دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای عیراق لە كەركوك هەڵیكوتایە سەر ماڵێكی كورد لەگەڕەكی نەورۆز و داوایان كرد، ماڵەكەیان چۆڵ بكەن، راستەوخۆ رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، هاتە سەر خەت و سوپای لەو گەڕەكە كشاندەوە.
لەوبارەیەوە رێبوار تەها رایگەیاند، لەدوای ئاگاداركردنەوەیان لەوەی هێزێكی سوپای عیراق چوونەتە گەڕەكی نەورۆز، پەیوەندییان بەهێزەكەوە كردو سوپای عیراقیان لەو گەڕەكە كشاندەوە.
ئاماژەی بەوە شكرد، هەوڵێكی جددی دەدەن بەپێی بڕیاری 320 خانووەكانی گەڕەكی نەورۆز لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ بكەن و ، پشتیوانی لە دانیشتووانی ئەو گەڕەكەش دەكەن و هەوڵی تەواو دەدەن بۆ ئەوەی كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكەن.
سوپای عیراق ئەو خانووانەی گەڕەكی نەورۆز بە موڵكی خۆی دەزانێت، لە كاتێكدا پێشووتر ئەو خانووانە كوردی تێدابوون. كێشەی نێوان خاوەنی ئەو خانووانە و سوپا لە دادگایە و تائێستا یەكلایی نەبووەتەوە.