کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سلێمانی، خوێندنگەی كوردایەتی ‌و پەناگەی ئازادیخوازانە

.

10:18 PM - 20/06/2020

سلێمانی، خوێندنگەی كوردایەتی ‌و پەناگەی ئازادیخوازانە
جەمال ئارێز
هەر كەس بیەوێت مێژووی كوردایەتی بنووسێتەوە و هەڵوەستە لەسەر سەرهەڵدانی خەباتی سیاسی ‌و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی هاوچەرخی كوردستان بكات، نەك ناتوانێت خۆی لە ناوهێنانی سلێمانی ببوێرێت، بەڵكو لەهەر شوێنێكەوە دەستپێبكات، دەبێت بە سلێمانی دەستپێبكات ‌و بە سلێمانیش كۆتایی پێبهێنێت.
بە سیمبولبوونی سلێمانی لە خەباتی كوردایەتی ‌و كوردەوارییەكی ئازاو ئازاددا، كەمكردنەوە نییە لە شەئنی هیچ شارو ناوچەیەكی دیكە و لە هیچ پارچەیەكی كوردستان، بەڵكو دانپێدانانێكی بەویژدانانەیە بە رۆڵی سلێمانی ‌و شۆڕشگێڕان ‌و رووناكبیرانی ئەم شارە لە برەودان بە رێبازی كوردستانیبوون ‌و خوێندنگەیەكی ئیلهامبەخشی كوردایەتیی و كوردەواریی هاوچەرخیش بووە بۆ شۆڕشگێڕان ‌و رووناكبیرانی شارەكانی دیكەو پارچەكانی دیكەی كوردستان.
هەر لەخۆڕا نەبووە كە لەسەردەمی داگیركاریی ئینگلیزەوە لە بیستەكانی سەدەی رابردووەوە، سلێمانی وەك پێگەیەكی ستراتیژیی كوردستانیبوون ‌و مەڵبەندێكی یاخی لە زوڵم ‌و زۆرداریی، حسابی بۆ كراو سەرەڕای چەندین هێرش ‌و پەلامارو سیاسەتی سەركوتكردن، بەناچاریی مامەڵە لەگەڵ سلێمانی وەك مەڵبەندی حوكمداری ‌و مەلیك مەحمودیش وەك حوكمداری سلێمانی ‌و كوردستان دانی پێدانرا.
ئەگەرچی ئەو دانپێدانانە بەمەبەستی رامكردن ‌و كۆیلەكردن بڕیاری لێدرا، بەڵام نەك هەرگیز رام نەكرا، بەڵكو شانبەشانی بەرەنگاریی چەكداریی، لەئاستی رووناكبیریی ‌و رووناكبیرانیشدا لەو كاتەوە سلێمانی بووە پێشەنگی ئەدەب ‌و رووناكبیریی مقاوەمەت، جگە لەوەش هەر سلێمانی لە 6/9/ 1930 داهێنەری خەباتی سیاسیی جەماوەریی بوو لەدژی پێشێلكردن ‌و مافخورانی خەڵكی كوردستان لە پێكهێنانی عیراقدا.
سلێمانی، بەو پێیەی سەنگەری خەباتی چەكداریی بەردەوام بووە لەدژی ستەمی داگیركەرانی ئینگلیز و رژێمی پاشایەتی و ئینتیداب، هەر ئەو رۆڵەی، وایكردووە ببێتە سەنگەری خەباتی سیاسی ‌و ئەدەبی مقاوەمەت، چ وەك پێكهێنانی كایەی حزبایەتی ‌و چ وەك بزووتنەوەی رووناكبیریی ‌و دەركردنی رۆژنامە و بڵاوكراوەی ئەدەبیی هاوچەرخ، لەلایەكی دیكەشەوە سلێمانی بەهۆی ئەو پێگە رەسەنەی كوردایەتییەوە بۆتە پەناگە‌و مەئوای شۆڕشگێڕانی پارچەكانی تری كوردستان ‌و ئیلهامبەخشی خەباتی سیاسی ‌و رووناكبیریی لەسەر ئاستی تاك ‌و رێكخراو.
رابەرانی بزووتنەوەی سیاسی و رووناكبیریی ئەم شارە وێڕای خەباتی نەپساوەی خۆیان بەهەر جۆرێك كە بۆیان رەخسابێت، هەمیشە هاوكارو پشتیوانی شارو ناوچەو پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بوون ‌و بگرە بەشداریش بوون ‌و رۆڵی دیاریشیان هەبووە لە برەودان بەهەر بزووتنەوەیەكی سیاسی ‌و چەكداریی ‌و رووناكبیرییش كە لەو شوێنانەی دیكە كراوە و خەباتەكەیان پەیامێك بووە بۆ هەموو شارو ناوچە و پارچەكانی تر.
دووانەی یەكێتی ‌و سلێمانی
سەرەڕای ئەوەی سلێمانی ئەو پێگە پرشنگدارەی هەبووە لە مێژووی كوردستانیبوون و كوردایەتیدا، بەڵام بەدرێژایی مێژووی خۆی چەندین حزبی تێدا دروستبووە و لە قۆناغێك لە قۆناغە زەمەنییەكانیدا ئەو حزبانە پوكاونەتەوە یان نەماون ‌و یاخود لەناو رەوت ‌و حزب ‌و رێكخراوی دیكەدا تواونەتەوە و شوێنەوارێكیان بەجێنەهێشتووە، بەڵام ئەوەی كە لەسەر بنەمای فیكرو خەباتی ئازایانەو ئازادانە پەروەردە بووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كە سەرەڕای ئەوەی بەشی هەرە زۆری سەركردە و فەرماندە و شەهیدەكانی خەڵكی ئەو شارەو ئەو ناوچانەن، كە لە بازنەی زۆن ‌و نفوزی یەكێتیدان، بەڵام خوێن و خەباتی ئەو تێكۆشەرانەی یەكێتی لە هەموو ناوچە و پارچەكانی كوردستاندا، رژاوە.
ئەم شێوازی خەباتەی یەكێتی وایكردووە كە لەگەڵ سلێمانی بیانكاتە دووانەیەكی لێك دانەبڕاو، لەماوەی رابردووشدا سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵ و پیلانانەی لە یەكێتی و لە سلێمانی كراون و ئەو دۆخ ‌و دژوارییانەشی لە چەند ساڵی رابردوودا بوونەتە ئاستەنگ بۆ یەكێتی لەسەر ئاستی حزبی ‌و حكومی ‌و جەماوەرییش، بەڵام بەجۆرێك خەڵكی سلێمانی و یەكێتی لەگەڵ یەكتری ئاوێتەبوون، زۆرێك لەوانەش كە رەخنە لە یەكێتی دەگرن، دەڵێن: «ئێمە ئومێدمان بە یەكێتی-یە بتوانێت بە درێژەدان بە رێبازەكەی خۆی؛ سلێمانی و هەموو كوردستان لەو قەیرانانە رزگاربكات كە بەبەردەوامی بۆی دروست دەكرێت». بۆیە وەك دەبینین، زۆر هێزو رەوتی سیاسی ‌و لایەنی ناوخۆیی ‌و دەرەكی، هەوڵی ئەوە دەدەن سەربكەونەسەر شەپۆلی ناڕەزایی ‌و یاخیبوونی سلێمانی و سوودی لێ ببینن، بەڵام ماوەیەكی كەم بڕدەكەن ‌و جڵەوی رابەرایەتیی خەبات هەر بەدەست یەكێتی-یەوە دەمێنێتەوەو ماوەتەوە و ئەوانەشی ویستوویانە بەسەر ئەو شەپۆلەوە مامەڵە بكەن، ئازایەتی ‌و ئازادیخوازیی خەڵكی سلێمانی بە شەپۆلەكانی باڵی شكاندوون ‌و لە نیوەی رێگە، شەكەتی كردوون.
سلێمانی بەدرێژایی مێژووی پڕ لە مقاوەمەت ‌و خەباتی خۆی، جگە لە خەباتی كوردستانی، ئامێزێكی گەرمیش بووە بۆ خەباتگێڕانی بەشەكانی دیكەی كوردستان، ئەوەی سەلماندووە كە هیچ بزووتنەوەو رەوتێكی پۆپۆلیست ناتوانێت رامی بكات، بەڵكو تەنها رامكەر ‌و دڵخوازی ئەو هێزەیە كە ئاڵای كوردستانیبوونی هاوسەنگ و كوردایەتیی هاوچەرخی بەدەستەوەیە، كە تا ئەمڕۆش ئەو هێزە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كە نایەوێت دەستوەربداتە شكڵ ‌و شێوەی خەباتی خەباتگێڕانی پارچەكانی دیكەوە، بەڵام ئەوەشی پێ قبوڵ ناكرێت هەندێك كەسی بێ پرەنسیپ ‌و گومانلێكراو بەناوی خەباتی كوردایەتییەوە سلێمانی بكەنە پەناگەیەك و گیرۆدەی بكەن بە كێشەو گرفتی لابەلاوە، بەجۆرێك دۆخەكە لە خەڵكی سلێمانی ‌و كوردستان و خەباتگێڕە راستەقینەكانی كوردایەتیی پارچەكانی دیكەش، بشێوێنن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە