کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ی.ن.ک لە وێستگەکانی رابردوو و ئێستا

.

06:17 PM - 01/06/2021

بورهان ڕەوف‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە 1/6/1975 وەكو وەڵام و كاردانەوەیەك لە هەمبەر هەرەسی شۆرشی ئەیلول دامەزر، ئەونامەیەی بە نەیارانی بزاڤی ئازادی كوردستان دا كە گەلەكۆمەكێی ئیقلیمی نێودەوڵەتی ناتوانن گەلی كوردستان لە عیراقدا بێدەنگ بكەن و چرای ئومێدیان بكوژێننەوە، بەڵكو بە بیر و بەرنامەی نوێ‌ شۆڕشێكی نوێیان بەرپا كردلەرێگەی پشتبەخۆبەستن و كەڵك وەرگرتن لە هەموو كەموكوورتی و كەلێن و كەلەبەرەكانی شۆرشی پێشوو، كە تا بە مەنزڵ گەیشتن كۆڵیان نەدا، یەكەمجار بوو لەدیرۆكی كوردا شۆڕشێکی چەكداری و دواتر جەماوەری رابەرایەتی بكات تا سەركەوتن، سەرەڕای هەموو بەربەست و ئالەنگارییەكانی ناوخۆ و دەرەوە . یەكێتی لە ساڵی 1991 ئەندازیاری راپەڕین، بەكەڵك وەرگرتن لەو بارودۆخەی كە لە ئەنجامی داگیركردنی دەوڵەتی كوەیت هاتە ئاراوە ،لە لایەن رژێمی عیراقەوە، خوێندنەوەی وردی بۆ روداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە کرد، بە بەرنامەڕێژی ورد و خۆئامادەكردن و سازدانی هێز و رێكخستنەكانی، توانی رابەرایەتی گەورەترین راپەڕینی جەماوەری بكات، كە كوردستانی عیراق بەكەركوكیشەوە لە چنگی بەعسیە خوێنڕێژەكان دەربهێنێت و هەموو دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی لەبەریەك هەڵبووەشێنێتەوە . یەكێتی خاوەنی بیرۆكەی دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 لە دوای ساڵێك لە راپەڕین و بەڕێوەبەرێتی بەرەی كوردستانی، زەمینەسازی بۆ یەكەم هەڵبژاردنی ئازادانە كرد لەگەڵ لایەنەسیاسیەكانی ئەوسای بەرەی كوردستانی، یەكەم پەرلەمان و كابینەی حكومەت پێكهێنرا كە د.فوئاد مەعسوم سەرۆكایەتی كرد . لە دوای ئەوەش سەرەڕای پێداگیری هەندێك لایەنی سیاسی لە سەر ئۆتۆنۆمی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكو خاوەنی یەكەم بیرۆكەی فیداراڵی، سیستمی فیدراڵیشی لە پەرلەمانی كوردستان یەكلایەنە پەسەند كردو و دواتر بوو بە ئەمری واقیع و دەستوری عیراقیش بە رەسمی ناساندی . دواتریش لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرەڕای بەشداری كاریگەر و راستەوخۆ لە حكومڕانی عیراق و نووسینەوەی دەستوورێكی مۆدێرن بۆ عیراق كە بەشی هەرە زۆری ماف و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستانی لە خۆگرتبێت، رابەرە مێژووییەكەی مام جەلال ببێتە یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێراوی عیراق بۆ دوو خولی لە سەریەك تا نەخۆش كەوتنی و كۆچی دوایی . ئەمانە دەستەكەوت و وێستگەی گرنگ و سەركەوتنی ئێجگار مەزنی سیاسین بۆحزبێكی سیاسی كە لە كاروانێكی كورت و پڕ سەروەری و قوربانیداندا بگاتە لووتكەی دەستەڵات و فەرمانڕەوایی عیراق . شەڕی تیرۆر و لیستی شەهیدەكانی یەكێتیی لە هەموو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بەڵگەی گیانفیدایی و قوربانی ئەم حزبەیە بۆ خاكی كوردستان و تۆماری سەروەرییەكانی دەوڵەمەندتركرد، هەرلە كردنەوەی زانكۆی سلێمانی دوای راپەڕین ، دامەزراندنی یەكەم تەلەفزیۆنی كوردی، دەركردنی یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی كوردی تا ئەمرۆش بەردەوامە، دەرهێنانی نەوت لە شیواشۆك و پاڵاوتنی بۆ پێداویستی ناوخۆ، ئازادی رادەربڕین و رەخساندنی زەمینە بۆ دەرچوونی رۆژنامە و گۆڤاری ئەهلی ئازاد، گەلێ داهێنانی تر . ئێستا یەكێتیی دوای كۆنگرەی چواری نوێبوونەوە، كۆمەڵانی خەڵك ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیوە، دانیشتن بەدیار سەروەرییەكانی رابردووەوە كفایەت نییە و وەڵامی خواست و داواكارییەكانی نەوەی تازەپێگەیشتوو ناداتەوە، ئەوانەی پێشوو كار و خەباتی نەوەی پێشوو بوو بۆ گەل و وڵات، ئێستا كە هەرێمی كوردستان گیرۆدەی كێشەگەلی راستەقینەیە، مەودای ئازادی هەڕەشەی مەترسیداری لەسەرە و بەرتەسك دەكرێتەوە، باسی نووسینی دەستوور دەكرێت، چ دەستوورێك و بە خواستی كێ‌؟ گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت، پەلاماردانی سنوورەكانی هەرێم وبێدەنگی حكومەتی عیراق و هەرێم، نەبوونی هاوسەنگی لە دامودەزگاكانی حكومەت و مۆنۆپۆڵكردنی بۆ هێزێكی سیاسی بە تایبەتی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نەوت و زۆرشتی تر. پێویستە لە یادی 46 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیدا بیر لە چارەسەركردنی هەموو ئەو كەموكوورتیانە بكرێتەوە، یەكێتی پێویستی بە پێداچوونەوە و رەخنەی بنیاتنەر و وەبەرهێنانی توانا مرۆییە زۆر و زەوەندەكانیەتی كە بەشێكی زۆریان هەلی گونجاوییان لە ناو حزبدا بۆ نەرەخساوە تواناكانیان وەدەربكەوێت و كەڵكیان لێ وەربگیرێت بۆ خزمەتی زیاتری گەل ووڵات.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە