - 2026/05/31

دۆناڵد ترەمپ، تۆم باراكی وەك نێردەی تایبەتی خۆی بۆ هەریەكە لە وڵاتانی عیراق و سوریا دەستنیشان كرد. 

لە پەیامێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیال"، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، تۆم باراك كە ئێستا باڵیۆزی ئەمریكایە لە توركیا، ئەركی نوێی وەك نێردەی تایبەتی سەرۆكایەتی بۆ عیراق و سوریا پێ سپێردراوە.

ترەمپ دەڵێت، دەستنیشانكردنی تۆم باراك وەك نێردەی تایبەت بۆ عیراق و سوریا لە كاتێكدایە كە هاوكارییە ستراتیژییەكانمان لەگەڵ حكومەتەكانی عیراق و سوریا پێش دەخەین و پەیوەندیمان لەگەڵیان بەردەوامە لە گەشەكردن.

بەپێی بڕیارەكە، تۆم باراك لە پۆستی باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا دەمێنێتەوە و ئەركی نێردەی تایبەتی سەرۆكایەتیش بۆ عیراق و سوریاش بەڕێوەدەبات.

ترەمپ لە پەیامەكەیدا دەڵێت، تۆم باراك بە پشتیوانیی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كارەكانی دەكات. دەشڵێت، ناوبراو كارێكی نایابی ئەنجامداوە وەك نێردەی سەرۆكایەتی بۆ سوریا و ئێمە زۆر سوپاسی بەردەوامیی كارەكانی ئەو دەكەین بۆ خزمەتكردنی وڵاتەكەمان.

دەستنیشانكردنی تۆم باراك وەك وەك نێردەی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ كاروباری عیراق و سوریا لە كاتێكدایە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و لە لێواری هەڵگیرسانەوەی جەنگی ئێراندایە . لە كاتێكیشدایە، رۆژی رابردووش ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پلاتفۆڕمی "ئێكس"، پشتیوانی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی بۆ تۆم باراك دەربڕی و رایگەیاند، هەرچەندە ئەركی وەك نێردەی تایبەت بۆ سوریا كۆتایی دێت، بەڵام ئەمە بە واتای كۆتاییهاتنی كارەكانی نایەت، بەڵكو بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵی سەركردایەتی بۆ ئیدارەی ترەمپ لە هەردوو وڵاتی عیراق و سوریا.

لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2025، دۆناڵد ترەمپ، مارك ساڤایای وەك نێردەی تایبەتی خۆی بۆ عیراق دەستنیشان كرد، لە رۆژی 1ی شوباتی ئەمساڵ، چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، مارك ساڤایا، كە تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، بە نێردەی تایبەت بۆ كاروباری عیراق دەستنیشانكرابوو، لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو