د. ڕووبار مەجید ئەحمەد 10:26 AM - 2026/07/18

کەی ژن بە مافەکانی خۆی شاد دەبێت؟

مێژووی مرۆڤایەتی دەریخستووە کە ماف و ئازادییەکان هەرگیز لە تێکستی یاساکان یان لە بەخشندەیی خەڵکەوە سەرچاوە ناگرن بەڵکو لە ساتەوەختی پیادەکردنیاندا لە واقیعدا لەدایک دەبن، بۆیە چەسپاندنی ڕاستەقینەی ماف و ئازادیی ژن لە مومارەسەکردنی بێ مەرجی مافەکانیدا خۆی دەبینێتەوە، لەبەر ئەوە بە ڕای من ژن کاتێک مافەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت کە لە واقیعدا مومارەسەیان بکات و بەکاریان بهێنێت، واتە کۆمەڵگە و پیاو بخاتە بەردەم ئەمری واقیع، چونکە قسە زۆر کردن و داوای ماف کردن مانای ئەوەیە کە ئەو مافانە لە خەڵکی تر وەرەگرێت لە کاتێکدا ئەو مافانەی کە ژن داوایان ئەکات زۆر سروشتین و هەمان مافەکانی هەموو مرۆڤێک و هی پیاویشن، ئێ ئیتر بۆ و لە کێی داوا ئەکات؟؟ دە با ئیتر هەر ژنێک چی بە مافی خۆی ئەزانێ بەکاری بهێنێت بەدەستی بهێنێت، چونکە داواکردنی ماف واتە داوای مۆڵەتدان و مۆرکردنی مافەکانی لە کەسانێکی تر کە بەمەش ژن بەدەستهێنانی ئازادی و  مافەکانی ئەبەستێتەوە بە ڕەزامەندیی کەسانی ترەوە کە ئەوانیش مرۆڤن، دواجار بەمە کلیلی ئەو ئازادی و مافانە ئەداتە دەست ئەوانەی مۆڵەتی پێ دەدەن کە هەرکاتێک بیانەوێت منەتی بەسەردا دەکەن یان ئازادی و مافەکانی سنووردار دەکەن یان بە مافی خۆیانی دەزانن کە دووبارە مافەکانی لێ زەوت بکەن.
لەبەر ئەوە ئازایەتی بە ڕای من لە داواکردنی مافدا نییە هێندەی لەوەدا دەبینرێت کە ژن بە واقیعی ئەو مافانەی داوایان دەکات بە تەواوەتی بە مافی خۆی بزانێت نەک بە ترسەوە داوایان بکات یان دوو دڵ بێت لە بەدەستهێنانیان، چونکە تا باوەڕ بوون بە خاوەن بوونی مافەکان لای ژن دروست نەبێت ناکرێت ئەو مافانە بۆ ژن لە ناو کۆمەڵگەدا وەک ماف و ئازادی بۆی بچەسپێنرێن و جێگیر بکرێن، چونکە داواکردن تەنها بە وتار و وەرگرتنی وتاری بەرامبەر و بەڵێنی بێ کرداری بەرامبەر بار و دۆخێکی چەقبەستوو دروست دەکات کە داواکردنەکە هەر لە چێوەی داواکردن و لە بواری تیۆریدا دەمێنێتەوە و ناچێتە ناو بواری جێبەجێ کردنەوە، چونکە وتن بەرامبەرەکەی وتنە و کرداریش کرداری لێ بەرهەم بێت، هەمیشە کۆمەڵگەش ستایشی ئەو ژنانەی کردووە و دەیکات کە بە کردار خاوەن ماف بوونی خۆیان سەلماندووە لە بچووکترین مافەوە کە ڕێگە خۆشکەرە بۆ  بە دەستهێنانی گەورەترین ماف و دان نان بە سەرجەم مافەکان بۆ ژنان، هەر لەبەر ئەوە دەبینین کە خەڵات و ستایشەکان بۆ ژنە ڕچەشکێنەکانە بە زۆری و هەمیشە هەستیارییەک هەیە بەرامبەر ئەو ژنانەی تەنها بە وتن داوای مافەکانیان ئەکەن، چونکه ژن ئەبێت بە کردەوە خۆی بە خاوەن سەرجەم مافەکانی پیاو بە یەکسانی بزانێت نەک تەنها هەر داوایان بکات، تا کۆمەڵگەش ئەم مافانە بۆ ژن بکات بە واقیعێکی ژیانی ڕۆژانە و هەمیشەیی.

وتارەکانی نوسەر