سوعاد مەلاسەعید
سوعاد مەلا سەعید
چەندین ساڵە کوردی رۆژئاوا خوێندن، قسەکرن، کەلتور، مێژوو تەنانەت ناسنامەیشیان نەبوو تاکو بەڵگەی کوردبوونیان بێت و زۆر لە مافەکانیان لێی زەوت کرابوو، بەڵام ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردەی سوریا بۆ گواستنەوەی زمانی کوردی لە بوارێکی پەراوێزخراوەوە بۆ نێو سیستەمی پەروەردە، وەچەرخانێکی مێژوویی و ئەکادیمی گرنگە. لە دیدگایەکی زانستی و پەروەردەییەوە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە کاریگەریی تەواوی لەسەر دەروونی خوێندکار، کۆمەڵایەتی و پەروەردە و جێگیربوونی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەبێت.
توێژینەوە پەروەردەییە هاوچەرخەکان، دووپاتی دەکەنەوە کە خوێندنی زمانی دایک لە قۆناغەکانی بنەڕەتیدا، بنەمایەکی بەهێز بۆ گەشەی ژیری و هزرینی رەخنەگرانەی خوێندکار دەستەبەر دەکات. کاتێک منداڵ بە زمانی دایکی خۆی دەست بە خوێندن دەکات، پرۆسەی تێگەیشتن و شیکردنەوەی چەمکە زانستییەکان خێراتر و قوڵتر دەبێت. ئەم بڕیارە رێگە دەدات خوێندکارانی کورد بەبێ ئاستەنگی زمانی، تواناکانی خۆیان پەرە پێبدەن و دواتر بە ئاسانی زمانەکانی تر فێر ببن. چونکە زمان تەنیا ئامرازێکی ئاڵوگۆڕی زانیاری نییە، بەڵکو کۆڵەکەی سەرەکیی شوناسی نەتەوەیی و کەلتورییە.
گرنگیدان بە زمانی کوردی لە پرۆگرامەکانی خوێندندا، دانپێدانانێکی رەسمییە بە بوونی کەلتوری و مێژوویی گەلی کورد لە سوریا. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی پاراستنی کەلەپوور، ئەدەب و مێژووی ناوچەکە لە لەناوچوون. هەروەها ژینگەیەکی فێرکاری وا دەخوڵقێنێت کە تێیدا خوێندکار هەست بە شانازیی بە شوناسی خۆیەوە بکات.
پەراوێزخستنی زمانی دایک لە سیستەمی پەروەردەدا، بەردەوام یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابڕانی خوێندکاران لە قوتابخانەدا. سەپاندنی زمانێکی بێگانە بەسەر منداڵدا لە تەمەنێکی زوودا، دەبێتە هۆی دروستبوونی شۆکی زمانیی و دابەزینی ئاستی بڕوا بەخۆبوون. هاوکات بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک زمانی فێرکاریی، بەربەستە دەروونییەکان لەناودەبات، رێژەی سەرکەوتن لە قوتابخانەکان بەرز دەکاتەوە و بەشداریی چالاکانەی خوێندکاران لە پرۆسەی فێربووندا دەستەبەر دەکات.
لـــــــــە روانگـــــەی کۆمەڵنــــاسیی پەروەردەییەوە، قوتابخانە بچووککراوەی کۆمەڵگەیە؛ کاتێک سیستەمی پەروەردەیی دان بە مافی زمانی نەتەوەکانی تر و پێكهاتەکاندا دەنێت، تۆوی رێزگرتنی یەکتر و یەکسانی لە دەروونی نەوەی نوێدا دەهێنێتە بەرهەم. رێگەدان بە خوێندنی زمانی کوردی، هەستی پەراوێزخران لە ناوچە کوردنشینەکاندا کەم دەکاتەوە و هاووڵاتیبوونێکی چالاک دەهێنێتە کایەوە. ئەم هەنگاوە دامەزراوە پەروەردەییەکان دەکاتە ناوەندێک بۆ بەهێزکردنی تەبایی گەیاندن و دیالۆگی شارستانی، نەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی یەک لایەنەی شوناس.
هێنانی زمانێکی نوێ بۆ ناو پرۆگرامی خوێندنی رەسمی، پێویستی بە داهێنانی ئەکادیمی و پێشخستنی توانامەندییە مرۆییەکان هەیە. ئەم بڕیارە بوار بۆ داڕشتنەوەی کتێبی وانەکان، ئامادەکردنی فەرهــــەنگی زانســتی و راهـــێنانی مامۆستایان دەکاتەوە؛ ئەمەش گەشە بە ناوەندەکانی راهێنان و بەشە ئاداب و پەروەردەییەکان لە زانکۆکاندا دەدات. لە ئەنجامدا، دەرفەتی کار بۆ شارەزایانی زمان و ئەدەب دەخوڵقێت و ژێرخانی پەروەردەیی ناوچەکە لە رووی کوالیتی و میتۆدۆلۆژیاوە هەنگاوێکی گەورە بەرەو پێشەوە دەنێت.
بڕیاردان بە فێرکاری بە زمانی دایک، هەنگاوێکی کردەییە بەرەو جێبەجێکردنی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی وەک جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و رێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ لەلایەن رێکخراوی یوونسکۆوە. ئەم رێکخراوانە بەردەوام جەخت لەسەر مافی خوێندن بە زمانی دایک وەک مافێکی بنەڕەتی دەکەنەوە. جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە، پێگەی ئەکادیمی و پەروەردەیی وڵات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرز دەکاتەوە و رێگە خۆش دەکات بۆ هاوکاریی زیاتری رێکخراوە جیهانییەکان لە بوارەکانی گەشەپێدانی پەروەردەدا. هەروەها ئەمە هەنگاوێکی ترە بۆ بونیادنانەوەی هەستی نیشتمانی و خزمەتکردن بەزمانی دایک لە بەشێکی دیکەی کوردستاندا.
* سهرپهرشتیاری پهروهردهیی و نووسهر