ئەردەڵڵان عەبدوڵڵا
کۆڕەوی مەغریبییەکان بۆ باوەشی داگیرکەری ئیسپانی
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
لە تەواوی جیهاندا قسەوباسی زۆر لەبارەی کۆچی بەکۆمەڵ یان ( کۆڕەو)ی مەغریبییەکان بۆ ئیسپانیا دەکرێت، هەریەکە و لە سۆنگەی خۆیەوە شرۆڤەی ئەم ڕووداوە تراژیدییەی گەلی مەغریبی دەکات. من ناوی دەنێم کۆڕەو، چونکە بە جارێک هەزاران کەس، ژن و پیاو، گەنج و تەنانەت منداڵی ساواش، بڕیاری بەجێهێشتنی وڵاتیان داوە. دیارە لەپشت ئەم ڕووداوەشەوە، کۆمەڵێک فاکتەری ئاشکرا و نهێنی هەیە.
هەرزوو ئەوانەی باوەڕیان بە تیۆری پیلانگێڕی هەیە، پێیانوابوو کە ئەمە سیاسەتی ئەمریکایە دژی حکومەتی ئیسپانیا، چونکە دژی ئیسرائیل و ئەمریکایە، ئەمەش زیاتر لەناو جیهانی عەرەبی و حزبە ئیسلامییەکاندا باوە. گەرچی هەندێک شڕۆڤەکاری تری سیاسیی پێیانوابوو، ئەمە سیاسەتی مەغریبە دژی ئیسپانیا، چونکە لە ماوەی پێشوودا پەیوەندیی نێوان ئیسپانیا و جەزائیر باشبووە، بەڵگەشیان بۆ ئەمە ساڵی 2021 ە، کاتێک پەیوەندی نێوان مەغریب و ئیسپانیا تێکچوو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئیسپانیا ڕێگەی دابوو، سەرۆکی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازی پۆلیسارۆ، لە نەخۆشخانەیەکی ئیسپانیا چارەسەر وەربگرێت، لەپاش ئەوە، مەغریب نزیکەی 10 هەزار کۆچبەری بۆ ئیسپانیا نارد. لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتی مەغریبی بەوە ناسراوە کە دەسەڵاتێکی ستەمکارە و دەزگایەکی ئەمنی و هەواڵگری بەهێزی هەیە، هەر هاووڵاتییەک بچووکترین ڕەخنە لە مەلیک و بنەماڵەکەی بگرێت، یەکسەر دەستگیر دەکرێت، ئیتر چۆن دەکرێت دەسەڵاتی مەغریبی ئاگاداری ئەم کۆڕەوە نەبووبێت؟!
هەموو ئەم شرۆڤە و پرسیار و بۆچوونانە ئەگەری هەیە ڕاست بن، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجی من و چەند کەسانێکی تریشە لە جیهاندا، بۆچی بە جارێک نزیکەی 70 هەزار مەغریبی وڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن؟ ئایا بە پلەی یەکەم، ئەمە ئابڕوچوونێکی گەورە نییە بۆ دەسەڵاتی شانشینی مەغریبی؟ ئەم کۆڕەوە دوای یەک ڕۆژ دێت لە یادی 27 ساڵەی دەستبەکاربوونی مەلیک محەمەدی شەشەمدا. لە وتەیەکیدا کە بەو بۆنەیەوە پێشكەشی گەلی مەغریبی کرد، مەلیک محەمەد زۆر وەسفی حکومەتەکەی خۆی کرد، وا وێنای مەغریبی کرد، کە بۆتە بەهەشتێکی سەر زەوی، بەڵام لە واقعیدا دۆزەخێکی گەورەیە، بەتایبەتی بۆ گەنجان و خەڵکی هەژار.
بەلای منەوە ئەوەی لەم کۆڕەوەی مەغریبییەکاندا گرنگ بوو، دەرکەوتنی ( شکستی دەوڵەتداری نیشتمانی) بوو، لەکاتێکدا ماوەی زیاتر لە 500 ساڵە، ئیسپانیا شاری سەبتەی داگیرکردووە و هەمیشە مەغریبیش داوای گەڕاندنەوەی دەکات، هەروەها هەمیشە ئیسپانیا وەکو داگیرکەرێکی دڕندەی مەغریب دەناسرێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین کە لە بچووکترین فرستەدا، کاتێک دەرگایەکی بچووک دەکرێتەوە، بەجارێک هەزاران مەغریبی وڵات بەجێدەهێڵن و خۆیان دەخەنە باوەشی ئەو داگیرکەرەی کە ماوەی چەندین ساڵ بوو داگیریکردبوون و هەتاوەکو ئێستاش دەستی بەسەر بەشێکی خاکەکەیان گرتووە.
پێش چەند ساڵێک ڕۆژنامەنووسێکی سینیگالی نووسیبوی: ئەگەر ئەمڕۆ وەکو سەدەکانی پێشوو، پاپۆڕ بچێتە کەناراوەکانی ئەفریقا، داوا لە خەڵکی بکات، وەکو کۆیلە دەیانبات بۆ ئەمریکا یان ئەوروپا، ئەوا هەزاران کەس ئامادەن خۆیان فڕێبددەنە ناو ئەو پاپۆڕانەوە، بچن وەکو کۆیلە کار بۆ ئەمریکی و ئەوروپییەکان بکەن، چونکە هێندە ڕەوشی ژیانی خەڵكی لە ئەفریقا خراپە، خەڵکی ئامادەن هەموو شتێک بکەن، تاوەکو لەو دۆزەخە ڕزگاریان بێت، کە دەسەڵاتدارانی ستەمکار و گەندەڵی ئەو وڵاتانە بۆ خەڵکیان دروستکردووە.
چۆمسکی دەڵێت: هیچ وڵاتێک هەژار نییە، بەڵکو لە هەموو وڵاتێکدا بەشی ئەوەندە سەروەت و سامان هەیە، کە خەڵکی بە باشی بژین، ئەوەی کە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا هەیە، هەژاری نییە، بەڵکو بوونی دەسەڵاتی ستەمکار و گەندەڵە، کە وادەکات خەڵکی هەژار بن.
جگە لە هەژاریی و نەبوونی هەلی کار، نەبوونی ئازادییش رۆڵی گرنگی هەیە، کە وا لە خەڵکی دەکات بەتایبەتی گەنجەکان، وڵات بەجێبهێڵن. ئەو ئازادییەی کە هەموو تاکێکی خۆرهەڵاتی خەونی پێوەدەبینێت و لە وڵاتەکەی خۆیدا بوونی نییە. ئازادی بە هەموو شێوەکانی(سیاسیی، فەرهەنگی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، شەخسی) نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت، کە بەشێکی زۆری پیاوی خۆرهەڵاتی، دیدێکی ئیرۆتیکیان بۆ ئەوروپا هەیە، ئەمەش بە هۆی ئەو فیلم و سایتە پۆرنۆنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوە، هەروەک چۆن پیاوی ئەوروپی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، لەپاش بڵاوبوونەوەی حکایەتەکانی (هەزار و یەک شەوە)، دیدێکی ئیرۆتیکیان بۆ خۆرهەڵات هەبووە، کە ئەمەش هەڵە بوو.
بەهەرحاڵ ئەوەی لە مەغریب ڕوویدا، هەموو وڵاتانی جیهانی سێیەم دەگرێتەوە، بەتایبەتی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ئەوەی ڕوویدا، شکستی دەسەڵاتی نیشتمانی بوو، لەکاتێکدا دەسەڵاتێک نەتوانێت کەمترین مافەکانی خەڵکی مسۆگەر بکات، ئیتر خەڵکی ناچارە پشتی تێبکات و ڕێگەی هەندەران بگرێتە بەر.
ئێمەش لەو دیاردەیە بەدەر نین، پێش هەموو شتێک دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، دەرئەنجامی کۆڕەوی خەڵکی دروستبوو، سۆزێکی جیهانی هەبوو بۆ کورد، ویستیان لە دەسەڵاتی فاشیستی بەعسی بمانپارێزێن، بەڵام بەداخەوە هەر پاش چەند ساڵێک، هەزاران گەنجی کورد، ئەو کوردستانەیان بەجێهێشت، کە ماوەی چەندین ساڵ بوو خەونیان بە ئازادبوونییەوە دەبینی، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە، ئێمە وەکو هاووڵاتی ئەم هەرێمە، نەمانتوانیووە دەسەڵاتێکی عادیل و ئازاد و دیموکراسی دروستبکەین، کە ڕێز لە کەرامەت و داخوازییەکانی هاووڵاتییانی بگرێت، هەربۆیە ئێمەش هەمان چارەنووسی مەغریبییەکانمان دەبێت.