له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 02:06 PM - 2026/09/01

لەتیف فاتیح فەرەج

 دیموكراسی لە سادەترین پێناسەدا رێزگرتنە لە جیاوازی و بیروڕای جیاواز، یانی لانیكەم خەڵك ئازادبن لەوەی چۆن دەژین، چی دەڵێن، چییان دەوێت؟، ئەمەش بە یاسا رێكدەخرێت و نابێ‌ كەس مافی ئەوی تر پێشێل بكات، پەیكەری پێشمەرگە لە كەركوك پەیكەری مرۆڤێكە لە شەڕی داعشدا زۆر خێزان و خانەوادەی عەرەبی لە كوشت و بڕ رزگار كرد، مرۆڤێك لەپێناوی ئازادیدا قوربانی داوە، لێسەندنی ئاڵای كوردستان لە دەستی ئەو پەیكەرە پێشێلكردنی ویست و خواست و ئازادی مرۆڤی كوردە، ئێمە ئەگەر بڕیار بێت پێكەوەبژین ناكرێت ئەوەندە بە بوغز و كینەوە مامەڵە لەگەڵ یەكتر بكەین، گێڕانەوەی ئاڵای كوردستان بۆ دەستی پەیكەری پێشمەرگە رێزگرتنە لە جیاوازی و نە منەتە و نە خێر و چاكەیەك، ئەگەر ئەم وڵاتە دیموكراسی تیابوایە دەبوو ئەوانەی ئاڵاكەیان لە دەستی پەیكەرەكە دەرهێنا سزا بدرانایە، كەركوك بە جیاوازییەكانیەوە جوانە، نەك بەوەی كە بەعس یان هەر گروپ و دەستە و تاقمێكی تر دەیەوێت یەك رەنگی بكات، بابەتی پێكەوەژیانیش قووڵكردنەوە و بونیاتنانی ئەركی دەوڵەتە و دەبێت ستەمكاران هەڵوەستەی لەسەر بكەن نەك قوربانی.
راستە دانانی ئاڵایەك لە دەستی پێشمەرگەدا برینەكە ساڕێژ ناكات، بەڵام لەدەست دەرهێنانی سووكایەتییە بە پێكەوەژیان و هەمەچەشنی، لە راستیدا لە كەركوك لەم دوایانەشدا ئێمە گەورەترین ئاڵای كوردستانمان بەناو شاردا گڕدا، بۆ پشتگیری لە رۆژئاڤای كوردستان، ئەو رۆژئاڤایەی لەسەرەڕێی گەیشتنە بە خەونی خۆی، ئەگەر دوژمنان و خۆیشمان لێیان بگەڕێین، پۆلیسی شارەكە بۆ پارێزگاری و رێكخستن و لەڕێ‌ دەرنەچوونی خۆپیشاندانەكە پێ‌ بە پێ‌ لە گەڵمان بوون، ئێمەش پڕ بە گەروو هاوارمان دەكرد «یەكە یەكە، گەلی كورد یەكە»، چەپ و راست و عیلمانی و ئیسلامی، هەڵبەت بۆ ئازادی رۆژئاڤا كەركوك خوێنیشی بەخشی، لەوە زیاتر چی، لە كەركوك تەنها كوردە وێڕای ئەوەی دەیەوێت خۆی بێت، بەراستیش هەڵوەستە لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتیانە دەكات و قسەی لە بارەوە دەكات، ئەی ئەوانی تر.
گێڕانەوەی ئاڵاكە بۆ دەستی پێشمەرگە، كە من ئامادەم ئەو كارە بكەم و هیوادارم لە نزیكترین كاتدا بكرێت، رێزگرتنە لە جیاوازی ناو كەركوك، جیاوازی ئەرێنی، هەروەك چۆن لێسەندنی بێڕێزییە بە كورد، كە نابێت پەرلەمانتارانی كوردی كەركوك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و یەكێتی و پارتی قبوڵی بكەن، تاقیكردنەوەی ئاوەزی ئەویتر لە دوو شتی ئاواوە دەبێت، ئایا بە جیاوازییەوە یەكتر قبوڵدەكەین یان نا؟، من دەزانم ئەوە یەكلابووەتەوە كە كەركوك لە رووی دیرۆكی و شوێنگەی جوگرافییەوە سەر بەكوێ‌ و هی كێیە، بەڵام رێز لە بوونی ئەوانی تریش دەگیرێت و كەسیش منەتیان بەسەردا ناكات، ئەدی ئەوان بۆ وانین، ئەمە ئەو پرسیارە گرنگەیە كە پێویستە وەڵام بدرێتەوە، ئەو هەموو ساڵە لە ستەمی ناسیونالیستی ئەوی تر بەس نییە بۆ ئەوەی بگەین بە دیموكراسی هەقیقی، ئێ‌ دیارە دیموكراسی درۆزنانەش هەیە.

وتارەکانی نوسەر