کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی : هەوڵی زیاتر بدەین بۆ پاراستنی ژینگە

.

12:06 PM - 27/09/2021


ئەمرۆ دووشەممە 27/9/2021، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەشداری کرد لەدیداری ژینگەیی سلێمانی کە لە زانکۆی سلێمانی سازکرابوو.

لەمیانی بەشداریکردنی لەپانێڵێکی ئەو دیدارەدا، قوباد تاڵەبانی پلان و بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ گرنگیدان بەژینگە ئاشکراکرد و رایگەیاند: دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت هەماهەنگی بکەن بۆ داڕشتنی پلانی ژینگەیی.

لەبارەی کێشە ژینگەییەکانی ناوچەی تانجەرۆوە لەسلێمانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: سەرچاوەی کێشەکە ئەوەیە کەهەموو خۆڵ و خاشاک و ئاوەڕۆی شارەکە لەوێ کۆدەبێتەوە کەئەمەش سێ بەرنامە بۆ چارەسەرکردنی هەیە، یەکێکیان بەرنامەی درێژخایەنە کەپێویستمان بەوێستگەی پاڵاوتنی ئاوەڕۆیە، کەهەوڵمانداوە جێبەجێ بکرێت، و پرۆژەیەکی ستراتیژییە بەهاوبەشی کەرتی تایبەت و حکومەت دەبێت، بەشی دووەم ریسایکڵینە کەکۆمپانیایەکی خۆماڵی ئەنجامی دەدات خۆشبەختانە لەم قۆناغەدا ٧٠٠ تۆن خاشاک ریسایکڵ دەکرێت، بەشی سێیەمیشی پەیوەندیی بەووردبینی و بەدواداچوونەوە هەیە کەبەرێوەبەرایەتی ژینگە دەتوانێ بەدواداچوون بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکات کەپاشماوە و خاشاکیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بەبوونی بەرنامەیەکی گشتگیرە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لەبارەی گرنگی پاراستنی ژینگەوە.

بەپێی ئامارێکی  رێکخراوی گرین سپیس بۆساڵی 2019، شاری سلێمانی بەیەکێک لەپاکترینی شارەکانی عێراق دانراوە لەڕووی پاکی ژینگە و ئاووهەواکەیەوە، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کەچاوەڕێی لەوە زیاترین بۆ شارەکانمان، دەبێ هەوڵی زیاتر بدەین بۆ پاراستنی ژینگە و چارەسەرکردنی کۆبونەوەی خۆڵ و خاشاک و گرفتە ژینگەییەکانی تر.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: کاری دامەزراوە ئەکادیمی و بەرێوەبەرایەتیەکانی حکومەت و چالاکوانان و کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانە کەهۆشیاری بدەنە سیاسیەکان و ڕای گشتی بۆ گرنگیدان بەژینگە و پاراستنی، و کاربکەن بۆ دارشتنی پلانی نوێ.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: دام و دەزگاکانی حکومەت دەبێ پابەندبن بەرێنماییەکانی پاراستنی ژینگەوە، هاوکات کەرتی تایبەت دەبێ ئاشنای رێنماییەکان بێت و کاتێ بیر لەپرۆژە و وەبەرهێنان دەکەنەوە بیر لەلایەنی ژینگەیی و گونجاندنی پرۆژەکان بکەنەوە لەگەڵ پێودانگە ژینگەییەکان، تا بەهەموان بەشداربین لەپاراستنی پاک وخاوێنی شارەکەدا.

لەکۆتایی پانێڵەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کەفەرهەنگی پاراستنی ژینگە لەماڵەوە دەست پێ دەکات، دەبێ تاک رابهێنرێت لەسەر پاراستنی ژینگە و پاک و خاوێنی شار و ناوچەکەی خۆی، لەمەشدا حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و ناوەندی توێژینەوەکان بەهاوکاری میدیا دەتوانن پێکەوە کاربکەن تا ئەم کێشە ژینگەییانە چارەسەر بکرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە