وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە پۆستی سەرۆك كۆمارەوە نییە و لای یەكێتی ئاڵوگۆڕی پۆست پڕۆسەیەكی دیموكراسییە، راشیدەگەیەنێت، هەندێك لایەن بە ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك شڵەژاون، دەپرسین ئەگەر لە خەمی ئەو پۆستەدا بوون بۆ كورد، بۆ دەنگیان بە رێبوار تەها نەدا؟ بۆ پیرۆزباییان لێنەكرد؟ بۆ سكاڵایان لەسەر تۆمار كرد؟
.
كاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرباری دژایەتی و نەبوونی بودجە، رێبوار تەها توانی خزمەتێكی باش بە كەركوك و كەركوكییەكان بكات. وتیشی، بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سوپاسی رێبوار تەها و تیمەكەی و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكەین، لەبەرئەوەی توانیان وێنەیەكی جوان لە پێكەوە ژیان و ئاشتی و سەقامگیری و لەسەر سیاسەتی جەنابی سەرۆك مام جەلال لە كەركوك پێشكەش بكەن.
وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەسەر بنەمای رێككەوتنێكە كە بەر لەدوو ساڵ كراوە، ئێمەش حزبێكی راستگۆین، سیاسەت لای ئێمە بریتییە لەڕاستگۆیی و پابەندین بەو رێككەوتنەی كە كردوومانە، لەئایندەیەكی نزیكیشدا دەردەكەوێت كێ باشە و كێ جاشە.
لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وتی، لەسەر بنەمای كورسی گفتووگۆی كابینەی نوێ دەست پێدەكات.