بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی بە ئامادەبوونی کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامان و بەرپرسانی سەرجەم لقەکەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کۆبوەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاکسازی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کراوە، کە لە ساڵی 2023وە بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، دەستکراوە بە جێبەجێکردنی.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاش گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ورد، دەرکەوتووە، پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیایەک پێشتر نزیکەی دوو مانگی دەخایاند و 31 هەنگاوی پێویست بوو، کورتکراوەتەوە بۆ 24 سەعات و بە شێوەی ئۆنلاینیش تۆمار دەکرێت، جگە لەوەش تێچووی تۆمارکردن بۆ 160 هەزار دیناری عیراقی کەمکراوەتەوە.
ڕاگەیەندراوەکە دەشڵێت، چاکسازییەکان ئاسانکارییەکی زۆریان بۆ گەنجان و ژنان کردووە و لە دوو ساڵی رابردوودا ڕێژەی تۆمارکردنی کۆمپانیا لەلایەن ژنان و گەنجانەوە زیادی کردووە.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا ووتویەتی، دانانی یەکەی تۆماری کۆمپانیاکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ بە نیشتمانیکردنی کۆمپانیاکانی هەرێم و ئاسانکاریی زۆری کردووە لە پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکاندا.
ڕاشیگەیاندووە، پرۆسەی چاکسازی لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی چاکسازی لە کابینەی نۆیەمدا و کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لە گەشەپێدانی ئابووریی کوردستاندا.
جێگری سەرکۆکوەزیران بەڵێنیداوە، هەنگاوی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە بریتییە لە بە ئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان، هاوکار و پشتیوانیان دەبێت لە چارەسەرکردنی هەر کێشە و گرفتێک کە ڕووبەڕوویان ببێتەوە.