پرسی سیستمی ئەسیكۆداو باجی گومرگی، هۆكارە بۆئەوەی بەغداد رێگە نەدات بەرهەمە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان بڕوات بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراق.
هەرچەندە بەپێی رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و عیراق، لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانی هەرێم، عیراق ئەو بەرهەمانە سنووردار دەكات و بەپێچەوانەشەوە، واتە لەسەر بنەمای رۆژمێری كشتوكاڵی رێككەوتوون، بەڵام بەغداد دۆسییەی جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆداو باجی گومرگی بەستۆتەوە بەرێگریكردن لە بەرهەمەكانی ناوخۆ.
لەوبارەیەوە رزگار حەمە خدر، راویژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەغداد رەزامەندی نیشانداوە مریشكی بەستوو لەبەڕازیلەوە هاوردە بكرێت، بەڵام بەرهەمی ناوخۆی پەلەوەری هەرێمی كوردستانی قەدەغە كردووە، كەبەرهەمێكی كوالێتی بەرزە و بەنرخێكی هەرزان دەگاتە دەستیان، ئەمەش پێچەوانەی پاراستنی پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی و رۆژمێری كشتوكاڵییە، كە لەنێوان هەردوولا رێككەوتنی لەسەر كراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كار لەسەر ئەم پرسە دەكەین و تەنانەت ئەو بریارەی بەغداد بە زیانی هاووڵاتیانی عیراق دەگەڕێتەوە، هاوكات فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئابوری عیراق ئاگاداركراونەتەوە، كە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بكەن، چونكە ئەوە لە زەرەری هاووڵاتیان و خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان و هاوڵاتیانی عیراقیشدایە