رۆژنامەیەكی ئەمریكی داواكانی وڵاتەكەی لە ئێران ئاشكرادەكات

عیراق 11:08 AM - 2026/02/27

دوای خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە جنێڤ كە رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو، رۆژنامەیەكی ئەمریكی داواكارییەكانی ئەمریكا لە ئێران ئاشكرادەكات.

چاوەڕوان دەكرێت بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عوممان، كە وڵاتەكەی ناوبژیوانی ئەمریكا و ئێران دەكات، ئەمڕۆ چاوی بە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا بكەوێت، هەموو هەوڵەكانی عوممان بۆ ئەوەیە شەڕ لە ناوچەكە دووربخاتەوە.

دوای تەواوبوونی خولی سێیەمی دانوستانەكان لە جنێڤ كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ڤییەنا دەستپێبكاتەوە، عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمریكا بە چڕی بەڕێوەچوون‌و بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیووە، ئێستاش لە هەمووكات زیاتر جددیین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی دیبلۆماسی.

چەند جارێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ ئێران نەكەن بژاردەی تریان دەبێت، ئەمەش ترسی لای وڵاتان دروستكردووە كە جەنگێكی فراوان ناوچەكە بگرێتەوە، بەوپێیەی ئەمریكا هێزێكی زەبەلاحی لە ناوچەكە كۆكردووەتەوە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی، لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، دانوستانكارەكانی ئەمریكا لە جنێڤ فشاریان لە ئێران كردووە بۆ جێبەجێكردنی ئەم دواكارییانە، یەكەم هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بنكە ئەتۆمییەكانی فۆردۆ و نەتەنز و ئیسفەهان. دووەم هەموو ئەو بڕە كۆگاكراوەی یۆرانیۆم كە هەن دەبێت كۆبكرێتەوە و تەسلیمی ئەمریكا بكرێن. سێیەم كۆتوبەندی هەمیشەییە، بەشێوەیەك پیتاندن دەبێت بۆ هەمیشە بوەستێت.

لەبەرامبەردا لێخۆشبوونی سنوردار دەدرێت بە ئێران، دەكرێت كوورە ئەتۆمیەكانی ئێران پیتاندن لە ئاستێكی زۆر نزمدا بۆ مەبەستی پزیشكی ئەنجامبدەن. هەروەها سوككردنی مەرجداری سزاكان، ئەوەش تەنها لە حاڵەتێكدا دەبێت كە ئێران بە تەواوی پابەند بێت.

بەڵام بەرپرسێكی ئێرانی رایگەیاندووە، پێشنیازەكانی ئەمریكایان رەتكردووەتەوە كە داوای راگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆمیان كردووە، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی دامەزراوە ئەتۆمییەكان و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو