بەهۆی رێژەی زۆری بارانبارینی ئەمساڵەوە، ئاوی گلدراوە لە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی پلانێكی زانستی و هاوبەش لەگەڵ بەغداد دەكرێت بۆ چۆنیەتی بەكارهێنان و بەردانەوەی ئەو ئاوە لە وەرزی هاویندا بۆ كەرتی كشتوكاڵ، خواردنەوە و بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا.
لەو بارەیەوە رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 9 ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەكانی هەرێم گلدراوەتەوە، كە هەر لەسەرەتای وەرزی باران بارینەوە بەشێك لە بەنداوە بچووكەكان پڕبوون و بەنداوە گەورەكانی وەك دەربەندیخان ماوەیەكی زۆرە ئاوی لێبەردەدرێتەوە و بەڵام بەنداوی دووكان هێشتا سەرڕێژ نەبووە و بەنداوی گۆمەسپانیش رێژەیەكی باشی ئاوی كۆكردووەتەوە بەڵام ناگاتە ئاستی پڕبوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەت بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق، لە مانگی 6ـەوە بەرنامەی هاوینەی بەنداوەكان دەستپێدەكات بەپێی پلانێكی زانستی و بەگوێرەی پێویست بۆ خواردنەوە، كشتوكاڵ و بەرهەمهێنانی كارەبا.
ئەو بەنداوانەی ئاویان لێكۆكراوەتەوە بریتین لە 22 بەنداوی بچووك و مامناوەند و 3 بەنداوی گەورە ئەوانیش، دووكان، دەربەندیخان و دهۆك هەروەها بەنداوەی گۆمەسپان كە یەكێكە لە بەنداوە گەورەكان.