سوپای پاسدارانی ئێران، بڕیارێکی نوێی بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەرکرد و ڕێڕەوێکی جێگرەوەیان دیاری کرد، ئەمەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لە مەترسیی "مینڕێژکردن".
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سوپای پاسداران دەبێت کەشتییەکان لەمەودوا ڕێڕەوی باکوور و باشووری "دوورگەی لارک" بەکاربهێنن کە نزیکترە لە کەناراوەکانی ئێران.
ئێران هۆشداریی داوە کە ئەگەری هەبوونی "مین" لە ڕێڕەوە ئاساییە کۆنەکەدا هەیە، بۆیە بۆ ڕێگری لە هەر پێکدادان و تەقینەوەیەک، پێویستە کەشتییەکان ڕێڕەوەکەیان بگۆڕن.
ئەم هەنگاوەی تاران لە کاتێکدایە کە تەنها چەند کاتژمێرێک پێش تەواوبوونی مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی دوو هەفتەیی.
گەرووی هورمز کە لە سەرەتای مانگی ئازارەوە داخراوە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی وزە لە جیهاندا و ئێستاش تاران مەرجی نوێ بۆ کردنەوەی دادەنێت.
گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان بۆ نزیک کەناراوەکانی ئێران، کۆنترۆڵی سەربازیی تاران بەسەر گەرووەکەدا زیاتر دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە وەفدی دانوستانکاری ئێران بۆ تاوتێکردنی وردەکارییەکانی ئاگربەستەکە گەیشتووەتە ئیسلام ئاباد.