راوێژكارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕایدەگەیەنێت، كەرتی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان گەشەكردنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ساڵانە ڕووبەرێكی فراوان بۆ ئەو مەبەستە بەكاردێت.
بە وتەی هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمیش، ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان 700 هەزار تۆن پەتاتەیان هەبووە و پێشبینی دەكەن ئەمساڵ زیاتر بێت.
ڕزگار حەمەد خدر، راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان راگەیاند، ساڵانە لەنێوان 60 بۆ 100 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی كوردستان بە پەتاتەی خواردن و ئەوەی دەدرێتە كارگەكان، دادەچێنرێت.
ڕاشیگەیاند، ساڵی ڕابردوو بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بۆ پەتاتەی خۆراكی 700 هەزار تۆن بووە لە هەردو وەرزی پایزە و بەهارەیدا.بە وتەی رزگار حەمە خدر ، ساڵی ڕابردوو بەرهەمی پەتاتەی پیشەسازی 175 هەزار تۆن بووە لە رێگەی گرێبەستەوە بە حەوت كارگە لە هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت، كە لەسەدا 60٪ـی پێداویستیی كارگەكان دابین دەكات كە ساڵانە پێویستیان بە 260 بۆ 280 هەزار تۆن پەتاتەی پیشەسازی هەیە بۆ فینگر و جیپس
ڕاوێژكارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشكرد، زۆربەی كارگەكان گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاران هەیە كە بە هاوبەشی كاردەكەن بۆ بەرهەمی پەتاتەی پیشەسازی.
ئەوەشی دووپاتكردەوە، كارگەكانی بەرهەمی فینگر و چیپس خۆیان شەتڵ و زانیاری لەبارەی بەهێزكردنی بەرهەمی پەتاتەی پیشەسازی دەدەنە جووتیاران، چونكە راستەوخۆ بەرهەمەكانیان لە كارگەكانەوە لێ وەردەگیرێت و ئەو جووتیارانەشی بەرهەمی پەتاتەی پیشەسازی دەچێنن لە ڕێگەی گرێبەستەوە، لەگەڵ كارگەكاندا مامەڵە دەكەن، چونكە بەرهەمی پەتاتەی پیشەسازی لە بازاڕدا نافرۆشرێت.
هاوكات هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێم گەشەكردنێكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و پێشبینی دەكرێت ئاستی بەرهەمهێنانی ئەمساڵ، ڕێژەی ساڵی رابردوو كە 700 هەزار تۆن بوو تێپەڕێنێت.
لە كاتێكدا پێداویستی ناوخۆیی تەنیا نیوەی ئەو بەرهەمەیە، بەشەكەی تری ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عیراق و وڵاتانی كەنداو دەكرێت ،هیوا عەلی ئاماژەی بەوەشكرد بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی جووتیاران، لەگەڵ حەوت كارگەی پیشەسازیی خۆماڵی گرێبەستیان كردووە بۆ كڕینەوەی بەرهەمی پەتاتە بۆ فینگر و چپس.