ئەردەڵڵان عەبدوڵڵا
مامۆستا هێمنی شاعیر
لەکوێوە بۆ کوێ؟
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
بە بڕوای من لە پاش گۆرانی شاعیر، هێمن گەورەترین و بەتواناترین شاعیری کوردە، کە توانیویەتی (شیعری ئازاد)ی کوردی بەرەوپێشەوەبەرێت، ئەگەر هێمن نەبوایە ئەوا کۆمەڵێک شاعیری ترمان نەدەبوو، چونکە ئەو لەپاش گۆران، توانی ئەرکی پێشخستنی شیعری کوردی بەتایبەتی (شیعری ئازاد) بگرێتە ئەستۆی و پاشان ڕادەستی کۆمەڵێک شاعیری بەتوانا تری بکات. بەداخەوە ئەم شاعیرە هەست ناسک و جوانەی گەلەکەمان، بە حوکمی ئەوەی کورد بووە، هەرزووش تێکەڵی کۆڕی سیاسەت و تێکۆشان بووە، بۆیە زۆرجار ڕووبەڕووی چەرمەسەری و ئاوارەیی و هەژاری بۆتەوە. هێمن تەنیا شاعیر نەبووە بگرە ئەو تێکۆشەر، سیاستەمەدار، کۆمەڵناس و چالاکوانی مەدەنیش بووە، ئەمەش لە شیعرەکانیدا بەدیدەکەین. هەربۆیە هەندێکجار، شیعرەکانی لەڕووی هونەرییەوە، ئاستیان باش نەبووە، دیارە وەکو مامۆستا محەمەدی مەلاعەبدولکەریم لە پێشەکی دیوانی ناڵەی جوداییدا دەڵێت:
_ ئەگەر لەهەندێ شیعری هێمندا لاوازییەک بەدی بکەین، ئەبێ بزانین هێمن کوردە و کوردەواریش لە فێربوونی دەستنوێژگرتن و نوێژکردنەوە بیگرە تا ئەگاتە پێکەوەنانی کۆڕی سیاسی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری نیشتمانی و نەتەوەیی و چینایەتی هەمووی هەر لە شیعر ویستووە و ڕووی دەمی کردۆتە شیعر، یان هەر هیچ نەبێ شیعری بۆ هەموو ئەم مەبەستە دوورودرێژ و دەرەتانانە خستووەتە کار،،ل 193.
یەکێک لەو شاعیرانەی کە هەمیشە حەزمکردووە شیعرەکانی بخوێنمەوە، هێمن بووە، بەڵام من لێرەدا نایەم باسی شیعرەکانی هێمن بکەم یان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەم، چونکە لەو باوەڕەدام قسەوباس و لێکۆڵینەوەی زۆر لەمبارەیەوە نووسراوە. بەلای منەوە لە شیعرەکانی گرنگتر ئەو پێشەکییە جوانەیە کە بۆ دیوانی تاریک و ڕوون بە ناونیشانی( لە کوێوە بۆ کوێ ) نووسیویەتی. ئەم پێشەکییە وەکو بیرەوەرییەکانی شاعیر وایە، هەرچەندە بە شێوەیەکی خێرا و کورت باسی ژیانی خۆی دەکات، بەڵام بەرچاوڕوونییەکی باشمان دەداتێ لەبارەی ژیانی خۆی، هەروەها باسی هەموو ئەو ڕووداوە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە دەکات کە شاعیر بینیوویەتی، لەپێش هەمووشیانە بەشداریکردنی لە کۆمەڵەی ( ژ.ک) و کۆماری مهاباد و حزبی دیموکرات و پاشان ئاوارەبوونی.
قازانجی شیعر
نووسەر وەکو لە پێشەکییەکەدا دەریدەخات، لە بنەماڵەیەکی خانەدان و دەوڵەمەندی ناوچەی موکریان بووە، لە هەمووی گرنگتر هێمن ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە باوکی زۆر دژی ئەوەبوو کە ببێتە شاعیر، کەشکۆڵی یەکەمی شیعرەکانیشی کاتێک دەکەوێتە بەر دەستی، یەکسەر سووتاندویەتی. لەمبارەیەوە نووسەر بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە باسی هەڵوێستی باوکی دەکات و دەڵێت:
-باوکم بە تووڕەییەوە وتی: خوێڕی کارم بۆ فێر بووە، شاعیری، شاعیری، دەیەوێ لە برسا بمرێ. پاشان خۆم بە موتبەخدا کرد، دەفتەرە سوورم لەسەر کڵی تەندوور بۆتە قەقنەس. ئەو دەمی زۆر پەرۆشی بووم، بەڵام پاشان گوتم، دەستی خۆش بێ، چونکە بێگومان ئێستا مابان، بۆ خۆم دەمسووتاندن، چونکە هەستی شاعیرانەی خۆمیان کەم تێدابوو، پاشانیش زۆری وام فڕێداون...ل 25
ئەوەی مایەی سەرنجە پێش ماوەیەک کتێبی ( هونەری ڕۆماننووسین)م خوێندەوە کە لە نووسینی نووسەری ناوداری مەکسیکی کارلۆس فۆینتسە، ئەویش هەمان حاڵەتی هەبووە، باوکی زۆر دژی ئەوە بووە ببێتە نووسەر چونکە پێی وابووە، هەرکەسێک ببێتە شاعیر یان نووسەر لەبرساندا دەمرێت. ڕاستە هەزاران کیلۆمەتر لە مەکسیکەوە دوورین، بەڵام هەستە ئینسانییەکان یەک شتن.
هێمن کۆڵ نادات و لە خوێندنەوەی شیعر و ئەدەبیات بەردەوام دەبێت و بەشداری کۆڕی ئەدەبیاتی دەڤەری موکریان دەکات، لەهەمانکاتیشدا بە دزی باوکییەوە کتێب و گۆڤار دەخوێنێتەو، بەتایبەتی ئەو گۆڤارانەی کە لە کوردستانی عیراق دەردەچن، لەوانە گۆڤاری گەلاوێژ.
کاریگەری گۆڤاری گەلاوێژ
من هەتاوەکو ئەم نووسینەی مامۆستا هێمنم نەخوێندەوە، نەمدەزانی کە چەندە گۆڤاری گەلاوێژ، ڕۆڵی گەورەی لە پێشخستنی ئەدەبیاتی کوردیی و هۆشیارکردنەوەی هەستی نیشتمانپەروەری لە کوردستانی ئێراندا بینیووە. لەمبارەیەوە دەڵێت:
-گۆڤاری گەلاوێژ ڕۆڵێکی باشی یاری کرد و لاوانمان فێری کوردی خوێندنەوە بوون، هەلوومەرج بۆ پێکهێنانی حزبێکی ناسیۆنالیستی کوردی لە مهابادا پێکهاتبوو. ل30
پاشان مامۆستا هێمن یەکێک لە قسە جوانەکانی لەبارەی شاعیری بوونی خۆیەوە دەڵێت:
-شاعیری هیچ قازانجی بۆ من نەبووبێ ئەو قازانجەی هەبوو، کە ئەو ناوە دوورودرێژەی(سەیدموحەمەد ئەمینی شێخ ئیسلامی موکری) لە کۆڵ کردوومەتەوە. ل11
کۆماری مهاباد و مانگی هەنگوینی
هێمن یەکێک بووە لەو شاعیرانەی کە هەر لەسەرەتای دروستبوونی کۆماری مهابادەوە بەشدار بووە، لەهەمانکاتیشدا ئەم کۆمارە دڵخۆشییەکی زۆری پێبەخشیووە، هەروەک چۆن بۆ هەموو کوردێک مایەی دڵخۆشی بووە، بەڵام ئەم دڵخۆشییە ماوەیەکی زۆر کەم بووە، لەوکاتەدا نووسەر ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنێت، لەمانگی هەنگوینیدا دەبێت، بەڵام لەناکاو کۆمارەکە لەناودەچێت و ئەمیش زۆر دڵتەنگ و بێزار دەبێت و تووشی ماڵوێرانی دەبێت. بەبڕوای من کۆمارەکە لە مێژووی کوردا، ڕێک وەکو مانگی هەنگوینیەکەی هێمن وایە، ڕاستە ماوەیەکی کەم بووە، بەڵام مایەی دڵخۆشییەکی زۆر گەورە بووە بۆ هەموو کوردێک.
دیدێکی ڕەخنەگرانە
لەگەڵ ئەوەی کە هێمن زۆر دڵسۆزی کۆمارەکە بووە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ڕووخانی کۆمارەکە دەکات و لەمبارەیەوە دەنووسێت:
_ڕاستە کوردستان پاش گیرانەوەی ئازەربایجان و لەدەستدانی ئەو هاوپەیمانییە بەهێزە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ درابوو، ڕاستە بەشێکی عەشائیر گوێیان لە کڵاوپەڕاندبوو و چاوەنۆری خراپیان لێ دەکرا، ڕاستە خەزینەی کۆمار بەتاڵ و حەتاڵ بوو، ڕاستە لەهەموو یارمەتییەکی دەرەوە هیوابڕاو کرابوو، بەڵام ئەگەر دەستەوەکەری کرابا و ئێمە ئەزموونی شۆڕشگێڕییمان هەبا، مێژووی کۆماری مهاباد، بەو جۆرە کۆتایی نەدەهات،،،ل40
بەغدا نیوەی ڕێگات بێت
لە سەدەی بیستەمدا کۆمەڵێک ڕووداوی گرنگ لە ئێران ڕوویاندا کە کاریگەری گەورەشیان بەسەر ئێمەی کوردەوە هەبوو، یەکێک لەو ڕووداوە گرنگانە جووڵانەوەی نیشتمانی ئێرانی بوو لە ساڵی 1952 بەسەرۆکایەتی محەمەد موسەدەق، ئەم ڕابوونە نیشتمانییە کاریگەری نەک لەسەر ئێران بگرە لەسەر تەواوی جیهان هەبوو، مەسەلەی بەنیشتمانیکردنی کەرتی نەوتی ئێران، هانی زۆر نەتەوەی تری لە جیهان دا، کە بیر لەمەسەلەی نیشتمانی بوونی کەرتی نەوت و کەرتە گرنگەکانی ئابووری بکەنەوە، لەهەمانکاتیشدا مەسەلەی ڕزگاربوونی ئابووری لەژێر دەستی کۆڵۆنیالیزم، بوو بە بابەتی سەرەکی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە. لە جووڵانەوەی نیشتمانی ئێراندا حزبی تودە(حزبی کۆمۆنیستی ئێرانی) ڕۆڵی سەرەکی گێڕا، بۆ ماوەیەکی کەمیش موسەدەق توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لە ئەنجامدا شای ئێرانیش ڕادەکات بەرەو بەغدا و دواتریش بۆ ئیتالیا، بەڵام پاشان بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا و بەریتانیا، یەکەمین کودەتای سەربازی لە سەدەی بیستەمدا ئەنجام دەدرێت و موسەدەق و جووڵانەوەکەی لەناودەبرێت، جێگەی ئاماژەیە ئەم کودەتایە بەسەرۆکایەتی جەنەراڵ شوارتزکۆپف ئەنجام دەدەرێت کە دواتر ساڵی 1991بووە فەرماندەی گشتی هێزی هاوپەیمانان بۆ دەرکردنی سووپای عیراق لە کوێت.
هێمن وەکو شاعیرێکی هەست ناسک و تازە پێگەیشتوو دڵگەرم، زۆر دڵخۆش دەبێت بە ڕاکردنی شا و سەرکەوتنی جووڵانەوەی نیشتمانی ئێرانی، هەرچەندە تەواوی هێز و لایەنەکانی ناو جووڵانەوەکە، نەک دۆستی کورد نەبوون، بگرە دژیشی بوون، تەنیا حزبی تودە نەبێت، کەمێک سۆزی بۆ دۆزی کورد هەبووە، ئەویش نەک بە جیابوونەوە و سەربەخۆیی بۆ کوردستانی ئێران، بگرە بە پێدانی هەندێک مافی کەلتوری.
هێمن لەمبارەیەوە دەڵێت:
- 25 گەلاوێژی 1332 ، جێژنەکە بوو بە دوو جێژن، لەو ڕۆژەدا شا لەبەر تەوژمی تووڕەیی خەڵکی خۆی نەگرت و ڕای کرد و بەرەو بەغدا هەڵهات، لەوێش نەگیرساوە و هەڵدێ بۆ ئیتالیا، بەڕاستی ڕۆژێکی خۆش بوو، دوکان و بازاڕ داخران و خەڵک ڕژانە ناو کووچە و خیابان بوو بە چەپڵەڕێزان و سەما و هەڵپەرین، ژن و پیا و گەورە بچووک لەو زەماوەندە بەشدار بوون، کۆبوونەوەیەکی گەورەی حیزبی لە مەیدانی شار کرا و منیش شیعرم بۆ خەڵک خوێندەوە، دیارە شیعرەکانیشم بە پەلە دروست کردبوو، لەبارەی هونەرییەوە، زۆرباش نەبوون، بەڵام لەبەرئەوەی ئیلهامم لە خەڵک وەرگرتبوو، بۆ خەڵک بوون، دوو سەعاتی پێ نەچوو گەورە و بچووک شیعرەکەمیان دەخوێندەوە و دەیانگووت: ( دەبڕۆ ئەی شاهی خائن، بەغدا نیوەی ڕیت بێ...ل54)
هێمن لێرەدا دان بەوەدا دەنێت، کە شیعرەکەی لەڕووی هونەرییەوە بەهێز نەبووە، بەڵام ئەم شیعرەی بۆتە وێردی سەر زمانی خەڵکی و هەتاوەکو ئێستاش لەسەر زاران دەوترێتەوە و بۆتە ئیدیۆمێکیش لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا.
دیدێکی ڕەخنەگرانە بۆ جووڵانەوەی نیشتمانی
لەپەنائەوەشدا هێمن بەدیدێکی ڕەخنگرانەوە دەڕوانێتە جووڵانەوەی نیشتمانی ئێران و هەڵەکانی دەردەخات، لەمبارەیەوە دەڵێت:
_ ئەگەر ڕابەرانی جووڵانەوەی ئازادیخوازی لە تاران وەدەستدەهاتن و بەرەنگاری کودەتێچییەکان دەبوون، هەرگیز کۆنەپەرستی نەیدەتوانی بەسەر جووڵانەوەی ئازادیخوازییدا زاڵ بێ و شا بگەڕێتەوە و وڵاتەکەمان بکاتە گۆمی خوێن و ئەو هەموو ئینسانە بەشەرەفە بکوژێ،،،ل55
حزبی دیموکرات
مامۆستا هێمن شاعیرێکی هەست ناسک و نیشتمانپەرەوەر و تێکۆشەرێکی کورد بووە، هەربۆیە هەر زوو تیکەڵی مەیدانی تێکۆشانی سیاسی دەبێت لەگەڵ پارت و ڕێکخراوە کوردییەکاندا، حزبی دیموکرات کە کۆنترین حزبی کوردی ئێرانە، مامۆستا هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە ئەندامێکی چالاکی ئەم حزبە بووە، شیعریشی بۆ نووسیوە. هەروەها لەسەر ئەندامبوونی لەم حزبەشدا، ئازار و مەینەتیی و دواجار ئاوارەیی زۆری چەشتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە چاوپۆشی لە هەڵەکانی ناو حزب نەکردووە و باسی کردووە، ئەمەش نیشانەی ئەمەکداریی و دڵسۆزی هێمنی شاعیر بووە.
هێمن دەڵێت:
-جووتیارەکانی کورستانی ئێران لە ساڵی 1952 لە دژی زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەی دەرەبەگەکان ڕاپەڕین و بۆیەکەمجار لە مێژووی کوردستانی ئێراندا، چینی چەوساوەی وڵاتەکەمان بۆ ماوەیەکی کورت، لە بەشێکی کوردستاندا، توانی بەسەر چینی دەسەڵاتداردا زاڵ بێ، بێگومان ئەگەر لەو سەردەمەدا ڕابەرانی حزبی دێموکراتی کوردستان، دروشمی خەباتی چەکدارانەی هەڵبگرتبایە و ئەزموونی شۆڕشگێری هەبایە و جڵەوی ئەو ڕاپەڕینەی بەدەستەوە بگرتابیە و چین و توێژەکانی دیکەی بۆ یارمەتی و پشتیوانی جووتیاران هان بدایە، ئەو ڕاپەڕینە زۆر زوو دەبوو بە ناوەندی شۆڕش و شۆڕشێکی سەرانسەری کوردستان و لەوانە بوو زۆر زوو بتوانێ مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتدا بچەسپێنێ، داخی گرانم ئەو هەلە لەبارە و ئەو دەرفەتە کەڵکی لێوەر نەگیرا،،، ل50
بەداخەوە هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی هێمن لەناو حزبی دیموکراتدا قبووڵ نەدەکرا، هەربۆیە زۆرجار رووبەڕووی کێشە لەگەڵ هەڤاڵانی ناو حزبەکە بۆتەوە، دواجاریش بەهۆی ئەو ناکۆکیانەوە لە حزب دووردەکەوێتەوە. هێمن وەکو شاعیرێک و کەسێکی نیشتمانپەرەوەر، سەیری ڕووداوەکانی کردووە، بەڵام ئەندامانی حزبەکە بەو شێوەیە نەیانبینیووە، بە واتایەکی تر ئەو زیاتر شاعیر بووە تاوەکو سیاسەتمەدار، بەڵام خەڵکانێکی زۆر دژی هێمن وەستاونەتەوەو نەیانتوانیوە ڕەخنەکانی قبوڵ بکەن، ئەوەی مایەی سەرنجە، یەکێک لەو کەسانەی کە لەناو حزبی دیموکراتدا زۆر دژی هێمن بووە، عەبدوڵڵای حەسەن زادە بووە، لەکاتێکدا ئەویش ئەدیب و نووسەرێکی بەتوانایە. بەڵام لەلایەکی ترەوە وازهێنانی هێمن لە حزبی دیموکرات و گەڕانەوەی بۆ ئێران، لە قازانجی ئەدەبی کوردی تەواو بووە، چونکە پاشئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، گۆڤاری (سروە) دەردەکات، ئەم گۆڤارەش خزمەتێکی ئێجگار گەورەی ئەدەبی کوردی کردووە لە کوردستانی ئێراندا.
مرۆڤێکی ئاسایی
پێش هەموو شتێک هێمن کورد بووە و خۆشی بە ئەندامێکی ئاسایی ئەو کۆمەڵگەیە داناوە، تیکەڵی ئازار و مەینەتییەکانی بووە، لەمبارەیەوە هێمن دەڵێت:
-من ئینسانم، نە مەلاییەکەم و نە پەری، دەخۆم، دەنووم، شاد دەبم و وەرەز دەبم و دەگریم، پێدەکەنم و دەترسم و نائومێد دەبم، لەو ماوە دووروودرێژەی ژیانمدا، زۆر کاری چاکم کردووە و بەسەر خراپیشدا کەوتووم ،،،ل57
لە میللەتەکەی خۆی ڕازییە
لەگەڵ ئەوەی شاعیر لەسەر کوردایەتی زۆر ئازار و مەینەتی کێشاوە، بەڵام هیچ کاتێکیش ئەمەی نەکردووە بە منەتێک بەسەر گەلەکەیەوە، یان وەکو هەندێک شاعیر، ببێتە شاعیر کۆشکی دەسەڵات، یان لە گەلەکەی بێزار بێت و قسەی ناشرین بە گەلەکەی بڵێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەمیشە شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە کردووە.
هێمن دەڵێت:
-بە پێچەوانی زۆر هونەرمەندی کورد، من زۆر لە نەتەوەکەی خۆم ڕازییم، کەس تا ئێستا بێ حورمەتی پێ نەکردووم، لە لێقەومانیشدا نانیان داومێ و رایان گرتووم، شیعرم تەنیا بۆ دەربڕینی ئێحساسی خۆم داناوە و هیچ هەقم نییە منەتیان بەسەردا بکەم، ئەوان پێیان ناخۆش بێ یا خۆش، من کە شیعرم بۆ هات ناتوانم نەیڵێم
دواجاریش دەڵێت:
-گەلێک قسەم لە دڵا بوو، حیکایەتم مابوو
کەچی لەبەختی کەچم، خامە نووکی لێرە شکا. ل58
سەرچاوە:
1/ بارگەی یاران. سەرجەمی شیعری هێمن. بەرگی یەکەم. بەسەرپەرشتی. بەدران ئەحمەد حەبیب، عوسمان دەشتی. چاپی یەکەم. هەولێر..2003
2/ هونەری ڕۆماننووسین؛ گفتوگۆی پاریس ڕیڤیو لەگەڵ کارلۆس فۆینتس دا . وەرگێڕانی، جەبار سابیر. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی.