بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ بارودۆخی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ راگەیاند، کە تێیدا ئاماژە بە بارینی بارانی بەهارە و لێزمەبارانی کورتخایەن دەکات.
کەشناسی رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە ، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری بارانبارین هەیە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.
لە هەندێک ناوچە باران بە شێوەی "گەواڵە بارانی" کورتخایەن و لێزمە دەبێت کە هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت، پلەکانی گەرما 1 تا 3 پلە بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە ببینن.
هاوکات، سبەینێ هەینی، ئاسمان بە نیمچە هەوری دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەندێک کاتدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، چانسی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان، سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سۆران زیاتر دەبێت و لەو ناوچانە بارانەکە بە شێوەی لێزمەباران و هەورە تریشقەی بەهێز دەبێت.