دەستەی كەشناسی پێشبینی دەكات هاوینی ئەمساڵی عیراق زۆر گەرم بێت و رەنگە پلەكانی گەرما-ش 50 پلەی سەدی تێپەڕێنن.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسی عیراق رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی سیستەمی پەستانی هەواوە، كەشوهەوا لە وەرزەكانی زستان و هاویندا گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، هاوینی ئەمساڵی عیراق زۆر گەرم دەبێت و پلەكانی گەرما لە وەرزی هاویندا، دەگەنە 50ی پلەی سیلیزی یان سەروو 50 پلە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور لە مانگەكانی حوزەیران، تەممووز و ئابدا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسی عیراق ئاماژەی بەوەكرد، هەرچەندە لە وەرزی زستانی رابردوودا بارانبارین و دابەزینی پلەكانی گەرما هەبوون، بەڵام وەرزی هاوینی عیراق بە یەكێك لە سەختترین وەرزەكان دەمێنێتەوە و ئەوەش كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوا و هەندێك هۆكاری پێویستی لەسەرە، لەوانە دەردانی گازەكان، كەمیی رووبەرە ئاوییەكان، كەمبوونەوەی رووپۆشی سەوزایی و پشتێنەی سەوز و تێكدانی زەوییە كشتوكاڵییەكان، كە ئەمانەش هۆكارگەلێكن و لە هەموو وەرزێكدا هەن.