شوان کەریم کابان 01:49 PM - 2026/08/16

شوان کەریم کابان

مێژووی کوردستان، مێژووی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانە. بەدرێژایی ئەو مێژووە گەلی کورد لە رووبەڕووبوونەوەدا بووە لەگەڵ دوژمنە پەلاماردەر و داگیرکەرەکاندا. 
لەو مێژووەدا چەندین جار راپەڕین و شۆڕش بەرپابوون و لەهەمووشیاندا بەشداربووان قارەمانییەتی و ئازایەتی بێ وێنەیان نواندووە. ئەوانەی لەو شۆڕش و رووبەڕووبوونەوانەدا چەکیان بۆ بەرگری کردۆتە شان لە قۆناغە جیاوازەکاندا ناوی جیا جیایان هەبووە، سەرەنجام لەسەر ناوی پێشمەرگە گیرساوەتەوە. 

پێشمەرگەی هەموو راپەڕین و شۆڕشەکان ئازا و قارەمان و گیانفیدابوون، بەڵام پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێ، هێزی پێشمەرگەی ی ن ک، جۆرێکی تریان لە قارەمانێتی تێدا بوو
ئەگەرچی هیچ پێناسەیەکی دیاریکراو نییە بۆ پێشمەرگە، بەڵام دەکرێت بڵێین پێشمەرگە ئەو مرۆڤە تێکۆشەرەیە کە چەکی بەرگری دەکاتە شان بۆ داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی گەلەکەی لەبەرامبەر دوژمنەکانی و ئامادەیی گیان بەختکردنی تیایە. 
بەدرێژایی مێژووی پێشمەرگایەتی لە 80 ساڵی رابردوودا (پێشتر ئەم ناونانە نەبووە)، ئەم پێناسەیەی بەسەردا دابڕاوە و ئەو مێژووە پڕە لە ئازایەتی و قوربانیدان و گیان بەختکردنی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، بەجیاوازی چین وتوێژەکانییەوە. باسکردنی پێشمەرگە لەم بابەتەدا، فەرامۆشکردنی قوربانیدان و ئازایەتی کارەکتەرەکانی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی تری مێژووی خەباتی کوردایەتی نییە، بەهیچ جۆرێک، بەڵکو تیشک خستنەسەر پێشمەرگەیە، چونکە چەند ساڵێکە هەڵمەتێکی پیلان بۆ داڕێژراو هەیە بۆ ناشیرینکردنی ناوی پێشمەرگە و بە کەم سەیرکردنی گیانفیدایی و قوربانیدانەکانی. 
وەک ئاماژەم پێدا، پێشمەرگە یان پێشتر هەر ناوێک لەو کەسانە نراوە کە چەکی شەرەف و مەردایەتییان لە شان کردووە بۆ داکۆکیکردن لە کوردستان، هەمووی کەسانی ئازا و خۆبەخت بوون، بەڵام ئەوەی بەندە مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم، پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێی کوردستانن بە رابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆچی قسەی لەسەر دەکەم؟ وەک پێشتر ئاماژەم پێدا بە بەرنامە کار دەکرێت بۆ ناشیرینکردنی پێشمەرگە و هێنانی ناوی تازە و نازناوی نوێ بۆ سڕینەوەی ناوی پێشمەرگە!.
 ی.ن.ک، دوای ساڵێک لە دامەزراندنی، شۆڕشی هەڵگیرساند، ئەوکاتە سوپای عیراق، سوپایەکی بەهێزی پڕچەک بوو، سەرمەستی هەرەسهێنانی شۆڕش بوو، دەستی دەگەیشتە دوورترین شوێنی کوردستان، ئا لەوکاتەدا، یەکێتی مەفرەزە سەرەتاییەکانی ناردە شاخ و لە نەبوونی چەک خواردن و ئازووقەدا، ناوچە بە ناوچە دێ بە دێ دەگەڕان بۆ پێدانی مژدەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و روونکردنەوەی رێبازی شۆڕشی نوێ بۆ خەڵکی کوردستان. 
لەو سەردەمەدا سوپای رژێم، کون بە کونی ناوچەکانی کوردستان دەگەڕا بۆ پێشمەرگە. لە درێژایی تەمەنی شۆڕشی نوێدا کە 15 ساڵ بوو تا راپەڕین، ئەوەی پێشمەرگە کردویەتی کەم وێنەیە!  لەو ماوەیەدا سەدان داستان و شەڕی گەورە کراون، هەزاران پێشمەرگە و فەرماندە و سەرکردە شەهید بوون، هەندێک شەڕی ساڵانی سەرەتای شۆڕش وەک شەڕی حەمک و ژاڵە و تەپی سەفا و شەڕی مامەندە و دواتر داستانەکانی گرتنی سەری رەش و دابان هەلاج و قەیوان ماوەت و رزگاری و گرتنی سەنگاو و قەرەداغ و فەوجی تەقتەق و داستانەکانی گەرمیان و دەشتی هەولێر و چالاکییەکانی ناو شارەکان و تەقەکردن لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی و شەڕی چەند رۆژەی  شاخی کەتوو و سەدان چالاکی مەڵبەند و تیپەکان و شەڕی ئەنفالەکان و پاشان دروستکردنی مەفرەزە پارتیزانەکان و دواتریش ئامادەکاری بۆ راپەڕین و راپەڕین خۆی، شایەتی ئەوە دەدەن، کە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ، کورد وتەنی کون لە جەرگیا نەبووە! وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا شەڕکەر و پێشمەرگەی هەموو راپەڕین و شۆڕشەکان ئازا و قارەمان و گیانفیدابوون، بەڵام پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێ، هێزی پێشمەرگەی ی ن ک، جۆرێکی تریان لە قارەمانێتی تێدا بوو، بە چەکی سووک و توانای کەم، بەڵام بەبڕوای پتەو بە رەوایی داوا و خواستەکانی نەتەوەکەمان، شەڕی پڕ چەکترین و دڕندەترین و بەهێزترین سوپای دەکرد، کە سوپای رژێمی رووخاوی سەدام بوو، رژێمێک کە هەموو بەشەکانی سوپا و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی شەڕکەری کۆپتەر و تۆپ و راجیمە و جاشی دژی شۆڕش بەکاردەهێنا، لە هەمووشی ترسناکتر بەکارهێنانی گازی کیمیایی و ژەهراوی بوو لە چەندین شەڕ و ناوچەدا، لە قەرەداغ لە شەڕەکانی قەیوان ماوەت لە بەرگەڵو، دژی هێزی پێشمەرگە. جگە لەوەی لە چەندین شار و شارۆچکە لە دژی خەڵکی کوردستان بەکاریهێنان. 
قارەمانێتی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ کەم وێنەیە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ دەرخستنی ناوێک، یان سیفەتیکی تر کە لە پیرۆزی و گەورەیی پێشمەرگە کەمبکاتەوە، نەزۆک و پووچەڵ دەبێت و ناوی پێشمەرگە هەمیشە بە بەرزی و پیرۆزی لەناخ و ویژدانی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە. 
شاعیری گەورە قوبادی جەلیزادە لە شیعرێکیدا دەڵێت: 
دایکم کوڕی نەبوو
بۆیە کە بەفر دەباری 
دەستی هەڵدەبڕی و 
نزای بۆ پێشمەرگە دەکرد 
ئاخر دایکم هەموو پێشمەرگەیەکی 
بە کوڕی خۆی دەزانی 

وتارەکانی نوسەر