د.عومەر عەلی ئەحمەد 02:56 PM - 2026/08/24

د.عومەر عەلی ئەحمەد

بیرکردنەوە پرۆسەیەکی ئەقڵییە و مرۆڤی ژیر بیردەکاتەوە. بیرکردنەوە رێگەیەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە دیدی (ئەلێکساندەر لۆریا 1973)وە. بیرکردنەوە چالاکییەکی ئەقڵییە و مێشک ئەم کارە دەکات، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کەسانێکی زۆر هەن بیر ناکەنەوە، بەڵکو بیریان بۆ کراوەتەوە، یان تا ئێستاش بیریان بۆ دەکرێتەوە.
ئەمانەی سەرەوە دەمانبەن بۆ پرسیارێکی سادە، بەڵام ئایا بیرکردنەوەکانی پێشووتر بێکەڵکن؟ دەکرێت هەموویان فەرامۆش بکەین؟ لە راستیدا چەندە ترسناکە مرۆڤێکی تەمبەڵ بیرنەکاتەوە و شوێنی بیرکردنەوەکانی ئەوانی تر بکەوێت، بەو ئەندازەیەش مەترسییدارە کە هەموو بیرکردنەوەکانی پێشووتر رەتبکەینەوە. چونکە لە پێش ئێمەوە چەندان کەس بیریان کردووەتەوە و ئەوەی لەبەردەستی ئێمەدایە زانستێکی کەڵەکەبووە و دەرئەنجامی ئەزموون و تاقیکردنەوە و بیرکردنەوەکانی ئەوانەی پێش خۆمانە، بۆیە ناکرێت بڵێین هەموو بیرکردنەوەکانی پێش خۆمان بێکەڵکن. هاوکات ناشکرێت بڵێین هەموو بیرکردنەوەکانی پێش ئێمە بەسوودن و هەقیقەتن، چونکە بە فلتەری ئێمەدا نەڕۆیشتوون و پێویستە گومانیان لێ بکەین و بەڵگاندنیان بۆ بکەین و ئەنجامگیرییان بۆ بکەین.
ئێستا دێینەوە بۆ خاڵی سەرەتا، ئایا بەڕاستی بیردەکەینەوە، یان بیرمان بۆ کراوەتەوە؟ لە راستیدا بەشێک  بیردەکەنەوە زۆرجاریش بیرکردنەوەکەیان بە هۆشیارییەکی رەخنەییەوەیە، واتە شیکردنەوە دەکەن بۆ بیرۆکەکان و گومان دەکەن و بەڵگاندن دەکەن،  دواتر هەڵسەنگاندن و بڕیاری دروست دەدەن. بەشێکی تر ناڕەخنەییانە بیریان کردووەتەوە و بیردەکەنەوە، واتە چێکی زانیارییەکان ناکەن و جیاوازیی ناکەن لەنێوان فاکت و بیروبۆچووندا. هەندێکی تر لەبەر تەمبەڵی، یان بیروباوەڕی ساختە هەر بیرناکەنەوە بەڵکو خۆیان رادەستی بیرکردنەوەی پێشووتر، یان بیرکردنەوەی ئەوانیتر، یان ئەتنیک و جڤاکێکی لەخۆیان گەورەتر کردووە کە زۆرجار خۆی بەرجەستە دەکات لە خێڵ و هۆز و سیاسەتمەدار، یان کەناڵێکی تەلەفزیۆندا.
کۆمەڵناسی ئەمریکی ولیام گراهام سۆمنەر هەر زوو لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هەستی بە بایەخ و گرنگی بیرکردنەوەی رەخنەیی کرد. هەر زوو لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا Folkways:1906  باس لەوە دەکات کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کۆمەڵێک نەریت و رەفتار فێری تاکەکان دەکات کە پێیان دەگوترێت رێوشوێنی نەریتی، یان بیروباوەڕی گشتی. هاوکات بیرکردنەوەی رەخنەیی توانای پرسیاڕکردنی هەیە لەم رەفتارە کۆمەڵایەتییانە، لەبری ئەوەی وەک راستییەک وەریان بگرێت.
کەواتە دەکرێت ئێمە سوود لە بیرکردنەوەکانی پێشووتر وەربگرین و بیکەینە بنەما بۆ بیرکردنەوەکانمان بەتایبەت بیرکردنەوە لۆژیکییەکان، بەڵام کاتێک فێربووین رەخنەییانە بیربکەینەوە ئیدی توانای گومانکردن، پرسیارکردن، هەڵەنگاندن و بڕیاردانی ژیرانەمان بۆ تەواوی بیرۆکەکانی چواردەورمان دەبێت و لەو رێگەوە دەتوانین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان و گەیشتن بە راستییەکان رەخنەییانە بیربکەینەوە.

وتارەکانی نوسەر