قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی روسیا کۆبووەوە

کوردستان 09:38 PM - 2026/04/29


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ماکسیم روبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە لەبارەی دۆخی ناوچەکە و عێراق گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(29/4/2026) لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ناوچەکە و قۆناغی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران کرا. هەردوولا هیوایان خواست لەم قۆناغەدا ئەو دوو وڵاتە بتوانن لەڕێگەی دیپلۆماسی و دانووستانەوە ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دۆخی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لەم دۆخە پڕ لە گرژییەی ناوچەکەدا هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و راسپاردنی سەرۆکوەزیران هەنگاوێکی ئەرێنییە و هیوای خواست سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو سەرکەوتووبێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت و عێراق بە دوور بگرێت لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە.

بە پێویستیشی زانی حکومەتی نوێ هەوڵی جدی بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بەپێی دەستوور بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو