دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەیامی نوێی بۆ ئێران پێیە و دەڵێت ، بە دوو مەرج هێزەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەكشێنێتەوە، ئەوانیش كردنەوەی گەرووی هورمز و چارەسەری كێشەی ئەتۆمی ئێرانە.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز، دۆناڵد ترەمپ باسی لە رێككەوتنەكانی نێوان واشنتۆن و تاران كردو وتی، زۆر نزیكین لە رێككەوتنێكی زۆر باش لەگەڵ ئێران، ئەگەر دادپەروەرانە نەبێت لەگەڵ واشنتۆن دەگەڕێینەوە بۆ وەزارەتی جەنگ، بەڵام من بژاردەی دیپلۆماسیم پێ باشترە چونكە ئیمزاكردنی رێككەوتن بە واتای كردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی كەشتیوانیدا دەستبەجێ دێت.
ترەمپ باسی لەوەشكرد،تاكە گەرەنتی بنەڕەتی كە پێداگری لەسەر دەكات، رێگریكردنە لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی ئێران، ئاماژەی بەوەشكرد ئێرانییەكان پێشتر رێككەوتوون چەكی ئەتۆمی پەرەپێنەدەن یان نەكڕن.
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشدا ، ئێران لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، هیچ سوپایەكی نییە و تەنها قسەی شیرین و میدیای ساختەی هەیە. هەر بۆیە واشنتۆن زیاتر لە جارێك سەركردایەتی ئێرانی كردۆتە ئامانج و ئەو سەركردانەی كە ماون زیاتر عەقڵانی بوون.
ترەمپ لە درێژەی قسەكانیدا تەئكیدی لە سەر پێویستی كردنەوەی گەرووی هورمز بەپەلە و بەبێ كرێی ترانزێت كردەوە و وتیی پێویستە ڕێگری لە تاران بكرێت بۆ هەمیشەیی لە دەستكەوتنی هەر چەكێكی ئەتۆمی، هەر كاتێك ئێران بەم دوو مەرجە رازی بوو ئەوا هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە دەكشێنەوە .