عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
کوردستان… ئەم وشەیە کاتێک لە گەروو دێتەدەرەوە، هەر ئاماژەیەک نییە بۆ سنوورێکی جوگرافی؛ بەڵکو هەناسەی دایکێک، گەرمیی نیشتمانێک و لێدانی دڵێکی عاشقە کە لە ناخی هەر کوردێکدا رەگی داكوتاوە. لای ئێمە کوردستان تەنها خاک و بەرد و ئاو نییە، بەڵکو رۆحێکی زیندووە؛ مێژوویەکی بەردەوام و بیرەوەرییەکی نەمرە کە کۆڵەکەی بوونمان پێکدەهێنێت.
لە روانگەی مێژووی ئەدەبەوە، ئەم خاکە هەمیشە ناوەندی ناسنامەی کەلتوریمان بووە. ئەگەر شەرەفخانی بەدلیسی لە “شەرەفنامە”دا بە دیدێکی زانستی و رێکخراو مێژووی ئەم گەلەی تۆمار کردبێت و سەلماندبێتی کە کوردستان قەوارەی نەتەوەیەکی خاوەن بەهایە، ئەوا مەلای جەزیری بە عیرفان و ئەدەبە قووڵەکەی، عەشقی ئیلاهی و خوداناسی و نیشتمانپەروەری لەیەک خاڵدا کۆکردووەتەوە و کوردستانی کردووە بە پەرستگای جوانی و مانای ژیان.
کوردستان وەک دایک، هەم گەرمیمان پێدەبەخشێت و هەم وانەمان فێر دەکات. لە کاتی باراندا، دەشت و دۆڵەکانی دەبنە مژدەی ژیان و لەکاتی تەنگانە و وشکەساڵیشدا، وانەی خۆڕاگریمان پێدەڵێتەوە. شاخەکانمان بە هەموو شکۆ و سەربەرزییانەوە وەک پیاوە مەزنەکانمان راوەستاون؛ دەشتەکانمان بە نەرمی و میهرەبانییانەوە وەک دڵی دایکێکی دڵسۆز دێنە بەرچاو. گژوگیا و رووبارەکانی ئەم خاکە، شیعرێکی سروشتی دەخوێنن کە تەنها دڵی کورد لە کۆد و مانا قووڵەکانی تێ دەگات.
ئەم خاکە تەنها جوانیی سرووشت نییە، بەڵکو لانکەی پیاوان و ژنانی کاریگەریشە. لە هەر قۆناغێکی مێژوودا، کوردستان خەباتکار و تێکۆشەری هەبووە کە لە پێناوی ئازادییدا رووبەڕووی مەترسییەکان بوونەتەوە. لەم رێگایەدا، خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک فیداکارییەکی بەردەوام، رۆڵی هەبووە لە پاراستنی ئەم خاکە و گەشاوە هێشتنەوەی هیوای گەل.
خوێنی شەهیدان کە وەک رووبارێکی سوور لەناو مێژووی ئێمەدا هەڵدەقوڵێت، تەنها یادەوەری نییە، بەڵکو پەیمانێکە، کە دەڵێت: کوردستان نەمرە و نامرێت. ئەمڕۆ لەناو ئاڵۆزییە سیاسییەکان و هەڕەشەکاندا، ئەرکی سەر شانمانە بە دانایی، یەکگرتوویی و ستراتیژێکی تۆکمە، ئەم خاکەمان لە هەر بەڵایەک بپارێزین.
کوردستانەکەم…
تۆ دایک و نیشتمان و عەشقی هەمووانیت کوردستان. لە تۆوە دەست پێدەکەین و بۆ تۆش دەگەڕێینەوە. ئەرکی ئێمە تەنها پاراستنی سنوورەکان نییە، بەڵکو پاراستنی رۆحی کوردستانە؛ پاراستنی زمان، کەلتوور و ئەو هیوایەیە کە لە دڵی هەموو کوردێکدا دەژی.گۆرانی شاعیر دەڵێت:
"کوردستان، کوردستان
نیشتمانی جوان
هەر بژی بە شادی
سەربەستی و ئازادی
هەر بژی! هەر بژی! هەر بژی!
لە کۆتایشدا ئەزموونی سەختی خەبات بەردەوام فێری کردووین کە ئەگەر رابردوو بە خوێن نووسرابێت، ئەوا ئایندە دەبێت بە ئەقڵانییەت، دانایی و یەکگرتوویی بنووسرێتەوە.