هێمن عەزیز محەمەد
هێمن عەزیز محەمەد
لەم سەردەمدا، گۆڕانکاریی لە بیرکردنەوە و رەفتاری ژیانی مرۆڤ بەهۆی کەلتوری باوەوە روودەدات، واتا لە رێگای تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی و پلاتفۆرم و تۆڕی ئالۆزی پەیوەندی و لە رێگەی ئێنتەرنێت و شاشە و ئامرازە زیرەکەکانەوە، کاریگەرییەکی زۆر لەسەر مامەڵەی مرۆڤەکان دروست بووە.
ئەم کەلتورە تەنها ئامرازی پەیوەندیکردن و ئاڵوگۆڕی زانیاری نییە، بەڵکو بووەتە فەزایەک کە کاریگەریی لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوە و رەفتاری مرۆڤەکان و تێڕوانینیان بۆ خۆیان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاک لە کۆمەڵگەدا هەیە.
تەکنۆلۆژیا، کاتێک دەبێتە مەترسی کە لە ئامرازێکی خزمەتکردن بە مرۆڤایەتییەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێک کە ئەقڵ کۆنترۆڵ دەکات و خوو و بەهاکان لە قاڵب دەدات
ئەم گۆڕانکارییانە بوونەتە هۆی دروستبوونی مۆدێلێکی نوێ کە دەتوانرێت بە «مرۆڤە دیجیتاڵییەکان» وەسف بکرێت- مرۆڤێک کە بووەتە بەشێک لە جیهانێکی مەجازی کە بەشدارە لە داڕشتنی کەسایەتی و رەفتاری رۆژانەییان.
ئێستا مرۆڤەکان دەیانەوێت هەموو چالاکییەک لە ژیانی تایبەت و ئاسایی خۆیان لەگەڵ ئەو فەزا دیجیتاڵییەدا لەگەڵ کەسانی تر هاوبەش بکەن، وەکو شێرکردنی ژەمێک لەسەر مێزێک، گەشتێک، یان تەنانەت کۆبوونەوەی خێزانیش، چیتر تەنها ساتەکانی تایبەت نین، بەڵکو بوونەتە ناوەڕۆکی ئامادەکراو بۆ نمایشکردن بۆ بینەرێکی مەجازی.
ئەمە مانای وایە، بەهای ساتێک چیتر لەو هەست و ئەزموونانەدا نییە کە پێشکەشی دەکات، بەڵکو لە کارلێک و حەز و تێڕوانینەکاندایە کە دروستی دەکات. لێرەوە ژینگەی دیجیتاڵی فۆرمێکی نوێی ناساندنی کۆمەڵایەتی دروست کردووە لە نێو تاکەکانیدا، لە کاتێکدا کە پێگەی کۆمەڵایەتی سەردەمانێک لە رێگەی دەستکەوتی راستەقینە یان پەیوەندیی راستەوخۆی مرۆڤەکانەوە دروست دەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەی شوێنکەوتوو و لایکەکان بۆ هەندێک کەس بووەتە نیشاندەری سەرکەوتن و کاریگەری.
ئەم گۆڕانکارییە وایکردووە زۆر کەس بەردەوام بەدوای بینیندا بگەڕێن تا ئەو رادەیەی کە هەندێکجار ژیانی دیجیتاڵی پێ گرنگترە لە بوونی ژیانی راستەقینە و واقع. لێرەدا یەکێک لەهەرە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی ئەم واقیعە ئەوەیە کە مرۆڤەکان ئێستا لەنێوان دوو جیهانی هاوتەریبدا دەژین: جیهانێکی واقیعی پڕ لە ئاڵنگاری و دژایەتی و جیهانێکی دیجیتاڵی کە تێیدا هەوڵدەدەن وەشانێکی ئایدیاکراو لە خۆیاندا بخەنەڕوو.
لەم جیهانە دیجیتاڵییەدا، جوانترین و باشترین و سەرنجڕاکێشترین وێنەکان هەڵدەبژێرن، لەکاتێکدا شکست و کێشە و گوشارەکانی رۆژانە دەشاردرێنەوە.
بە تێپەڕبوونی کات، بۆشاییەک لەنێوان کەسی راستەقینە و ئەو کەسەدا دروست دەبێت، کە پێشکەشی کەسانی دیکە دەکەن و دەبێتە هۆی هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و ناڕازیبوون و گوشاری دەروونی.
لێرەوە کاریگەریی تەکنۆلۆژیا، تەنیا لەناو تاکەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو پەرەیسەندووە بۆ کۆمەڵگە بە گشتی. ئێستا پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەشدارن لە داڕشتنی رای گشتی و دیاریکردنی رەوتە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەوە ئەوانن دیاری دەکەن کە ئێمە چی دەبینین و چیمان پێ گرنگە و رۆژانە باسی چی دەکەین؟، تا ئەو رادەیەی کە بەشێکی گەورەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیمان ئێستا زیاتر لە رێگەی شاشەکانەوە دروستدەبێت، نەک لە رێگەی ئەزموونە راستەوخۆکانەوە.
بە دیجیتاڵکردن، بەشدارە لە گۆڕینی مرۆڤ بۆ بەرهەمهێنەری داتا. هەر گەڕانێک، هەر لایکێک، هەر کۆمێنتێک و هەر چرکەیەک کە لەبەردەم شاشەیەکدا بەسەری دەبەین، دەگۆڕێت بۆ زانیاری کە شیکاری بۆ دەکرێت و بۆ تێگەیشتن لە رەفتار و رێنماییکردنی بەرژەوەندییەکان بەکاردەهێنرێت.
لێرەدا تاک لە بەردەم پارادۆکسی سەردەمی مۆدێرندایە، لە کاتێکدا مرۆڤەکان پێیانوایە کە چێژ لە ئازادییەکی فراوانی هەڵبژاردن وەردەگرن، زۆرێک لە هەڵبژاردنەکانیان بەردەوام لەژێر کاریگەریی ئەو شتانەدان کە سیستمی دیجیتاڵی پێشکەشیان دەکات.
لێرەدا بابەتە سەرەکی و بنەڕەتییەکە، خودی تەکنۆلۆژیا نییە بەو پێیەی کە کەلتوری باوە، کە وەکو یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی سەردەمی ئێمەیە و بەشدارە لە پەرەپێدانی زانست و پەیوەندی و پەروەردە و کاردا.
بە پێچەوانەوە، ئاڵنگاری راستەقینە لە چۆنێتی بەکارهێنانیدایە.
تەکنۆلۆژیا، کاتێک دەبێتە مەترسی کە لە ئامرازێکی خزمەتکردن بە مرۆڤایەتییەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێک کە ئەقڵ کۆنترۆڵ دەکات و خوو و بەهاکان لە قاڵب دەدات بەبێ ئەوەی تاک تەنانەت درکیشی پێبکات.
مرۆڤە مۆدێرن و دیجیتاڵییەکان پێویستیان بە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هەیە لەنێوان ژیانی راستەقینە و دیجیتاڵی خۆیان، هەروەها لەنێوان پەیوەندیی مەجازی و پەیوەندییە مرۆییە راستەوخۆکان.
لای مرۆڤە دیجیتاڵیەکان، کۆمەڵگەکان لەسەر لایک و ناسنامەی کۆمێنت و پۆستەکانیان و دڵخۆشبوونیان بە ژمارەی فۆڵۆوەرەکان کورت دەبێتەوە. ئەوەی مرۆڤ ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی پێیەتی ئەوەیە، کە لەبیری بێت کە بەهای راستەقینەی مرۆڤ لەسەر شاشەیەک دروست نەبووە، بەڵکو لە رێگەی ئەزموونە مرۆییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان و بەشداریکردنیان لە ژیانی ئەوانی دیکەدا بنیات نراوە.
لە سەردەمێکدا کە شاشەکان لە هەموو لایەکەوە دەورەمان دەدەن، پرسیارە سادەکە هەروەکو خۆی دەمێنێتەوە: ئایا ئێمە هێشتا تەکنۆلۆژیا بەکاردەهێنین بۆ باشترکردنی ژیانمان، یان ژیانمان لە قاڵب دەدەینەوە بۆ ئەوەی داواکارییەکانی تەکنۆلۆژیا جێبەجێ بکەین؟