کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

عیراق مەرجەكانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرا دەكات

.

03:28 PM - 22/05/2020

عیراق مەرجەكانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرا دەكات

وەزارەتی دارایی عیراق مەرجەكانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات‌و ماوەی 30 رۆژ دیاری دەكات بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بگەنە رێككەوتن.
(عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی) وەزیری دارایی عیراق لە نوسراوێكی ڕەسمیدا كە ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردوە، داوایكردوە بەمەبەستی پاكتاوی دارایی لەنێوان هەرێم‌و بەغدا‌و بۆ جێبەجێكردنی یاسای كارگێڕی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019، وای دەبینین كە پشت بەم بنەمایانە ببەستین: یەكەم، وەزارەتی دارایی عیراق هەڵدەستێت بە ڕەوانەكردنی بڕی 400 ملیار دیناری مانگی نیسان بۆ هەرێمی كوردستان.
دووەم، نوێنەرانی هەردوو حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێم دەست دەكەن بە گفتوگۆ‌و كۆبونەوەی چڕ‌و پڕ بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر كێشەكان، لەماوەیەكدا كە لە 30 رۆژ تێپەڕ نەكات لە رێكەوتی ئەو ڕۆژەی 400 ملیار دینارەكە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
سێهەم، دیوانی چاودێری دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق‌و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان، هەڵدەستن بە هەژماركردنی داهاتە نانەوتیەكانی هەرێم‌و وردبینی بۆ دەكەن.
چوارەم، دوابەدوای جێبەجێكردنی ئەو رێكەوتنەی لە ئەنجامی كۆبوونەوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵی دەكرێت، قۆناغەكانی دیكەی تەرخانكردنی شایستە داراییەكانی دوای مانگی نیسان ڕەوانە دەكرێت.
لە كۆتایی نوسراوەكەشدا وەزیری دارایی عیراق داوای لە حكومەتی هەرێم كردوە، پاڵپشتی ئەو پێشنیازانە بن بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە