بەهرۆز فەرەیدوون 12:18 PM - 2026/09/22

بەهرۆز فەرەیدوون 
شاری سلێمانی لەڕۆژانی ١٧ و ١٨ی ئەم مانگە، بووە شوێنی کۆبوونەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسان، خاوەنکاران، وەبەرهێنەران و کەسانی شارەزا لەبواری ئابووری، چوارچێوەکە “ لوتکەی سلێمانی” بوو. 
ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا ڕووداوێکی دوو ڕۆژە نەبوو، بەڵکو دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی پرسیارە گرنگەکانی داهاتووی ئابووری هەرێمی کوردستان و “سلێمانی” بەتایبەت لە شوێنێکی هاوبەشدا بخرێنە بەردەم ئەو لایەنانی کە ڕاستەوخۆ لەدروستکردنی ئەو داهاتووەدا بەشدارن.
ئابووری لە بنەڕەتدا تەنیا باسکردنی پارە و سەرمایە نییە. لەپشت هەر سەرمایەیەک، بیرۆکەیەک هەیە،لەپشت هەر پڕۆژەیەک بڕیارێک هەیەو لەپشت هەر وەبەرهێنانێک، متمانە بە داهاتوو هەیە، هەربۆیە ئەگەر کۆبوونەوەیەکی ئابووری بتوانێت گفتوگۆ لەنێوان ئەم هێزانە دروست بکات، دەتوانێت ببێتە دەستپێکی گۆڕانێکی فراوانتر لە بازاڕ و ژیانی ئابووری سلێمانی.
لە وڵاتێکی وەک عێراق و لە عێراق هەرێمی کوردستان و گرنگتر و لەنێویدا سلێمانی، کە هێشتا بەشێک لە توانا ئابوورییەکانی بەشێوەی تەواو بەکارنەهاتوون، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت، زیادکردنی وەبەرهێنان و دروستکردنی دەرفەتی کار، گرنگییەکی تایبەتی هەیە، هەر واش بووە، گەشەی ڕاستەقینە کاتێک ڕوودەدات کە سەرمایە بتوانێت بگاتە پڕۆژە، پڕۆژە بتوانێت بەرهەم بهێنێت و بەرهەم بتوانێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی هاووڵاتی دروست بکات.
لەو ڕوانگەیەوە، تایبەتمەندیی “لوتکەی سلێمانی” لەوەدایە کە ئابووری لە بابەتێکی تیۆرییەوە دەهێنێتە ناو گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، دیقەت بدەن، کاتێک بانک، وەبەرهێنەر، کۆمپانیا، خاوەن پڕۆژە و دامەزراوە حکومییەکان لە یەک شوێندا کۆدەبنەوە، هەر یەکێک لەوان دەتوانێت کێشەکە لە دیدگای خۆیەوە بخاتە ڕوو! ئەو جیاوازییە لە دیدگا، ئەگەر بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەببرێت، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی چارەسەری کێشەکانی ئێستا و دانانی پلان و ستراتیج بۆ داهاتوو.
بەهای ڕاستەقینەی هیچ دیدارێک لەنێویدا “لوتکەی سلێمانی” بە ژمارەی میوانان، ناوی بەشداربووان یان ژمارەی دانیشتنەکان دیاری ناکرێت، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە دوای کۆتایی ڕووداوەکە چی دەمێنێتەوە؟ ئایا پەیوەندییە نوێیەکان و گفتوگۆکان دەبنە پڕۆژە؟ ئایا گفتوگۆکان دەبنە هەنگاوی کرداریی؟ ئایا کێشەیەکی کۆن دەخرێتە ناو ڕێڕەوی چارەسەرەوە؟
ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانە لە داهاتوودا بە کردار بدرێتەوە، ئەوا “لوتکەی سلێمانی” دەتوانێت لە سنووری ڕووداوێکی ئابووری تێپەڕێت و ببێتە بەشێک لە پرۆسەی دروستکردنی ژینگەیەکی نوێ بۆ وەبەرهێنان و کار و بەرهەمهێنان.
سلێمانی بە میوانداریی ئەم جۆرە گفتوگۆیە، تەنیا شوێنی بەڕێوەچوونی لوتکەکە نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە خاڵێک بۆ بەهێزکردنی بیری داهێنەرانە لەپێناو بەکارهێنانی سەرمایە بۆ درووستکردنی دەرفەتێکی باشتر.
لوتکەیەک کە ئەگەر گفتوگۆکانی بۆ دوای ڕووداوەکەش بەردەوامبن، دەتوانێت بەشێکبێت لەدروستکردنی پرسیارێکی گەورەتر، چۆن دەتوانین سەرمایە بگۆڕین بۆ بەرهەم، بەرهەم بگۆڕین بۆ کار و کار بگۆڕین بۆ ژیانێکی باشتر؟

وتارەکانی نوسەر