حكومەتی عیراق دەستی بەسەر سەروەت‌ و سامانی كۆڕەك تیلیكۆمدا گرت

کوردستان 03:18 PM - 2026/05/23

بەلیغ ئەبو كەلەل، سەرۆكی دەزگای جێبەجێكاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق رایدەگەیەنێت، كۆمپانیای كۆڕەك سەروەت‌ و سامانی پێویستی نەماوە بۆ دانەوەی قەرزەكانی و بڕیارەكانی دادگاش بە قازانجی ئەوان بەهای یاساییان نییە. 

بە وتەی سەرۆكی دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عیراق، هیچ بڕە پارەیەكی كۆمپانیای كۆڕەك لە ئەستۆی دەستەكەیان نییە‌و ئەو بڕیارەی دادگا كە باس لە قەرەبووكردنەوەی كۆمپانیاكە دەكات، لە دادگایەكەوە دەرچووە كە پسپۆڕ و تایبەتمەند نییە بەو بوارە، هەربۆیە بڕیارەكە هیچ بەهایەكی یاسایی نییە، چونكە دەستەكەیان تانەی لە سەرجەم ئەو بڕیارانە داوە‌و لەبەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكاندا سكاڵاكانی بردووەتەوە. 

دەشڵێت، پرسی كۆمپانیای كۆڕەك و یەكلاكردنەوەی كێشەكانی بە ئاگاداری و هەماهەنگیی لایەنە رەسمییەكان بووە. ئەو لایەنانەش بریتین لە دەستەی دەستپاكی، دیوانی چاودێری دارایی، ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەیەكی تایبەت كە بە فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عیراق بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە پێكهێنراوە.

سەبارەت بە دەست بەسەرداگرتنی سەرجەم پارە گواستراوە‌و نەگواستراوەكانی سەر بە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، سەرۆكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان دەڵێت، لە 3 ساڵی رابردوودا گفتوگۆیان لەگەڵ بانكە عیراقییەكان كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو سەروەت و سامانانەی بە ناوی كۆمپانیاكەوە بووە، ئێستاش دەستەكە توانیویەتی سەرجەم سەروەت و سامانە داراییەكانی كۆڕەك بەدەستبهێنێت.

هەروەها تەئكیدی  كردەوە، ئێستا كۆمپانیای كۆڕەك خاوەنی سەروەت، سامان و خانووبەرەی پێویست نییە تا بتوانێت ئەو پابەندبوونە داراییانە جێبەجێ بكات كە لێی داواكراوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە كۆمپانیاكە لە ڕووی داراییەوە توانای دابینكردنی ئەو بڕە پارانەی نەماوە كە وەك قەرز لەسەریەتی.

لەمانگی ئایاری  2023 دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق ئاشكرایكرد، سكاڵایەكیان لە دژی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم لە دادگا بردۆتەوە كە كۆمپانیاكە ناچار دەكات بڕی  800  ملیۆن دۆلار بخاتە سەر خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی،

هەروەها چوار بڕیاری لەدژی كۆمپانیاكە دەركردووە، لەبەرئەوەی مۆڵەتی كاركردنی لە  30  ئابی  2022  بەسەرچووە و سەرەڕای هەموو گفتوگۆكان لەگەڵیدا بەڵام ئامادە نەبووە قەرزەكانی بداتەوە بە حكومەتی عیراق. یەكێك لە بڕیارەكان كە لە دژی ئەو كۆمپانیایە دەركراوە بڕینی پەیوەندی نێوان كۆڕەك بوو لەگەڵ هەردوو كۆمپانیا ڕكابەرەكەی كە ئەوانیش كۆمپانیای ئاسیا سێل و كۆمپانیای زینە، ئەم بڕیارەش لە یەكی تشرینی دووەمی  2023  جێبەجێ كرا، هەروەها یەكێك لە بڕیارەكانی تر قەدەغەكردنی مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی سیمكارتی كۆمپانیاكە بوو.




بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو