کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

چۆنیەتی دەرچوونی بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ...

.

11:09 AM - 07/04/2021

بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە (1991/4/5) ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ژمارە (9282)دا، پشتبەست بە بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری (688)ی دەرکرد و ناوچەی دژە فڕینی لە سەرووی هێڵی (36)وە دانا بۆ پاراستنی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان، ئەویش دوای ئەوە هات کە ڕژێمی بەعس ڕاپەڕینەکەی بەهاری ساڵی (1991)ی سەرکوت کرد، خەڵکی باشووری کوردستانی ڕووبەڕووی کۆڕەوێکی ملیۆنی کردەوە بۆ هەردوو وڵاتانی ئێران و تورکیا. لەو بڕیارەدا لە کۆی هەر (15) ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەوکاتەدا، بە (10) دەنگی (بەڵێ) دەرچوو، ئەوانیش بریتی بوون لە وڵاتانی (فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا، ڕوسیا، بەلیجیکا، ڕۆمانیا، ئوسترالیا، ئیکوادۆر، کۆتیڤوار، کۆنگۆ)، لەگەڵ (3) دەنگی نەخێر کە ئەوانیش بریتی بوون لە وڵاتانی (کوبا، یەمەن، زیمبابۆ)، هەروەها(2) وڵاتی بێلایەن و (بایکۆت) کە ئەوانیش بریتی بوون لە (چین، هندستان). لە مێژووی یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەوە یەکەمین جار بوو، یەکەمین بڕیار بوو لە بەرژەوەندی گەلی کورد بێت و لە جینۆساید بیپارێزێت. دوای ئەم ڕووداوە دەگمەنەی بۆ میللەتی کوردی مافخوراو هاتەپێش، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کورستان لە باشوور دروست بوو. سەرباری کۆتایهێنان بە ژێر دەستەیی، بەڵام دەکرێ لەم یاد و بۆنەیەدا پێداچوونەوەی گشتی بە هەڵەکان و لاوازییەکانی حکومداریەتی و چارەسەرکردنی گەندەڵی و ناعەدالەتی بکرێ، لێکتێگەیشتن و ئاشتی و یەکگوتاری زاڵ بکرێ بەسەر جیاوازییەکاندا لەبەر بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و ئەزموونەکەی کورد لە باشووری کوردستان. ئەمەش وەک زۆرێک لە چاودێران باسی دەکەن، پێدەچێ ئەم دۆخە پەرتەوازەییە پێویستی بە کۆنگرەیەکی نیشتمانی هاوسەنگ ببێ لەنێوان سەجەم هێزە سیاسیە کوردستانیەکان لە ئاستی باڵای حزبەکاندا، تا بتوانرێت لەو ڕێگەیەوە کێشە و گرفتەکان بە گیانی یەکتر قبوڵکردنەوە چارە بکرێت، هەر هیچ نەبێ بتوانن دۆخی پەرتەوازەی و بەرژەوەندی حزبی و ناهاوسەنگی هێز تێبپەڕێندرێ لە پێناو دابینکردنی ژیان شایستەی بۆ هاوڵاتیانی خۆیان. جیالەوەی دەکرێ ڕوویەکی جوانتر نیشانی دەرەوەی هەرێم بدرێ کە شایەنی ئەو خۆبەڕێوەبەریەین تا وڵاتانی دۆست بەردەوام بن لە پشتیوانی کردنی مافەکانمان .

سەروەت تۆفیق

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە