(کورد و عەرەب) کتێبێکی بەدبەخت
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ناوی خۆی لەسەر یەکەم چاپی کتێبی (الاکراد والعرب)ی ساڵی ١٩٣٧ نەنووسیوە و بە ناوی (دەستەیەک لە لاوانی کورد- لفریق من الشباب الکرد)ەوە بڵاوکراوەتەوە.
کاتێک لەسەر داوای سەفارەتی تورکیا کتێبەکە کۆکراوەتەوە و سێ کەس (ئیبراهیم ئەحمەد، هەمزە عەبدوڵڵا و ئیسماعیل مەلا عەلی) دراونەتە دادگا، ئەوسا لە دادگا خۆی وەکو نووسەری کتێبەکە ناساندووە.
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت: (کتێبی الاکراد والعرب کتێبێکی بەدبەخت دەرچوو...) ئەو مەبەستی لەو چیرۆک و بەسەرهاتەیە، کە لە ئەنجامی نووسین و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەدا تووشی بووە.
درێژەی بابەت
ئامادەکردن: بوار نوورەدین
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ناوی خۆی لەسەر یەکەم چاپی کتێبی (الأکراد والعرب)ی ساڵی ١٩٣٧ نەنووسیوە و بە ناوی (دەستەیەک لە لاوانی کورد- لفریق من الشباب الکرد)ەوە بڵاوکراوەتەوە. کاتێک لەسەر داوای سەفارەتی تورکیا کتێبەکە کۆکراوەتەوە و سێ کەس (ئیبراهیم ئەحمەد، هەمزە عەبدوڵڵا و ئیسماعیل مەلا عەلی) دراونەتە دادگا، ئەوسا لە دادگا خۆی وەکو نووسەری کتێبەکە ناساندووە. مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت: (کتێبی الأکراد والعرب کتێبێکی بەدبەخت دەرچوو...) ئەو مەبەستی لەو چیرۆک و بەسەرهاتەیە، کە لە ئەنجامی نووسین و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەدا تووشی بووە.
رێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن بە بۆنەی یادی ئەمساڵی کۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، کتێبێک بە ناونیشانی (کتێبی الأکراد والعرب-ی ئیبراهیم ئەحمەد- لێکۆڵینەوە و بیبلیۆگرافیا) بڵاودەکاتەوە، کە (بوار نوورەدین- بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوەی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن) ئامادەی کردووە و بەدبەختییەکی تری کتێبی ناوبراوی دۆزیوەتەوە، کە تەنها یەکەم چاپی ساڵی ١٩٣٧ی تەواوە و ئەوانی تری ناتەواون. لێکۆڵینەوەکە ٨٦ لاپەڕەیە و بەم شێوەیە ڕێکخراوە: پێشەکیی ئامادەکار/ بۆچی ئەم کاتەم هەڵبژارد: ئیبراهیم ئەحمەد/ یەکەم تەوەرە: لێکۆڵینەوە لە چاپ و وەرگێڕانەکانی کتێبی (الأکراد والعرب)/ بابەتی (بنەمای زێڕین) بە هەموو ئەو زمانانەی کتێبی (کورد و عەرەب)یان پێ بڵاوکراوەتەوە/ دووەم تەوەرە: بیبلیۆگرافیای کتێبی (الأکراد والعرب).
لە یەکەم تەوەرەی لێکۆڵینەوەکەدا، وردەکاری و ناتەواویی هەموو چاپەکانی کتێبی (الأکراد والعرب) خراونەتەڕوو، هەروەها بەو ئەنجامە گەیشتوە، کە کتێبەکە بە زمانی عەرەبی ١٠ جار، بە زمانی کوردی چوار جار، بە زمانی تورکی و فارسیش یەکی یەک جار چاپ کراوە. لە دووەم تەوەرەشدا بیبلیۆگرافیای بۆ هەموو چاپەکان ئامادە کردووە و وێنەی بەرگی چاپەکان و زانیاری و پێڕستی هەموویانی خستووەتە روو.
دوای پێشەکیی ئامادەکار، پێشەکییەکەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بە زمانی کوردی دانراوە، کە ساڵانی ١٩٩٠-١٩٩١ بە زمانی عەرەبی بۆ سێیەم چاپی کتێبی (الأکراد والعرب)ی نووسیوە، پێشەکییەکە پێشتر دوو جار بە زمانی عەرەبی لە ئەوروپادا بڵاوکراوەتەوە و زۆر کەم بینراوە، بەتایبەتی لە کوردستاندا، تەنها لەو چوار چاپەی کتێبەکەدا دانراوە، کە ساڵی ٢٠٢٥ (ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن) بە زمانەکانی عەرەبی، تورکی، فارسی و کوردیی کرمانجیی لاتینی بڵاوی کردوونەتەوە.
ئیبراهیم ئەحمەد: کتێبی «الأکراد والعرب» کتێبێکی بەدبەخت دەرچوو...
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەو پێشەکییەدا دەڵێت: (ئەوەی ڕاستی بێت پێویست بوو ئەم کتێبە ساڵی ١٩٨٧ چاپ بکەمەوە، واتە بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٥٠ ساڵ بەسەر یەکەم چاپکردنیدا، هەر کاتێکیش بیرم لێ دەکردەوە، بەردەوام ڕووبەڕووی چەند بیرکردنەوەیەک دەبوومەوە، نەک هەر بەرامبەر ئەو کردەوە دڕندانەی دیکتاتۆر سەددام حسێنی پارێزەری شکۆی عرووبە، کە لەو کاتەدا دژی گەلی کورد دەیکردن و بە کوشتنی بەکۆمەڵ و ڕاگواستن و تەعریب دەستی پێ کرد و بە بەکارهێنانی گازی ژەهراوی و چەکی کیمایی کۆتایی پێ هێنا، بەڵکو ئەو پشتگیری و لایەنگیرییەیش، کە لە لایەن زۆربەی دەوڵەتەکانی عەرەبەوە بە دەستی هێنابوو، بۆ ئەو کار و کردەوە ناڕەوایانەی، کە هەروەکو بڵێی دژی ئیسرائیل و ڕزگارکردنی قودس بیانکات. ئەم هەموو هەڵوێستە هەڵە و ناڕەوایانەی، کە لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی و ئیسلامیش نەبوون، هیچ شتێکیان لە بڕوابوونم بە برایەتیی عەرەب و کورد نەگۆڕی، کە پێویستییەکی چارەنووسسازە. لەبەر ئەم هۆیانە لەو بارودۆخەدا چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەمم بە پێویست نەزانی و بۆ چارەنووس و ڕۆژگارم بەجێ هێشت. دوای چاوەڕوانییەکی درێژ، وتەی شاعیرەکە هاتەدی، کە دەڵێ: خوا هەر کاتێک ویستی بەندەی سەربخا- دوژمنەکانی دەکاتە هۆکاری سەرکەوتنی.)
کتێبی کورد و عەرەب، لە سەروبەندێکی پڕ ململانێ و کێشمەکێشدا، بە زیرەكی و وریاییەوە نووسراوە...
کتێبی کورد و عەرەب، لە سەروبەندێکی پڕ ململانێ و کێشمەکێشدا، بە زیرەكی و وریاییەوە نووسراوە، کە تەنها ٢٩ لاپەڕە و ٥٠٠٠ وشەیەکە، بەڵام دەنگدانەوە و لێکەوتەی زۆری بەدواوە بووە. کتێبەکە لە ١٢ بابەت پێکهاتووە و ١١ بابەتیان، لێکۆڵینەوە و روونکردنەوەن و دوابابەتیشی (بنەمای زێڕین)ە، کە کرۆک و پەیام و ئەنجامی کتێبەکەیە، هەروەها دیدگا و تێڕوانینی ٨٩ ساڵ لەمەوبەری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەخاتە روو، کە لەو کاتەدا تەمەنی تەنها ٢٣ ساڵ بووە. ناتەواویی سەرەکیی ١٥ چاپی کتێبی (الأکراد والعرب)یش، دوابابەتی کتێبەکەیە، کە لە هەندێ چاپدا هەر دانەنراوە و لە هەندێکیشیاندا تەنها بەشێکی کەمی دانراوە، هەروەها زۆربەی چاپەکانی کتێبی (الأکراد والعرب) بە زمانی عەرەبی نۆبەتی چاپکردنەکەیان بە هەڵە لەسەر نووسراوە.
ناتەواویی سەرەکیی ١٥ چاپی کتێبی الأکراد والعرب بابەتی بنەمای زێڕینە...
یەکەم چاپی ساڵی ١٩٣٧ لە چاپخانەی نەجاح لە شاری بەغدا چاپ کراوە و نۆبەتی چاپ و ناوی نووسەریشی لەسەر نەنووسراوە و بە ناوی (کۆمەڵێک لاوی کورد)ەوە بڵاوکراوەتەوە،
29 لاپەڕەیە بە پێوانەی 13×20 سم.
دووەم چاپی، رەحمەتیی مام جەلال تاڵەبانی پێشەکییەکی درێژ و بەپێزی بۆ نووسیوە و ساڵی ١٩٦١ لە چاپخانەی سەڵاحەدین هەر لە بەغدا چاپ کراوە و دووەم چاپی لەسەر نووسراوە، ٣٠ لاپەڕەیە بە پێوانەی 1٤×20 سم.
سێیەم چاپی دەزگای دارالحکمة لە لەندەن چاپی کردووە و ساڵ و ناوی چاپخانە و نۆبەتی چاپی لەسەر نەنووسراوە، ٥٣ لاپەڕەیە بە پێوانەی 1٤×20 سم. بەپێی کرۆکی ئەو پێشەکییەی نووسەر بۆ کتێبەکەی نووسیوە، پێ دەچێت ساڵانی ١٩٩٠-١٩٩١ چاپ کرابێت، چونکە سەردەمی داگیرکردنی وڵاتی کوێتە لە لایەن سەدام حسێنەوە. لە پاشکۆکەیدا هەندێ بابەت و هۆنراوەی نووسەری تری بە زمانی عەرەبی لەبارەی کوردەوە تێدایە.
چاپێکی تری ساڵی ١٩٩٨ لە وڵاتی سوید بە پشتیوانیی (کۆمەڵەی گەلی کورد) چاپ کراوە، ٦٠ لاپەڕەیە بە پێوانەی 1٤×20 سم. پێشەکییە نوێکەی نووسەر دانراوەتەوە و لەسەر داوای نووسەر مامۆستا (عومەر شێخ مووس)یش پێشەکی بۆ ئەم چاپە نووسیوە. هەروەکو چاپەکەی دار الحکمة، لە پاشکۆکەیدا هەندێ بابەت و هۆنراوە بە زمانی عەرەبی دانراون.
چاپێکی تری ساڵی ١٩٩٨ لە لایەن (دەزگای بڵاوکەرەوەی ئارارات)ەوە لەژێر ناونیشانی (زنجیرەی بووژاندنەوەی گفتوگۆی عەرەبی- کوردی) چاپ کراوەتەوە و سێیەم چاپی لەسەر نووسراوە و ناوی چاپخانە و شوێنی لەسەر نەنووسراوە، ٨٤ لاپەڕەیە بە پێوانەی 1٢×١٧سم. ناونیشانی کتێبەکە بە هەڵە نووسراوە: الکرد والعرب.
دەزگای ناوەندیی راگەیاندنی (ی.ن.ک.) لە چاپخانەکەی خۆیاندا ساڵی ٢٠٠٤ لە شاری سلێمانی چاپیان کردووە، ٣٤ لاپەڕەیە بە پێوانەی 1٥×٢١ سم. لەسەر بەرگی دواوە نووسراوە: چوارەم چاپ، هەروەها لە ناسنامەی ئەم چاپەدا نووسراوە: یەکەم چاپ ١٩٣٧، دووەم چاپ ١٩٦١، سێیەم چاپ بە پێشەکیی عومەر شێخ مووس ساڵی ١٩٨٨ لە وڵاتی سوید چاپ کراوە، کە ساڵی سێیەم چاپ بە هەڵە نووسراوە. ئێمەیش شوێن هەڵەکەی ئەوان کەوتووین و لەو روونکردنەوەیەی ساڵانی ٢٠٢٢-٢٠٢٥ بۆ چەند چاپێکی ئەم کتێبەمان نووسیوە و ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن چاپی کردوون، ساڵی ١٩٨٨مان بۆ چاپەکەی سوید نووسیوە.
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاك ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری سلێمانی چاپی کردووە و لەسەری نووسراوە: پێنجەم چاپ، ٣٤ لاپەڕەیە بە پێوانەی 1٥×٢١ سم.
مامۆستا رەفیق ساڵح لەگەڵ کۆمەڵێک بابەتی تردا بە ناونیشانی (كتابات في المسئلة الكردية- الجزء الأول) ئامادەی کردووە و و بنکەی ژین ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری سلێمانی و لە چاپخانەی شڤان چاپی کردووە. کتێبی کورد و عەرەب دووەم بابەتی ئەم کتێبەیە و لە لاپەڕەکانی ٧١-٩٤دا دانراوە. لە ناوەرۆکی پێنجەم لاپەڕەدا، ناونیشانی کتێبەکە بە هەڵە نووسراوە: الأکراد والعراق.
ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش، ساڵی ٢٠٢١ لەگەڵ کۆبەرهەمەکەی و ساڵی ٢٠٢٥یش بە پێشەکیی چاپەکەی دەزگای دارالحکمةی لەندەنەوە، چاپی کردووەتەوە و کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد)یش لە پاشکۆی کتێبەکەدا دانراوە.
بە پێشنیاز و پشتگیریی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش، ناوەرۆکی چاپەکەی ساڵی ٢٠٢٥ی کتێبی کورد و عەرەب، بۆ سەر زاراوەی کرمانجیی لاتین، زمانەکانی تورکی و فارسی وەرگێڕراوە و هەرسێکیان ساڵی ٢٠٢٥ چاپ و بڵاوکراونەتەوە:
یاسین حسێن لە زمانی عەرەبییەوە بۆ سەر زاراوەی کرمانجیی لاتینی وەریگێڕاوە و ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش بە هاوکاریی دەزگای لیس لە تورکیادا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
بەرناس قەرەژداغی لە زمانی عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی تورکی وەریگێڕاوە و ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش بە هاوکاریی دەزگای لیس لە تورکیا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
کتێبی (کورد و عەرەب) لە لایەن دوو وەرگێڕەوە بۆ سەر زمانی کوردیی ناوەڕاست وەرگێڕراوە، کە یەکێکیان دوو جار چاپ کراوە:
بە ناوی خوازراوی (رێبەر)-ەوە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو بە تیراژێکی کەم بڵاوکراوەتەوە، کە پێمان وایە رەحمەتیی (ئومێد ئاشنا) وەریگێڕاوە.
رێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش، ساڵی ٢٠٢١ وەرگێڕانەکەی ئومێد ئاشنای لەگەڵ کۆبەرهەمەکەیدا چاپ کردووەتەوە.
نەرمین عوسمان وەریگێڕاوە و ساڵی ٢٠٢٤ لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپ کراوە و وەکو بڵاوکراوەی (ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە) بڵاوکراوەتەوە.
سامان سلێمانی لە وەرگێڕانە کوردییەکەی بە ناوی خوازراوی (رێبەر)-ەوە بڵاوکراوەتەوە، بۆ سەر زمانی فارسی وەریگێڕراوە و ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش چاپی کردووە.
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بەم شێوەیە باسی چیرۆکی یەکەم چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی (کورد و عەرەب)ی کردووە: (هەر پاش بڵاوكرانەوەی، پۆلیس کەوتنە بازاڕ و هەموویان لە دووكانەكاندا كۆکردەوە و بردیان. لە زانكۆ خەریکی ئیمتیحاندان بووم، پۆلیس هات بە دوامدا و گرتیانم. «هەمزە عەبدوڵڵا و سمایل مەلا عەلی»یشیان بە ناحەق تێوە گلاندبوو، بە حیسابی ئەوەی، کە هاوبەشن لە نووسینی ئەو نامیلکەیەدا، چونکە لەسەر نامیلکەکە نووسرابوو: «لفريق من الشباب الكرد». باش بوو لەوەدا پیاوەتییان کرد، هێشتیان بچم ئیمتیحانەکەم بدەم. كتێبی «الاكراد والعرب» کوردایەتییەکی تۆخی تێدا نەبوو، کوردایەتییەکی بە ئینساف، واتە داوای مافی ڕەوای کورد دەكا، وەكو هى خەڵكى دیكە، ئەگەر شتێک هەبێ و ناوی بەخت بێ، لام وایە نەك هەر گیاندار بەڵکو بێگیانیش دەگرێتەوه. ئەم كتێبە بەدبەخت دەرچوو، لەسەری درام بە مەحكەمە. کۆمۆنیستەکان کتێبەکەی منیان بە کوردایەتی و ناسیۆنالیستانە لە قەڵەم دا و قسەی خراپیان پێ دەوت، حکوومەتی عیراقیش بە جیاوازیخوازی دانا، کەچی تەنانەت تەنيا وشەیەکیش چییە، باسی عیراقی تێدا نييه. لەپاشان لە مەحكەمەدا بۆم دەرکەوت، کە لەسەر ڕاپۆرت و داوای سەفارەتی تورکیە، کتێبەکە کۆکراوەتەوە و منیش گیراوم. محامییەکەیشم تۆفیق بابانی(١) برای جەمال بابان (٢) بوو. کاتێک هاتە سەر باسی کتێبەکەی من، کە زۆربەی قسە بە تورکیە بوو و جگە لەوە قسەیەکی دیکەم بە کەس نەوتبوو. حاکم قەراری دا و وتی: (ئەم کتێبە ئەوەندە دۆستانە و برایانە نووسراوە بەرانبەر بە عەرەب، حەق وابوو حكومەت نەك هەر موسادەرەی نەكا، بەڵکو دەبوو فرمانی بکردایە لەپێناوی بەهێزکردنی برایەتیی کورد و عەرەبدا، لە قوتابخانەکاندا بخوێنرێت)(٣).
(٩٩٪ی ئەو کتێبە لەبارەی کوردەکانی تورکیاوەیە)
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە چاوپێکەوتنێکیدا بەم شێوەیە باسی کتێبی (کورد و عەرەب)ی کردووەتەوە: (دوای ١٩٣٧، کتێبێکم بە ناوی الأکراد والعرب بڵاوکردەوە. ئێستەیشی لەگەڵدا بێ، بیر لە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە دەکەمەوە. ٩٩٪ی ئەو کتێبە لەبارەی کوردەکانی تورکیاوەیە. پەیوەندیی کورد و تورک لە تورکیادا. هۆکاری نووسینی کتێبەکەم ئەمە بوو، کە ئەو سەردەمە ڕۆژنامەنووسێکی عەرەب، لەبارەی پرسی ئەسکەندەروونەوە، نووسیبووی: «ئەگەر کوردەکانی نیشتەجێی ئەسکەندەروونە و کەلکیلیا دەنگیان بە تورکەکان نەدایە، کەلکیلیا و ئەسکەندەروونە نەدەدرا بە تورکیا.» لەبەرئەوەی ئەو بیرکردنەوەیەم بە هەڵە زانی، کتێبێکم لەبارەی پەیوەندیی کورد و تورک لە تورکیا نووسی. هەوڵم دا باس لە ڕادەی خراپیی پەیوەندیی کورد و تورک بکەم. بەو هۆیەوە ئاماژەم بۆ پێویستیی زۆرتر گونجاندن و هاوئاهەنگیی پەیوەندیی کورد و عەرەب کرد. بیرۆکەی بنەڕەتیی کتێبەکەم ئەمە بوو، ئەگەر میللەتان بیانەوێ بە ئاشتی و برایەتیی بژین، ئەوە تەنها کاتێک ئەو ئاشتییە دێتە دی، کە هەر میللەتێک لە دونیایەکی ئازاددا بێت. بە کورتییەکەی لەو سەردەمەدا هۆشیارییەکی کوردستانی هەبوو. بەو هۆیەوە بوو، من لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکی عەرەبدا کتێبێکم لەسەر کوردستانی تورکیا نووسی. پاشان هەندێ هاوڕێی عەرەبم، پاشکویان بۆ ئەو کتێبە زیاد کرد و ویستیان بڵاوی بکەنەوە، وایان نیشان دا، کە بەرگریم لە دامەزراندنی وڵاتێکی وەکو سویسرا لە عیراقدا کردووە. منیش پێم وابوو، ئەوە مومکین نییە، چونکە فڕەنسییەکانی سویسرا وەکو فڕەنسییەک، ئیتاڵییەکانی وەکو ئیتاڵییەک دەژین. بەڵام ڕامگەیاند، کە کوردەکان هیچ دەوڵەتێکیان نییە، لەبەرئەوە دواکارییەکەیانم ڕەت کردەوە).(٤)
کتێبی کورد و عەرەب بە زمانی تورکی و کرمانجیی لاتینی لە تورکیا بڵاوکرایەوە...
دوای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی (کورد و عەرەب) بە زمانی تورکی و کرمانجیی لاتینی لە تورکیا، رۆژانی ١٨-٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ پیشانگەیەکی کتێب لە شاری ئامەد-دیاربەکری باکووری کوردستان، بە بەشداری ٨٠ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە کرایەوە، هەردوو ئەندامی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن (راسان موختار و بوار نوورەدین) لەسەر داوای (دەزگای لیس) ئێوارەی یەکەم رۆژ لە چوارچێوەی چالاکیی پیشانگاکەدا، سیمینارێکیان لەبارەی ئەم کتێبەوە بە زاراوەی کرمانجیی ژووروو پێشکەش کرد.
بەدبەختییەکی تری کتێبی (الأکراد والعرب) ئەوەیە، کە جگە لە یەکەم چاپی ساڵی ١٩٣٧، چاپکراو و وەرگێڕانەکانی تری هەموویان ناتەواون، ناتەواوییەکەیش دوابابەت (القاعدة الذهبية- بنەمای زێڕین)-ە یە، کە لە هەندێکیاندا تەنها یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە، لە هەندێکیشیاندا هەر دانەنراوە.
* دووەم چاپی ساڵی ١٩٦١: بابەتەکە هەر دانەنراوە. هەروەها هەڵەیەکی تریش کراوە و لە لاپەڕە ٢٤دا ناونیشانێک دانراوە (الأكراد يثورون مرة أخرى في سبيل استقلالهم)، کە ناونیشانی بابەت نییە و بەشێکە لە بابەتی پێشتر. ناونیشانی ناوبراو لە چەند چاپێکی تریشدا گەورە و تۆخ کراوە: سێیەم چاپی لەندەن، ل.٢٨، چاپەکەی وڵاتی سوید، ل.٣٣ و چاپەکەی دەزگای ئارارات، ل.٦٢.
* سێیەم چاپی دەزگای دارالحکمةی لەندەن: تەنها یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە.
* چاپەکەی ساڵی ١٩٩٨ی وڵاتی سوید: تەنها یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە.
* چاپەکەی ساڵی ١٩٩٨ی (دەزگای بڵاوکەرەوەی ئارارات): تەنها یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە.
* چاپەکەی ساڵی ٢٠٠٤ی دەزگای ناوەندیی ڕاگەیاندنی (ی.ن.ک.): تەنها یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە.
* چاپەکەی ساڵی ٢٠٠٨ی ناوەندی راگەیاندنی خاک: تەنها یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە.
* کتێبەکەی بنکەی ژینی ساڵی ٢٠٠٨: بابەتی ناوبراو دانەنراوە.
لە هەردوو وەرگێڕانەکەی سەر زمانی کوردیی ناوەڕاست (ئومێد ئاشنا و نەرمین عوسمان)دا، بابەتی ناوبراوی تێدا نییە. دووەم وەرگێڕ ئاگاداریی وەرگێڕانەکەی ئومێد ئاشنا و ئەو پێشەکییەیش نەبووە، کە نووسەری کتێبەکە بۆ چاپەکەی لەندەنی نووسیوە. هەروەها لە هەموو ئەو چاپانەی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن بە زمانی عەرەبی چاپی کردوون، بەوانەیشی بۆ سەر زمانەکانی تورکی و کرمانجیی لاتینی وەرگێڕراون، تەنها یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە و لە فارسییەکەیشدا هیچی دانەنراوە، چونکە لە کوردییەکەی ساڵی ٢٠٢٢-ە وەوە وەریگێڕاوە.
لە کاتی ئامادەکردنی وەرگێڕانەکەی رەحمەتیی ئومێد ئاشنادا، تاکو لەگەڵ کۆبەرهەمەکەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەی بکەینەوە، هەستم کرد کێشەیەک هەیە، کە ئایا دوابابەتی کتێبەکە بۆ وەرنەگێڕراوە؟! لە روونکردنەوەیەکیشدا، کە بۆ چاپی ناوبراوم نووسیوە، بەم شێوەیە ئاماژەم پێ کردووە: (لە کاتی بەراوردکردن و ئامادەکردنەوەی ئەم کتێبەدا، هەندێ سەرنج لەسەر سیپارەکە هەبوو، تەنانەت دوابابەتی «القاعدة الذهبية»یش وەرنەگێڕراوە)(٥).
بۆچی دوو وەرگێڕ، هەمان بابەتیان بواردووە؟!
کاتێک وەرگێڕانەکەی بەڕێز (نەرمین عوسمان)یشم بینی، دووبارە سەرم سووڕما، ئایا دوو وەرگێڕ، کە لە دوو سەردەمی جیاوازدا کتێبەکەیان وەرگێڕاوە، هەمان بابەتیان بواردووە؟! بێگومان پڕکاری و سەرقاڵی، هەروەها نەساغیم لە کۆتایی ٢٠٢٤-ەوە... ڕێگەی پێ نەدام زۆرتری لێ بکۆڵمەوە و هیچ ئەنجامێکی تر بەدەست بهێنم، ئەمەیش بەو واتایە نایەت، کە منیش هەڵەم نەکردووە، بەڵکو منیش بەشێکی بەرپرسیارێتیی ئەم ناتەواوییەم دەکەوێتە سەر شان، بەتایبەتی لەو چاپانەدا، کە ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن چاپی کردوون و پشتگیریی وەرگێڕانەکەی کردوون.
کاتێک (دەزگای لیس) داوای لێ کردین لە پیشەنگای کتێبی ڕۆژانی ١٨-٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ی شاری ئامەددا سیمینارێک لەبارەی کتێبی (کورد و عەرەب)-ەوە پێشکەش بکەین، لەبەر گرنگیی چالاکییەکە، لێکۆڵینەوەم لە هەموو چاپەکانی کتێبەکە کرد، ئەوسا ئەم بەدبەختی و ناتەواوییەم بۆ دەرکەوت. لەو لێکۆڵینەوەیەی لەبارەی کتێبی (کورد و عەرەب) کردوومانە، کە بڕیارە وەکو کتێبێکی سەربەخۆییش چاپ بکرێت، بە شێوەیەکی فراوانتر ئەم وردەکارییانەمان پێشکەش کردووە.
هەڵەکە لە دووەم چاپی ساڵی ١٩٦١-ەوە دەستی پێکردووە...
هەڵەکە لە دووەم چاپی ساڵی ١٩٦١-ەوە دەستی پێ کردووە، کە تەواوی بابەتەکەی بواردووە، لەکاتێکدا دوو چاپەکەی لەندەن و سویدیش، کە بە ئاگاداریی نووسەر چاپ کراون، تەنها یەک بڕگەی بابەتەکەیان تێدایە، هەروەها سەیرە لە کتێبەکەی (بنکەی ژین)یشدا دانەنراوە، کە یەکەم چاپی کتێبەکەیان لەلایە و لای ئەوان دەستمان کەوتووە. ئیتر ئەم هەموو هەڵە و ناتەواوییە (بەدبەختی) نەبێت چییە؟
لە کۆتاییدا بە پێویستمان زانی لەگەڵ ئەم پاشکۆیەدا، بابەتی (بنەمای زیڕین) بە زمانی کوردی بڵاوبکەینەوە، کە لە لێکۆڵینەوەکەیشدا بە هەموو زمانەکانی عەرەبی، تورکی، فارسی و کرمانجیی لاتینی بڵاومان کردوونەتەوە:
بنەمای زێڕین
(ئەو بنەما سەرەکییەی، کە پێویستە نەک هەر لە نێوان گەلانی کورد و عەرەب، بەڵکو لە نێوان هەموو گەلانی سەر زەویدا، پەیوەندی لەسەر بونیات بنرێت، کە بەبێ ئەوەیش ئاشتیی جیهانی و برایەتی و هاریکاریی گەلان، دەستەواژەگەلێکی بەتاڵ و پووچن، ئەمەیە: ددانپێدانانی هەر نەتەوەیەک بە نەتەوەیەکی تر، لە مافی سەربەخۆبووندا، سەربەخۆییەکی کرداریی تەواو، نەوەکو سەربەخۆییەکی رووکەش لە چوارچێوەی سنوورە سروشتییەکەیدا، هەروەها ددانپێدانان بە سەروەریی تەواو لە بەڕێوەبردنی هەموو کاروبارێکی تایبەتی و گشتیدا. رێکخستنی پەیوەندیی نێوان گەلان، رێکخستنێکی ئارەزوومەندانەیە و ئەبێ مەبەست لێی یارمەتی بێت و بە خێروخۆشیش بۆ مرۆڤایەتی بگەڕێتەوە. ئەمانەیش لەسەر بنچینەی ئازادی و یەکسانی بن، پێویستە هەر گەلێک بەپێی توانای خۆی، لە چاککردنی باری ئابووری و بووژاندنەوەی کەلتوورەکەیدا، یارمەتیی گەلانی تر بدات، تاکو بتوانێت لە بونیاتنانی تەلاری مەدەنیەتی جیهانی و دەستەبەرکردنی دیموکراتیی گشتیدا، بەشــــدار بێت).(٦)
گەلانی ژێردەستە دەتوانن بەرەی یەکگرتووی خۆیان دژی داگیرکەر دابمەزرێنن...
ئەمە ئەو بنەما زێڕینەیە، کە پێویستە حکوومەت ددانی پێدا بنێت و گەلانێش هەوڵی بەدیهێنانی بدەن، ئەگەر بیانەوێ رێککەوتن و ئاشتی جێگەی جەنگ و دڕدۆنگی بگرێتەوە و سیستمی کۆڵۆنیالیزم لەناوببرێت، کە گەلانی داگیرکراو و داگیرکەران وەکویەک پێوەی دەناڵێنن. تەنها لەسەر ئەم بنەما رەوایە، گەلانی ژێردەستە دەتوانن بەرەی یەکگرتووی خۆیان دژی داگیرکەر دابمەزرێنن. بەڵی تەنها ئەم بنەمایە رێککەوتنی نێوانی عەرەب، کورد، تورک و فارس دەستەبەر دەکات، تاکو لە رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر و لەناوبردنیدا، هاوکاریی یەکتر بکەن.
ئەوە ئەو سیاسەتەیە، کە بە شێوەیەکی گشتی تایبەتە بە هەردوو گەلی کورد و عەرەب، کە پێویستە هەریەکێکیان هەڵوێستی چۆن بێت بەرامبەر ئەوی دیکە. سەبارەت بەو سیاسەتەیش، کە هەنووکە هەلومەرجی پەیوەندییەکانی نێوانی کورد و عەرەب سەپاندوویانە، بەو پێیەی لە دەوڵەتی عیراقدا دوو پێکهاتەی گرنگن، هەروەها پەیوەستبوونمان بە دەستووری عیراق و دڵسۆزیمان بۆ نیشتمانی عیراقی خۆشەویست، ئەوەی بەسەردا سەپاندووین، کە هەوڵ بدەین بۆ پتەوکردنی رایەڵەکانی برایەتی و هاودەمی لە نێوان رەگەزە جیاوازەکانی عیراقدا و دژایەتیی هەر شتێک بکەین، کە بۆنی دووبەرەکی لێ بێت.
داخوازییەکانی گەلی کورد -ئەگەرچی ئێمە ئەوە باس ناکەین- بەڵام هیچ خراپەیەکی تێدا نییە ئەگەر بڵێین: ئەو داخوازییانە بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ داخوازیی خەڵکی عیراقدا جیاواز نین، کە بریتین لە پێویستیی ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووری لە پێناوی چاککردنی بژێویی جووتیاران و کرێکاران و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی هاووڵاتییاندا، هەروەها بە شێوەیەکی بەرفراوان نەخوێندەواری و هەژاری و نەخۆشییەکان بنبڕ بکرێن.
نەک هەر لەبەرئەوەی پەیوەندیی بە هۆشیارکردنەوەی کولتوورییەوە هەیە، چونکە هەرچەند کوردەکان زۆر بە کەلتوری عەرەبی سەرسامن و گرنگی پێ دەدەن، بەڵام دەخوازن پەرە بە کەلتووری تایبەتیی خۆیشیان بدەن، ئەمەیش جێبەجێ نابێت، تاکو زمانی کوردی لە ناوچەکانی کوردنشیندا، نەبێتە زمانی خوێندنگە و فەرمانگەکان. ئەم داوا رەوایە، کە بریتییە لەو پڕۆژەیەی دەستووری عیراقیش پشتگیری دەکات و بەرژەوەندیی هەردوو گەلی عەرەب و کوردیش دەیخوازێت، بریتییە لە داخوازیی جێبەجێکردنی (یاسای زمانی ناوچەکان) بە شێوەیەکی گشتگیر، هەروەها برەودان بە ئەدەبیاتی زمانی کوردی لە لایەن وەزارەتی مەعاریفەوە.
هیوامان زۆرە، کە وەزارەتی پاش کودەتا(٧) وەڵامی ئەم داخوازییانە بداتەوە، کە وەزارەتەکانی پێشوو یەکبەدوایەکدا و بەردەوام، گفتی وەڵامدانەوەیان پێ دابووین.
لە کۆتاییدا داوا لە هەردوو گەلی عەرەب و کورد دەکەین، کە پارێزگاری لە هاوکاری و برایەتیی نێوانیان بکەن، هەروەها دژی داگیرکەر و کۆڵۆنیالیزم پێکەوە هەنگاو بنێن، چونکە هەردووکیان هاوڕێگان لە هەنگاونان بەرەو ڕزگاری).
ساڵی ١٩٤٩ بڕیاری قەدەغەکردنی گۆڤارەکانی گەلاوێژ و یادگاری لاوان لە تورکیا دراوە
ئامادەکار لە لێکۆڵینەوەکەیدا وردەکاریی تر و زانیاریی نوێی لەبارەی کتێبەکە و نووسەرەکەیەوە خستووەتە روو، بەتایبەتی بەڵگەنامەیەکی ساڵی ١٩٤٩ی دەوڵەتی تورکیا، کە بە واژۆی سەرۆکی حکوومەت و ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری قەدەغەکردنی گۆڤارەکانی (گەلاوێژ و یادگاری لاوان) دراوە(٨).
پەراوێز:
1 - تۆفیق رەشید عەبدوڵڵا خالید ئەحمەد پاشای بابان (١٩٠٤ خانەقین-١٩٧١ سلێمانی) سەرەتا لە کفری و پاشان کۆلێژی حقوقی لە بەغدا تەواو کردووە. سەرەتا پارێزەر بووە و دواتر فەرمانبەری وەزارەتی داد و ناوخۆ بووە لە سلێمانی، چەمچەماڵ، خالیص و فەلوجە، ماوەیەکیش بەوەکالەت موتەسەڕیفی رومادی بووە، دوای ئەوە هەر لە بەغدا پارێزەری کردووەتەوە و ساڵی ١٩٦٠ بۆ دەستەی کارگێڕیی سەندیکای پارێزەرانی عیراق هەڵبژێرراوە. ساڵی ١٩٦٦ خانەنشین بووە. (ئەم زانیارییانە لە ڕێگەی هاوڕێمان دێرین بابان لە ئەیسەری کچی خوالێخۆشبوو وەرگیراوە.)
2 - (١٨٩٣-١٩٦٦ لوبنان) خوێندن و ساڵی ١٩١٤ کۆلێژی حقووقی لە بەغدا تەواو کردووە، سەرەتا لە سلێمانی دادوەر و ئەندامی (کۆمەڵەی زانستیی کوردان)یش بووە. لە خولی دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا، ساڵی ١٩٣٠ بە نوێنەری هەولێر و لە حەوت خولی تریش بە نوێنەری هەولێر، مووسڵ و سلێمانی هەڵبژێرراوەتەوە، شەش پۆستی وەزیری وەرگرتووە، هەروەها وەکو ئەندامی ئەنجومەنی پیران هەڵبژێرراوە. تەمووزی ١٩٥٨ عیراقی بەجێهێشتووە و لە لوبنان ژیاوە. بڕوانە: جەمال بابان، بابان لە مێژوودا و گەورەپیاوانی بابان، بڵاوکراوەی ناوەندی ئەندێشە، یەکەم چاپ، چ: ئەندێشە، سلێمانی، ٢٠١٨، ل.٥١٨-٥١٩.
3 - د. عەبدوڵڵا مەردۆخ، چەند یادگارێكی مامۆستا برایم ئەحمەد، بڵاوكراوەی بنكەی ژین و ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاك، چاپی یەكەم، چ: كارۆ، سلێمانی، 2010، ل.٦٦-٧١.
4 - بڕوانە: چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد- دووەم بەش، ڕۆژنامەی کوردستان پرێس(Kurdistan PRESS)، ژ.٤٨ی ڕۆژی ١٧/١١/١٩٩٨، ل.٦-٧. چاوپێکەوتنەکە ئابی ١٩٨٨ لە لەندەن کراوە و بە زمانی تورکی و پێنج بەش بڵاو کراوەتەوە. ناوی رۆژنامەنووسەکە لەسەر رۆژنامەکە نەنووسراوە و لە رێگەی بەڕێز (چەتین چیکۆ)ەوە زانرا، کە ئەم چاوپێکەوتنە خوالێخۆشبوو (عابید گورسەس ١٩٥٧ بدلیس- ١٢/٦/٢٠٢٢ ستۆکهۆڵم- سوێد) ئەنجامیداوە. ئەم چاوپێکەوتنە د. سامان مستەفا وەریگێڕاوە و بڕیارە لەگەڵ چەند دیدارێکی تردا بڵاوی بکەینەوە.
5 - بڕوانە: کۆبەرهەمی ئیبراهیم ئەحمەد، سێیەم کتێب: کورد و عەرەب، بڵاوکراوەی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن، چاپخانەکانی ئێران، ٢٠٢١، ل.١٠.
6 - ئەم بەشەی بابەتەکە، کە خراوەتە دوو کەوانەوە، ئەو بڕگەیەیە، کە لە چەند چاپێکی کتێبی (کورد و عەرەب)دا دانراوە.
7 - بەو حکوومەتە دەگوترێت. کە بە کودەتا هاتووەتە سەر حوکم، هەروەها پێشی دەگوترێت: حکوومەتی دوای شۆڕش.
8 - ئەم بڕیارنامەیەمان لە ڕێگەی د. سامان مستەفا ڕەشید ئینجاغا دەستکەوتووە و هەر خۆیشی بۆ سەر زمانی کوردی وەریگێڕاوە، سوپاسی دەکەین.