کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حكومەتی عێراق لەسەر دەنگۆی ڕێكەوتنی لایەنەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هاتە دەنگ

.

12:20 PM - 20/10/2020

 عەبدولحسێن هینداوی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان بێ ئاگایی حكومەتی لەو زانیاریانە راگەیاند كە باس لە ڕێككەوتنێكی سیاسی نێوان لایەنە عێراقیەكان دەكەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
هینداوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا تەئكیدیكردەوە كە حكومەتەكەی مستەفا كازمی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كە بڕیارە لە 6 ی حوزەیرانی 2021 دا ئەنجام بدرێت و راشیگەیاند حكومەت كار لەسەر تەواوكردنی هەموو رێوشوێنەكانی سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد كە هەندێك پرس لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتدایە و پێویستی بە ئەنجومەنی نوێنەرانە بۆ ئەوەی بەربەست بۆ هەڵبژاردنەكە دروست نەكرێت ئەویش پەلەكردنە لە تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و هەمواركردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی بەدەستهێنانی نیسابی یاساییەوە بڕیاری پێویست بدرێت.
ڕاشیگەیاند لەڕۆژانی داهاتوودا گفتوگۆكان لەنێوان حكومەت و پەرلەماندا دەست پێدەكرێن بۆ پەلەكردن لە تەواوكردنی هەموو رێوشوێنەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە و رێگرتن لەهەر هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە