نزیكەی 20 هەزار كەس لەكەمپی هۆلی سوریا هەڵاتوون

کوردستان 03:58 PM - 2026/02/22

زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا ئاشكرایدەكەن، 15 بۆ 20 هەزار كەس لەكەمپی هۆلی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا هەڵاتوون و ئەندامانی رێكخراوی داعشیان تێدایە و لە ناوچە جیاوازەكان بڵاوبوونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەكان، كەمتەرخەمی هێزەكانی حكومەتی سوریاو تێكچوونی ئاسایشی كەمپی هۆل دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو دەستیان بەسەردا گرتووە، بەتایبەتی لە دەوروبەری كەمپەكە، هۆكاری هەڵاتنی زیندانییەكانە.
سەرچاوەیەك لەحكومەتی سوریا رووداوەكەی پشتڕاستكردەوەو ئاشكرایكرد، زۆرینەی دانیشتووانی كەمپەكە رۆژی 20ـی كانوونی دووەم و لەماوەی 5 سەعاتدا هەڵاتوون، ئەمەش هاوكات بووە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و مانەوەی كەمپەكە بەبێ پاسەوان.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی رۆیتەرز، پێش رووداوەكە كەمپی هۆل 6 هەزار و 639 خێزانی تێدابووە، ژمارەیان 23 هەزار و 407 كەس بووە و 6 هەزار و 280 كەسیان بیانی بوون، بەڵام كەمتر لە هەزار خێزان لە كەمپەكەدا ماونەتەوە، هەڵهاتووەكان توانیویانە لەرێگەی بۆشاییەكانی ناو سیاجەكەوە هەڵبێن، بەشێكیان لەسەرانسەری سوریادا بڵاوبوونەتەوەو بەشێكیشیان بەشێوەیەكی نایاسایی گەیشتوونەتە عیراق و توركیا، دەسەڵاتدارانی ئەمنی یەكەیەكیان بۆ بەدواداچوونی داواكراوە مەترسیدارەكان پێكهێناوە.
لەوبارەیەوە جیهان حەنا، بەڕێوەبەری پێشووی كەمپەكە رایگەیاندووە، زۆرینەی ئەوانەی هەڵاتوون بیانییەكان بوون، ئەو خێزانانەش كە لەكەمپەكە ماونەتەوە هەڵگری رەگەزنامەی سورین و بڕیارە بۆ كەمپێك لەشاری حەلەب بگوازرێنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو