حەمەی حەمەسەعید 01:32 PM - 2026/10/13

 حەمەی حەمەسەعید
بافڵ تاڵەبانی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کایەی سیاسیی لە کوردستان و عێراقدا تەنیا کارەکتەرێکی سیاسی، یا سەرکردەیەکی گەنج یاخود سەرۆکی حزبێکی سیاسی نیە، ئەو ئەزموونێکی نوێی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم و عێراق و ناوچەکە و ژیانی حزبییە لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کە هەمووان بە ئومێد و گەشبینییەوە هیوای ئەوەی بۆ دەخوازن بە کردەوە شوێنپێ هەڵگری سەرۆک مام جەلال بێت.
بە نسبەت یەکێتییەوە، ئەو تەنیا کوڕی مام جەلال، سەرکردەی نەمری شۆڕش و هەڵسانەوە و ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان نیە، بەڵکو چاوەڕێی سیمبوڵبونی زیاتری ژیانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی و یەکێتیی ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لێدەکرێ.
بۆ کایەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، میراتگری کێشمەکێشەکانی مێژووی ژیانی سیاسی ناوخۆی کوردستان نییە و هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لە ڕابردووی پڕ لە ململانێی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بۆیە هیچ جۆرە هەستیارییەکی لە پەیوەندییە سیاسییەکان نییە. وەک سەرکردەیەکی واقیعبین، نەرم، دڵپاک و دیپلۆماتی بە دوای بەدیلە دیموکراتیی و سیاسییەکاندا دەگەڕێت، تەنیا ڕێگەی بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی دیالۆگی سیاسی و قبووڵکردنی فرەیی و پێکەوە سازان و پێکەوە کارکردنە.
بافڵ تاڵەبانی بە کردەوە پیشانی داوە، کە سەرکردەیەکە، کوردستانییانە بیر دەکاتەوە، دووربینانە دەڕوانێت، سیاسەت وەک ئامرازێک بۆ هێنانەدی خواستەکانی خەڵک دەبینێت، بە متمانەوە سیاسەت دەکات، نوێنەرایەتیی داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک دەکات، بڕوای بە ڕاشکاوی لە سیاسەت و پابەندبوون بە بەڵێنە سیاسییەکانەوە هەیە، کە ئەمەیان مۆرکێکە دەتوانین بە هۆیەوە لە هەموو سەرکردەیەکی سیاسیی جیای بکەینەوە، چونکە بە کردەوە ئەوەی دەیڵێت، کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات.
سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، ئەگەرچی بایەخی ئەوتۆ بە ڕووکار نادات و لە زۆر بۆنەدا ئەتەکێتە چەقبەستووەکان دەشکێنێت، بەڵام زۆر ورد و شارەزایانە دەیەوێت بە زمانێک بدوێت، کە بگاتە هەمووان، هەر بۆیە زمانی قسەکردن و زمانی گوتار و زمانی جەستەی هەمان ئەو زمانەیە کە کۆمەڵگەی کوردی پێی ئاشنایە و زمانێکی ڕەوانی هەیە، کە بە ئاسانی دەگاتە وەرگر.
ئەگەر تێبینی بکەین، خەڵکی کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین، ئاشنایانە گوێی بۆ دەگرن، وشەو دەربڕینەکانی نامۆ نین، تێگەیشتن لە پەیامەکانی قورس نیە و پێویستیان بە نووسینی پەراوێز نابێت بۆ ڕوونکردنەوەیان، چونکە ئەو بە زمانی ئاسایی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەدوێت.
خاڵێکی دیکەی گرنگ لە گوتاری سەرۆک بافڵدا ئەوەیە، کە لەتەک ڕکابەر، دۆست، یا هاوپەیمانە سیاسییەکاندا زۆر ڕاشکاوانە دەدوێت. هیچ پرسێک بە قەدەری داهاتوو ناسپێرێت و دەیەوێت لە سەرەتای ڕێگەوە خاڵ لەسەر پیتەکان دابنرێت، بۆ ئەوەی هیچ دەرفەتێک بۆ پشتگوێخستن و فەرامۆشکردن نەهێڵێتەوە، ڕەنگە ئەمە یەکێک لەو هۆکارانە بێت، کە پڕۆسەی گەیشتن بە ڕێکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی لەتەک بافڵ تاڵەبانی قورس کردبێت. 
ئەوەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٦/١٠/١٢ لە میانی کۆڕبەندی مێری لە هەولێر تێبینیمان کرد، زۆر ڕاشکاوانە هێڵە گرنگەکانی بیرکردنەوە و سیاسەتی نیشتمانیانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو. جارێکی دیکە بانگەوازی ڕێکەوتن و بەیەکەوە سازانی بە گوێی هەموو لایەک دا و بە ڕاشکاوی هۆشداری دا، کە هیچ ڕێگەچارەیەک جگە لە ڕێکەوتن لە ئارادا نیە، کات تێدەپەڕێت و پێویستە هەرێمی کوردستان "بەر لە (تا) ، خۆی داپۆشێ ". 
هەروەها وەک کارەکتەرێکی سیاسی هەڵکەوتووی کوردستان، سەرۆک بافڵ بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد، کە دەستپێشخەرییەکی ئاشتیانە و دۆزینەوەی چارەسەری دیموکراتیانەی بۆ پرسی کورد لە ئێران خستووەتە سەر مێزی کۆماری ئیسلامی و لەو بارەیەوە هەوڵەکانی بەگەڕ خستوون، هەرچەندە ئەمە پرۆسەیەکی قورسە و ڕەنگە لە شوێنێکی ترەوە هەمان هەوڵ درابێت، بەلام ئەمە دەبێتە دەستپێکێکی گرنگ لە خەباتی سیاسی کورد لە ئێراندا ئەگەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەگرنگیەوە هاوکاربن. 
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش، ڕاستکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە بوو، کە پێی وایە، لاوازی عێراق هۆکاری بەهێزی کوردستان دەبێت، ئەمڕۆ سەرۆک بافڵ زۆر ژیرانە هۆشداری دا، کە کەوتنی عێراق و بەئاوداچوونی پڕۆسە دیموکراتی و سیاسییەکە لە عێراقدا، مەترسی جددی و ڕاستەقینە لەسەر ئەو مافە دەستووریانە دروست دەکات، کە کورد لە عێراقی نوێ بەدەستیهێناون، جەختیکردەوە، کە ڕاستەڕێکردنی سیاسەت و پڕۆسەی دیموکراتی و دەستووری لە عێراق تەنیا زامنی مانەوە و گەشەکردن و بەردەوامی چیرۆکی سەرکەوتنی کوردستانن.
هەموو ئەم جووڵە سیاسی و تێگەیشتن و وردبینییە سیاسییەی لەودا تێبینی دەکرێت، ئاماژەی ئەوەن، کە سەرۆک بافڵ جێی هیوا و ئومێدی یەکێتییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دۆست و هاوپەیمانییەکانی یەکێتییە، کە بە کردەوە ببێتە شوێن پێ هەڵگری سیاسەتی حەکیمانە و ژیرانەی سەرۆک مام جەلال. چونکە لە ماوەی خەباتی سیاسیی خۆیدا، ئەوە تەنیا مام جەلال بوو، توانیبووی لە یەک کاتدا لە ئاستیی خەباتی مەدەنی، سیاسی، دیپلۆماتی، چەکداری و یاساییدا خاوەندارێتی دۆزی کۆمەڵانی خەڵکی عێراق بە گشتیی و مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی کوردستان بکات.

وتارەکانی نوسەر