.
10:15 - 26/01/2023
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە بەڕێز حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدیان لە عێراق و جیهان و وەفدی هاوڕێی کە پێکهاتبون لە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و ئاینیی و کەسایەتی دیاری کۆمەڵی ئێزیدی.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە ئێزیدییەکان لە پێکهاتە ڕەسەنەکانن کە قوربانیی گەورەیان داوە لە جەنگی دژ بە چەتەکانی داعش، هەروەها رووبەرووی تاوان و تیرۆر و تۆقاندن بونەتەوە هەر لە تاوانی کوشتن و ئاوارەبوون و رفاندن ، کە ئێستا کاتی ئەوە هاتوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەیام لەگەڵدا بکرێت و چاودێری بکرێن و گرنگی بە هاونیشتمانیانی ئەم پێکهاتە نیشتمانییە بدرێت.
سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کە ئەو تاوانە نامرۆڤانە کاریگەری زۆری لێکردوە کە لەلایەن داعشی تیرۆریستی دەرهەق بە هاونیشتمانیانی بێ دیفاعی ئێزیدیی کراوە ، هەروەها هاوشێوەی ئەو تاوانە دڕندانەی بەسەر شاری هەڵەبجەدا هات لە سەردەمی حوکمی ڕژێمی دیکتاتۆریدا، رایگەیاند هەموان پشتیوانی دۆزی رەوای ئێزیدییەکان دەکەن بۆ پشتیوانی و سەرپێخستنەوەیان لە کارەساتانەی بەسەریان هاتوە.
سەرۆک کۆمار ستایشی پەرلەمانی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی کرد کە تاوانی داعش بەرامبەر گەلی ئێزیدیمان وەک تاوانی جینۆساید ناساند، ستایشی هەڵوێستی جوامێرانەی کردن .
سەرۆک کۆمار داوایکرد هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەهێزتر بکرێن بۆ دەستنیشانکردنی چارەنووسی رفێنراو ونبوانی ئێزدی، هەروەها چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە لە رێگەی هەوڵی کۆمەڵایەتی و قانونی.
سەرۆک لەتیف جەمال رەشید جەختیکردەوە لە سەر پێویستی پەلەکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆیان لە پێناو کۆتاییهێنان بە دۆخی ژیانیان و چۆڵکردنی کەمپەکان و ئاوەدانکردنەوەی شاری شنگال لە زوترین کاتدا، ئاماژەی بەوەشکرد کە داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزیری کۆچ و کۆچبەران کردوە هەوڵی زیاتر لەو بارەیەوە بدات، هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکانی شنگال دەست بکەنەوە بە کارکردن.
لە بەرامبەردا بەڕێز حازم تەحسین بەگ جەختیکردەوە لە پابەندبوونی ئێزیدییەکان لە عێراق بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان و پێداگرییان لەسەر پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان پێکهاتەی عێراق، بە شێوەیەک کە یەکگرتوویی و پەیوەندی نێوان عێراقییەکان پتەوتر بکات و ئاشتی و ئاسایشی مەدەنی بپارێزێت.
سەرۆکی وەفدەکە سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک کۆماری کرد کە بەرپرسیارێتی داکۆکی لە مافەکانی ئێزیدییەکانی گرتۆتە ئەستۆ و پارێزەر و بەدیهێنەری داواکارییەکانیان بێت بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی شاری شنگال و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ خەڵکی شارەکە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە