د.كەریم شەریف قەرەچەتانی
من كچێكی ته‌مه‌ن (22) ساڵم و هه‌موو كه‌س له‌به‌ر جوانییه‌كه‌م به ئاواتن قسه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ بكه‌م و ده‌یان كوڕ له زانكۆ و ده‌ره‌وه‌ى زانكۆ داواى هاوسه‌رگیریم لێده‌كه‌ن، به‌ڵام من بیرم له كه‌سیان نه‌كردۆته‌وه. به رێكه‌وت كوڕێكم له كۆلێژ ناسی، دڵمان چوو به‌یه‌كدا، زۆر سەرسام بووم به ره‌وشتی، دوای ماوه‌ی زیاتر له ساڵێك په‌یوه‌ندی، ئینجا بۆم ده‌ركه‌وت كه خاوه‌ن ژن و منداڵه، سه‌ره‌تا به منى وت خانووى خۆى هه‌یه، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كرێچییه، راسته ئه‌وه كاره‌ساتێك بوو بۆ من، به‌ڵام دڵم نایه‌ت به‌جێیبهێڵم و خۆشم ده‌وێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌زانم پاش شووكردن ژیانێكی سه‌خت به‌ڕێوه ده‌به‌م به‌هۆی ئاڵۆزی وه‌زعی خێزان داریىەوە، له‌لایه‌كى تریشه‌وه هاوسه‌ره‌كه‌ى پێى زانیوه و دوو- سێ جار په‌یوه‌ندیی پێوه كردووم كه وازى لێبهێنم، له‌به‌رئه‌وه‌ى خاوه‌نى دوو منداڵن و به خۆشه‌ویستى شووى به مێرده‌كه‌ى كردو‌وه و پێى وتم تا ئێستاش هه‌ر ماڵى باوكى كرێى خانوویان بۆ ده‌ده‌ن و ئه‌و كه‌سێك نییه بتوانێت دوو ژن به خێو بكات. ژنه‌كه‌ى من به‌وه تاوانبار ده‌كات كه هۆكارى تێكدانى ژیانى ئه‌وم و ئه‌گه‌ر من واز له مێرده‌كه‌ى نه‌هێنم، ئه‌وا تووشى ته‌ڵاق و لێكجیابوونه‌وه ده‌بن، له‌كاتێكدا من نه‌مزانیوه كه ئه‌و كوڕه ژن و منداڵى هه‌یه و ئه‌ویش هۆگرى من بووه و وازناهێنێت و به‌رده‌وام ده‌ڵێت ژنه‌كه‌م ئامۆزامه و به‌زۆر ژنیان بۆ هێناوم و رۆژێك له رۆژان خۆشم نه‌ویستووه. منیش ئێستا زۆر هۆگرى ئه‌و كوڕه بووم و ناتوانم ده‌ستبه‌ردارى ببم، تكایه رێنماییم بكه، من ئێستا چى بكه‌م و بڕیارى چى بده‌م (م. مه‌هاباد) .
به‌ڕێز خوشكه مه‌هاباد، تۆ خۆت تاڕاده‌یه‌كی باش گرفته‌كه‌ی خۆت شیته‌ڵ كردو‌وه، خوشكی به‌ڕێز پێویسته چه‌ند راستییه‌ك هه‌یه بیزانیت:
یەکەم: نابێت مرۆڤ به‌خته‌وه‌ریى خۆى له‌سه‌ر كاولكردن و به‌دبه‌ختى كه‌سانى دیکە بنیاد بنێت، ده‌ڵێیت من به ره‌وشتى ئه‌و كوڕه زۆر سەرسام بووم، هه‌ست ناكه‌یت له‌مه‌دا به‌هه‌ڵه‌دا چوویت، كام ره‌وشت؟! له‌لایه‌ك درۆى له‌گه‌ڵ كردوویت و راستییه‌كانى لێ شاردوویته‌وه و خاوه‌نى ژن و منداڵه و باسى نه‌كردووه، ئه‌مه ره‌وشته جوانه‌كه‌یه‌تى؟ له‌لایه‌كى تریشه‌وه درۆیه‌كى تر‌ى له‌گه‌ڵ كردوویت كه وتوویه‌تى خانووى خۆم هه‌یه، كه‌چى ده‌رچووه كرێچییه، نه‌ك هه‌ر كرێچییه، به‌ڵكو تواناى ئه‌وه‌ى نییه كرێى خانوو بدات و ماڵى خه‌زورى كرێى خانووه‌كه‌ى بۆ ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها هاوسه‌ره‌كه‌ى به خۆشه‌ویستى هێناوه و درۆیه‌كى دیکەشى له‌گه‌ڵ كردوویت كه هیچ كات هاوسه‌ره‌كه‌ى خۆشنه‌ویستووه، باشه كه‌سێك ئه‌مه ره‌وشتى بێت ده‌توانێت تۆ به‌خته‌وه‌ر بكات؟
ئه‌وانه‌ى ژنى دووهه‌م ده‌هێنن هۆكارى تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و له توانایاندا هه‌یه هه‌ردوو ژنه‌كه به‌خێو بكه‌ن و دواى ئه‌وه‌ش ژنى یه‌كه‌مى رێگر نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مانه هیچیان له‌و كوڕه‌دا نین، له‌لایه‌ك ژنى یه‌كه‌مى ناڕازییه، له‌لایه‌كى دیکەشه‌وه تواناى دارایى نییه و خه‌ڵك كرێى خانووى بۆ ده‌ده‌ن
خێزانێکی دیکە وێران مەکە
دووەم: راسته یه‌كه‌مجار نه‌تزانیوە ئه‌و كوڕه ژن و منداڵى هه‌یه، ئه‌ى خۆ ئێستا دەزانیت كه ژن و منداڵى هه‌یه، ئایا بیرت لەوە نه‌كردۆته‌وه شووكردنى تۆ بەو کەسە ده‌بێته هۆى ماڵوێرانكردنى كه‌سێكى دیکە كه خاوه‌نى ماڵ و منداڵه؟ ئه‌ى بیرت له‌وه نه‌كردۆته‌وه كه كه‌سێك ئه‌م هه‌موو درۆیه‌ى له‌گه‌ڵ كردوویت و وه‌فاى بۆ منداڵ و هاوسەر و ماڵه خه‌زورانى، كه مامى خۆیه‌تى نه‌بێت، ئه‌ى وه‌فاى بۆ تۆ ده‌بێت؟
تۆ تازە پێدەگەیت
سێیەم: تۆ كه‌سێكى به‌ته‌مه‌ن نیت و له‌سه‌ره‌تاى ژیاندایت، بۆچى به‌ده‌ستى خۆت، خۆت تووشى كێشه و ئاژاوه ده‌كه‌یت، له كاتێكدا وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت كچێكى ته‌مه‌ن بچووك و جوانیت و چه‌نده‌ها كه‌س داواى هاوسه‌رگیرى لێكردوویت، ئه‌ى بۆچى یه‌كێكى باش كه له‌گه‌ڵ تۆ ده‌نگونجێت هه‌ڵنابژێریت و شووى پێناكه‌یت؟ له‌لایه‌ك به ته‌نیا خۆت دوور له ژنێكى دیکە و دوو منداڵ ژیانى ئاسایى خۆت ده‌ژیت و له‌لایه‌كى تریشه‌وه ویژدانت ئازارت نادات و نابیته هۆكارى تێكدانى خێزانێكى دیکە و به ته‌ڵاقدانى ژنێكى دیکە و بێبه‌شكردنى دوو منداڵ له خۆشه‌ویستى دایك و باوك .
كێ ده‌ڵێ له‌به‌ر جوانییه‌كه‌ت تۆى ناوێ، واز له‌و بیرۆكه‌سواوه بهێنه:(وه‌ڵا ئه‌و هۆگرى من بووه و منیش هۆگرى ئه‌و بووم)، چونكه ئه‌وه سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریى زامن ناكات
ده‌توانیت وه‌ك ژنی دووهه‌م بژیت؟
چوارەم: له‌وانه‌یه بڵێیت، ئه‌و پیاوه یه‌كه‌م كه‌س نییه كه بۆ جاری دووه‌م هه‌وڵی ژنهێنان بدات، به‌ڵكو له كۆمه‌ڵگای ئێمەدا له‌و حاڵه‌تانه زۆرن، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه تۆ بڕوای ته‌واوت به‌وجۆره شووكردنه هه‌بێت، ئه‌گه‌ر تۆ خۆت ئه‌و بڕوایه‌ت له‌لا دروست بووه كه ده‌توانیت وه‌ك ژنی دووه‌م بژیت و خۆت له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌دا بسازێنی، ئه‌وا دوور نییه ئه‌و پڕۆژه‌ی شووكردنه‌ت سه‌ركه‌توو بێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى ژنى دووهه‌م ده‌هێنن هۆكارى تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و له توانایاندا هه‌یه هه‌ر دوو ژنه‌كه به‌خێو بكه‌ن و دواى ئه‌وه‌ش ژنى یه‌كه‌مى رێگر نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مانه هیچیان له‌و كوڕه‌دا نین، له‌لایه‌ك ژنى یه‌كه‌مى ناڕازییه، له‌لایه‌كى دیکەشه‌وه تواناى دارایى نییه و خه‌ڵك كرێى خانووى بۆ ده‌ده‌ن، كه‌واته ئه‌و مه‌رجانه له‌و كه‌سه‌دا نین كه بتوانیت ژنى دووه‌م بهێنێت.
ئه‌و منى خۆش ده‌وێت
پێنجەم: خوشكى به‌ڕێز، ده‌ڵێیت ئه‌و منى خۆشده‌وێت، كێ ده‌ڵێت ئه‌و خۆشه‌ویستییه خۆشه‌ویستى راسته‌قینه‌یه و به‌رده‌وام ده‌بێت؟ خۆ به قسه‌ى ژنه‌كه‌ى به خۆشه‌ویستى هاوسه‌رگیریى كردو‌وه و ئامۆزاى خۆیه‌تى، ئه‌ى بۆ ئێستا ناپاكى لێده‌كات؟ كێ ده‌ڵێ له‌به‌ر جوانییه‌كه‌ت تۆى ناوێ، واز له‌و بیرۆكه سواوه بهێنه: (وه‌ڵا ئه‌و هۆگرى من بووه و منیش هۆگرى ئه‌و بووم)، چونكه ئه‌وه زامنى سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریى ناكات، سه‌دان و هه‌زاران كه‌س به خۆشه‌ویستى هاوسه‌رگیرییان كردو‌وه و ژنى دووهه‌م و دوو منداڵیشیان له‌نێوانیاندا نه‌بووه، به‌ڵام دواى ماوه‌یه‌ك لێك جیابوونه‌ته‌وه، چونكه خۆشه‌ویستى به ته‌نیا هۆكارى سه‌ركه‌وتنى خێزان نییه .
درۆى له‌گه‌ڵ كردوویت
بەڕێزەکەم، له‌لایه‌كى تریشه‌وه نابێت به ته‌نیا خۆشه‌ویستی و لایه‌نی عاتیفی و هه‌ڵچوونی له‌به‌ر چاو بگریت، به‌ڵكو پێویسته له‌ته‌ك لایه‌نی عاتیفی هێزی ئه‌قڵ و مه‌نتیقیش له‌به‌رچاو بگریت، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه په‌شیمانی له‌دوا نه‌بێت. ئه‌قڵ و لۆژیک پێمان ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سه توانای ئابووری خراپه، واته ئه‌و توانایه‌ی نییه كه دوو ماڵ به‌ڕێوه ببات و خه‌رجی هه‌ردوولاى پێ دابین ناكرێت، ئینجا دوو خێزان له‌یه‌ك خانوودا، سه‌ره‌ڕای هه‌ژاری و نه‌بوونی، زۆر گیروگرفت دروست ده‌كه‌ن و چاره‌نووسی ئه‌و خێزانه ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ژنه‌كه‌ى بە‌وه رازى نییه، كه‌واته به‌رده‌وام كێشه له‌ناو ئه‌و ماڵه ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و بۆچوونه‌ى تۆ پێچه‌وانه‌ى ئه‌قڵ و لۆژیکە كه ده‌ڵێیت سەرسام بووم به ره‌وشتى، پێم ناڵێیت كه‌سێك هێشتا تۆ هاوسه‌رى نیت ئه‌م هه‌موو درۆیه‌ت لەگەڵ بكات، ده‌بێت دواى ئه‌وه‌ى شووى پێده‌كه‌یت چه‌ند درۆى دیکەت لەگەڵ بكات؟! ئینجا كه‌سێك جارێك درۆى كرد چه‌نده‌ها جارى دیکەش درۆ ده‌كات، ئه‌وه له واقیعیشدا روویدا كه چه‌ندینجار درۆى له‌گه‌ڵ كردوویت، ئیتر باسى ره‌وشتى جوان و خۆشه‌ویستى چى ده‌كه‌یت؟!
بڕیارى كۆتایى له‌لاى خۆته
له كۆتاییدا ئه‌وه ماوه پێت بڵێم كه تۆ دواى كڵاوى بابردوو كه‌وتوویت و هیچ بنه‌مایه‌كى پته و بۆ ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌تان نییه و ئه‌و كه‌سه‌ى كه تۆ به‌ناو خۆشتده‌وێت كه‌سێكى خۆپه‌رسته و ته‌نیا دواى حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانى خۆى كه‌وتووه و وه‌فاى بۆ هاوسه‌ر و دوو منداڵ و ماڵه مامه‌كه‌ى نییه، هیچ پاساوێكیش نییه كه بیر له ژنهێنانى دووهه‌م بكاته‌وه و به هیچ پێوه‌رێك ئه‌و كه‌سه تواناى به‌خێوكردنى دوو ژنى نییه، ئه‌گه‌ر بڕیارى ئه‌وه‌ش بده‌یت كه شوو به‌و كه‌سه بكه‌یت، دڵنیابه به‌رده‌وام له كێشه و گرفتدا ده‌ژیت و ئه‌گه‌رى زۆریش هه‌یه تۆ ببیته هۆكارى تێكدانى خێزانێك، كه هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ى ئاماژه‌م بۆ كردن له به‌رژه‌وه‌ندیى تۆ نییه و وه‌ك ده‌ڵێن تۆ سه‌رت نائێشێ و په‌ڕۆت لێ به‌ستووه، به پێچه‌وانه‌وه دووركه‌وتنه‌وه له‌و كه‌سه له به‌رژه‌وه‌ندیى تۆیه و به‌خته‌وه‌ریت بۆ دابین ده‌كات، ئیتر بڕیارى كۆتایى له‌لاى خۆته.