خۆشبەختانە هەستی بەرپرسیارێتی گەنجان بەرامبەر بە ژینگە بەردەوام روو لە زیادبوونە، لەو چوارچێوەیەدا خوێندكارێكی زانكۆ لە قەزای تەق تەق لە سنووری پارێزگای هەولێر، لەسەر ئەركی خۆی، هەڵمەتێكی نەمام رواندنی لە شەقامێكی سەرەكی قەزاكە ئەنجامدا.
هەڵمەتەكە بە هاوكاری و هەماهەنگی راستەوخۆی بەڕێوبەرایەتی شارەوانی و قائیمقامیەتی قەزای تەق تەق بەڕێوەچوو، بووە هۆی رواندنی دەیان نەمام بە ئامانجی جوانكردنی سیمای ناوچەكە و زیادكردنی رووبەری سەوزایی.
خاوەنی هەڵمەتەكە و لایەنە پەیوەندیدارەكان پەیامێكی هاوبەش ئاراستەی هاووڵاتیان دەكەن، ئەوان داوا لە هەموو لایەك دەكەن كە هاوكار و پشتیوان بن لە پاراستنی ئەو نەمامە نوێیانە و بەشداربن لە چاودێریكردنیاندا، بۆ ئەوەی پێكەوە ژینگەیەكی تەندروستتر و ناوچەیەكی سەوزتر بۆ داهاتووی تەق تەق دەستەبەر بكرێت.