حزبوڵای عیراق، وەك یەكێك لە پێكهاتە سەرەكییەكانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی، هەڵوێستی رەسمی خۆی لەسەر پرسی چەكدانان راگەیاند و وتی،بەردەوامبوون لە جیهاد لەم قۆناغەدا بە ئەركێكی ئایینی دەبینن و چەكەكانیان دانانێن .
ئەبو موجاهید عەساف، لێپرسراوی ئەمنیی حزبوڵای عیراق، لە راگەیەنراوێكدا داوای لە پەرلەمانتارانی عیراق كرد، هەردوو باڵیۆزی ئەمریكا و بەریتانیا لە وڵاتەكەدا جڵەو بكەن و رێگرییان لێبكەن لەوەی دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عیراقدا بكەن.
ئەو لێپرسراوەی حزبوڵا ئاماژەی بەوەش كرد، كارێكی قبوڵنەكراوە لێپرسراوانی سیاسی ببنە ئامرازێك بۆ رەتكردنەوە و ئیدانەكردنی ئەو رووداوانەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێن، تەنیا لەبەر ئەوەی دوژمنان ئاماژە بەوە دەدەن كە سەرچاوەی هەڕەشەكان عیراقە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا، ئەبو موجاهید عەساف باس لەوە دەكات كاتێك هێرشكرایە سەر ناوچەكانی زوبێر و شەلامچە لە عیراق كە ڕاستەوخۆ لەلایەن كوەیتەوە بۆردومان كران، هەروەها لە كاتی هێرشەكانی سعودیە بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی پێشێلكردنی سەروەری عیراق، ئەو لایەنە سیاسییانە هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە.
لێپرسراوەكەی حزبوڵا داوای لەو كەسانە كرد جۆرێك لە هەڵوێستی نیشتمانییان هەبێت و دوای ئەو كەسانە نەكەون كە تەنیا خەریكی هاواركردن و دروستكردنی ژاوەژاون.
سەبارەت بە پرسی چەكدانانی گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی، لێپرسراوە ئەمنەكەی حزبوڵا رایگەیاند؛ پێشوازی لە بڕیاری ئەو لایەنانە دەكەن كە لە دەرەوەی بەرەی مقاوەمەن و دەیانەوێت چەك دابنێن.
ئاماژەی بەوەش كرد كە پێویستە چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت بۆ ئەوەی ببێتە مایەی بەهێزتركردنی ئاسایش، سەقامگیری، ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی عیراق.بەڵام سەبارەت بە چەكدانانی گرووپەكانی مقاوەمە، ئەبو موجاهید عەساف تەئكیدی كردەوە كە لەم قۆناغەدا جیهاد ئەركێكی ئایینییە.
ڕاشیگەیاند، لەبری ئەو لایەنانەی بڕیاریان داوە چەك دابنێن، ئەوان بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی جیهاد و پاراستنی ئەو ڕێچكەیە.