کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

زمانی دایک و مرۆڤایەتی !

.

09:55 PM - 21/02/2021

زمانی دایک و مرۆڤایەتی !

زمان ئەو بەهرە خوایەیە، کە مرۆڤەکان بە هۆیەوە لە یەکتری تێ دەگەن و ژیان بەرەو پێشەوە دەبات. کەس بە ئارەزووی خۆی زمانی خۆی هەڵنەبژاردوە، بەڵکو لە خواوە داندراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەیر و سەرسوڕمانە هەموو کەس ناتوانێ وەکو مافێکی خوایی - ئینسانی بەکاری بێنێ!
بێ بەشکردن یاخود بێ زمان کردن لەناوچەیەکە، کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکەکەی موسلمان و دەسەڵاتدارەکان سەری زمان و بنی زمانیان شانازی بە دینەکەیان و خوا پەرستییە! .. کەچی، لە هەرسێ وڵاتی موسڵمانی ئێران، تورکیا و سوریا فێربوون و پەروەردە بوون بەزمانی کوردی واتە ئەو زمانەی خوا پێی داوین قەدەغەیە. حکومەتی ئیخوانی تورکیا، عەلەوی سوریا و شیعی ئێران گەلی کوردیان لەو زمانە بێ بەشکردووە، لە کاتێکدا خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ:
( .... وجعلناکم شعوبا و قباللا لتعارفوا.... هەروەها دەفەرموێ و من ایاتە خلق السموات و الارچ و اختلاف السنتکم والوانکم)
بەڵام بەداخێکی گرانەوە دەسەڵاتدارانی ئەو سێ وڵاتە موسڵمانە نەک هەر مافی کورد، بەڵکو دەستوری خواش فەرامۆش دەکەن!
یونسکۆ ئەو رێکخراوە جیهانیەیە، کە ئەمڕۆی کردۆتە ڕۆژی زمانی دایک، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بتوانێ بەزمانی خۆی قسە بکا، بخوێنێ و پێبگا، لە کۆتایشدا زمانەکان بە زیندویی بمێننەوە، کەچی ئەو دەوڵەتانە گوێ لەو بڕیارە جیهانیەش ناگرن!
من باسی ئەو وڵاتانە دەکەم کە کوردستانیان بەسەدا دابەشکراوە، بەڵام لە وڵاتە مەسیحەکانی ڕۆژئاوا ئەگەر پازدە خوێندکاری کورد داوای فێربوون بە زمانی دایکیان بکەن ئەوا دەوڵەت خوێندنگا و مامۆستایان لەسەر ئەرکی خۆ بۆ دابین دەکا.
 لەم ڕۆژە پیرۆزەدا پێویستە هەموومان بەراورد بکەین و بپرسین ئایا بۆچی لە ئێرانێکی برا موسڵمان نزیکەی دە ملیۆن کورد، لە تورکیایەکی برا موسڵمان نزیکەی بیست و پێنج ملیۆن کورد و لە سوریایەکی برا موسڵمان نزیکەی سێ ملیۆن کورد لەو مافە خواییە بێ بەش دەکرێن و هەوڵ دەدەن ئەو دەستکردە خواییە بسڕنەوە؟!
دەپرسین بۆچی پازدە خوێندکار بۆیان هەبێ لە وڵاتێکی بێگانەی نا موسڵمان خوێندنگەیان بەزمانی دایک بۆ دابین دەکرێ، بەڵام بە ملیۆنان کوردی موسڵمان لەسەر خاکی خۆیان ئەو مافەیان لێ زەوت دەکرێ؟
ئەوە تا کەی؟
 پیرۆزبێ ڕۆژی زمانی دایک و هەر درەوشاوە بێ یەیڤی کوردی...
 
ئارێز عەبدوڵلا

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە