قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کەرکوک لەگەڵ ژمارەیەک لە وەرزشوانانی شارەکە کۆبووەوە و بەڵێنی پێدان هاوکار و پشتیوانیان دەبێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە(7/5/2026) بەڕێوەچوو، پاش گوێگرتن لە بۆچوون و داواکاریی وەرزشوانان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند لە ماوەی رابردوودا یەکێتی بەرنامەیەکی تۆکمەی بۆ پێشخستن و پشتگیریکردنی بواری وەرزش ئامادە کردووە و لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەشدا گرنگی دەدرێت بە کەرتی وەرزشی کەرکوک و بەهێزکردنی ژێرخانی وەرزش لە شارەکەدا.
لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال راشیگەیاند لەگەڵ ئەوەدایە وەرزشوانان ئەستێرەی کۆمەڵگابن نەک سیاسییەکان. هەربۆیە چ وەک خۆی و چ وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەموو کارێک دەکەن بۆ پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی وەرشوانان و بەڵێنی پێدان پشتگیری هەموو یانە وەرزشییەکانی کەرکوک بکات.
سەبارەت بە وەرزشی ژنانیش جەختیکردەوە پێشخستنی وەرزشی ژنان لە بەرنامەی یەکێتیدایە و ئامانجیانە ژنانی وەرزشوانی کەرکوک و کوردستان لە پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا بدرەوشێنەوە.