گەشتە ئاسمانییەكانی عیراق دەستپێدەكاتەوە

کوردستان 01:50 PM - 2026/04/08

   
لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریكا و ئێران، دوای چەند هەفتەیەك لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی عیراق،بڕیاردرا جارێكی تر گەشتە ئاسمانییەكانی عیراق  دەستپێبكاتەوە.
بەهۆی ئەو ئاگربەستەی كە شەوی حەوت لەسەر هەشتی ئەم مانگە لە نێوان ئێران و ئەمریكا بە نێوەندگیری پاكستان راگەیەندرا،دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی عیراق بڕیاردا ئاسمانی عیراق و هەرێمی كوردستان بەڕووی گەشتە ئاسمانیەكان بكەنەوە ، بۆ ئەو مەبەستەش فرۆكەخانەكانی هەرێم خەریكی ئامادەكارین بۆ رێكخستنەوەی خشتەی گەشتی كۆمپانیاكانی هێلی ئاسمانی،  لە ماوەی 72 سەعاتی داهاتوودا  فرۆكەخانەكان لە هەرێم ئامادە دەبێت بۆ پێشوازی كردن لە گەشتیاران.هاوكات فرۆكەخانەی كەركوكیش لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوودا گەشتەكانی دەستپێدەكاتەوە.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانیش بڵاویكردەوە،بەپێی ئەو ئاگاداری نامەیەی لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراقی گەیشتۆتە فڕۆكەخانەكە،لە ئەمڕۆوە ئاسمانی عیراق بەڕووی جوڵەی فڕۆكەوانیدا بۆ گەشتەئاسمانییەكان كراوەتەوە، وابڕیاریشە هێڵە ئاسمانییەكان بەپێی پلانی خۆیان دوایی رێكخستنەوەی خشتەی گەشتەكانیان، بە زووترین كات گەشتە ئاسمانییەكانیان لە (فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی) دەستپێبكەنەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەهۆی  ئەم راگرتنەوە عیراق زیانێكی ماددی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، چونكە پێشتر لەرۆژانی ئاسایدا نزیكەی 800 فڕۆكە دەهاتن و دەچوون و  كرێی یەك فڕۆكەش كە ئاسمانی عیراق تێپەڕێنێت 450 دۆلار بووە، ئەمەش بەو مانایەیە لە ماوەی شەڕ و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، عیراق رۆژانە  360 هەزار دۆلار لە رۆژێكدا زیانی پێگەیشتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو