ماڵپەڕی "ئەكسیۆس"ی ئەمریكی بڵاویكردەوە، دانوستانەكان لەگەڵ ئێران زۆر ماندووكەرنو تائێستا پێشكەوتنێكی گەورەیان بەخۆوە نەبینیووە، ئاماژەی بەوەش كردووە، دۆناڵد ترەمپ بێزار بووەو پێشنیازی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی گەورەی كۆتایی كردووە بۆ راگەیاندنی سەركەوتن و كۆتاییهێنان بە جەنگ.
ماڵپەڕی ئەكسیۆس لە لێپرسراوێكی ئەمریكییەوە رایگەیاندووە: دانوستانەكان زۆر ماندووكەرن و رەشنووسەكان رۆژانە دەستاودەست دەكرێن بێ ئەوەی پێشكەوتنێكی بەرچاو هەبێت. هەروەها سەرچاوەیەكی نزیك لە دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: سەرۆكی ئەمریكا لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر بێزار بووەو ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی گەورەی وەك كۆتا هەنگاو خستووەتەڕوو.
لە لایەكی دیكەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، سەردانەكەی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاكستان، بەواتای گەیشتن بە قۆناغێكی یەكلاكەرەوە لە دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا نایەت، بەقایی ئاماژەی بەوە كرد، پرسی گەرووی هورمز و ئەوەی واشنتۆن بە "گەمارۆی دەریایی" ناوی دەبات، دەبێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت، هەروەها وتیشی: لە ئێستادا باسی وردەكارییەكانی دۆسیەی ئەتۆمی ناكەین و سەرنجمان لەسەر كۆتاییهێنان بە جەنگە لە هەموو بەرەكان، لەوانەش لوبنان.