کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

داگیرکاری شاشەکان

.

02:55 PM - 05/05/2022

داگیرکاری شاشەکان

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

مرۆڤی کورد تەنها لە داگیرکاری ئەو دوژمنەدا دەستە وەستان نییە کە بە چەکی قورس و تفەنگ و بۆمببارانکردن و کوشتنی مرۆڤی کورد درێغی نەکردووە و خاکی کوردستانی داگیرکردووە و بەردەوامیشە لە داگیرکاری، بەڵکو مرۆڤی کورد مرۆڤێکە خۆی بەبێ ئەرک دەبینێت لە ئاست ئەو دوژمنەشدا کە لە شاشەی تیڤییەکانەوە دێتە ناو سنووری خێزانیمانەوە و خەریکە تەواوی بەها پیرۆزەکان و جوانییەکانی خێزانی کورد و کەلتوور و زمانیشمان داگیردەکات، ئەم داگیرکردنە بۆمببارانی لەگەڵ نییە بەڵام جەستەی هونەری و کەلتووریمانی داغان کردووە، فیشەک ناهاوێژێت بەڵام خەریکە زمانمان لە گۆکردن بە کوردی دەخات.

کاتێک مرۆڤی کورد نەیار و دوژمنەکەی تەنها لەیەک شێوەدا ببینێت کە دوژمنێکی داگیرکارە و نیشتمانەکەیی و خاکەکەی داگیردەکات و سەروەت و سامانەکەی بۆ خۆی دەبات، بەهەمانشێوەش پێیوادەبێت خەباتی کوردی و تێکۆشانی نەتەوەیی بریتییە لە چەک هەڵگرتن و چونە شاخ، پێیوادەبێت بۆ تێکشکاندنی دوژمن دەبێت سینگ بە گوللەوە بنێت، بەڵام بێئاگا لەوەی دوژمنێک لە شاشەکانەوە دێت و ڕۆح و زمان و کەلتوورمان داگیردەکات و ناوی (کەلتوور، هونەر، زمان، فەرهەنگ)ی نەتەوەیەکی دیکەیەو دەبێت مرۆڤی کورد دژی بووەستێتەوەو تێکیبشکێنێت و ڕێگری لەم داگیرکارییەش بکات.

وەزیفەی بەرگرییانەی مرۆڤی کورد لە شوناس و فەرهەنگ و گەل و خاکەکەی، ئێستا دوانەییە، لەپاڵ وەزیفەی بەرگریدا بەچەک و بازوو، وەزیفەی ڕۆشنبیریش پێویستە کە چۆن لەڕێگەی تێگەشتن و تێگەیاندنەوە وا لە مرۆڤی کورد بکرێت، ئاسان کەلتوور و زمان و هونەری نەتەوەکانی دیکە بۆ ناو خێزانەکەی شۆڕ نەکرێتەوە و هەرچی مۆرکی کوردیانەی پێوەبێت لە بیری ببرێتەوە. دەبێت ئەم وەزیفە دوانەییە دابەش بکرێت، ئەگەر مرۆڤی کورد لەپێناو بەرگری لەخاک و پیرۆزییەکانی خۆی ئاسان بکوژرێت و لەناو ببرێت بەدەستی دوژمنەکانی، ئەوا نابێت بەکەلتوور و دابونەریت و فەرهەنگی داگیرکەران ئاسان لەناو ببرێت و دابماڵێنرێت لە فەرهەنگ و زمانەکەی خۆی.

بەداخەوە وەک چۆن لە داگیرکاری خاک و نیشتمانەکەماندا دەستکێشی بۆ نەیارو دوژمنەکانمان دەکرێت، بەهەمان شێوە لە داگیرکاری شاشەکانیشدا، تیڤی و میدیامان هەیە دەستکێشی بۆ دراماو هونەرو زمانی داگیرکەران دەکەن و زۆر بە سانایی کاری بۆ دەکەن و پەخشی دەکەن، ئەمەش بۆ لێدان لە زمان و هونەری کوردی و شوناسی کوردی ئەم میللەتەی ناوی کوردە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە