رزگار شێخ حه‌سه‌ن 10:51 AM - 2026/07/14

پرۆسەی پێدانی مۆڵەتی بیناسازی بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانی، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە لە چاودێریکردندا، شار سیستمێکی زیندووە کە دەبێت لەژێر چاودێرییەکی وردی ئەندازیاریدا بێت، ئێستا کە مۆڵەتەکان بە پێی رووبەری زەوی و رێنماییە کلاسیکییەکان دەدرێن، بۆشاییەکی گەورە لە نێوان نەخشەی سەر کاغەز و واقیعی جێبەجێکردندا دروست بووە، ئەمەش سیمای شارەکانی بەرەو نادیار بردووە، لێرەدا کۆمەڵێک سەرنجی گرنگ دەخەینە روو بە ئومێدی سوودگەیاندن.

یەکەم: رەچاوکردنی سەلامەتیی گشتی 
دەستنیشانکردنی رێکارەکانی سەلامەتی لە کاتی رووداوە سروشتییەکان، یان کارەساتەکانی وەک ئاگرکەوتنەوەدا، دەبێت مەرجی لەپێشینەی هەر مۆڵەتێک بێت، چونکە یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان نەبوونی رێگای گەیشتنە بە نهۆمەکانی خوارەوە لە کاتی تەنگانەدا کە تەنیا لە رێگەی پلیکانەی ناوخۆیی ستانداردەوە دەستەبەر دەبێت، ئەم رێکارە نەک هەر بۆ سەلامەتی، بەڵکو بۆ رێکخستنی ناوەوەی باڵەخانەکانیش پێویستە، تاوەکو لە کاتی بوونی لافاو یان شۆرتی کارەبا، یاخود ئاگرکەوتنەوەدا، دانیشتووان رێگایەکی پارێزراویان هەبێت بۆ خۆ دەربازکردن.
لە لایەکی ترەوە، بەکارهێنانی رووبەری پێویست بۆ مەبەستی رووناکی و هەواگۆڕکێ، دەبێت لە چوارچێوەی ٪20ـی دیاریکراودا بە وردی جێبەجێ بکرێت، زۆرێک لە خاوەنکارەکان ئەم رووبەرە وەک رووبەرێکی بێ کەڵک دەبینن، لە کاتێکدا ئەمە سەرچاوەی سەرەکی تەندروستیی باڵەخانەکەیە، فەرامۆشکردنی ئەم خاڵە و بەکارهێنانی ئەو رووبەرانە بۆ مەبەستی تر، دەبێتە هۆی خنکاندنی باڵەخانەکە و نەبوونی ژینگەیەکی گونجاو بۆ نیشتەجێبوون، ئەمەش بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر بەکارهێنانی وزە و ئامێرەکانی ساردکەرەوە.

دووەم: ناسنامەی تەلارسازی 
ئەوەی ئەمڕۆ لە گەڕەکەکاندا دەبینرێت، فەوزایەکی گەورەی دیزاینە کە هیچ رەسەنایەتییەکی تێدا بەدی ناکرێت، بەکارهێنانی رەنگی ئاڵوواڵا و کەرەستەی رووکاری جۆراوجۆری بێ کوالێتی، وایکردووە شار وەک تابلۆیەکی پڕ لە پارچەی دژبەیەک دەربکەوێت، تیمەکانی شارەوانی دەبێت بە توندی چاودێریی رووکاری پێشەوەی باڵەخانەکان بکەن و تەنیا رێگە بەو رەنگ و دیزاینانە بدەن کە لەگەڵ ژینگەی شار و رەسەنایەتی ناوچەکەدا دەگونجێن، تاوەکو جوانییەکی بینراو بۆ کۆڵان و شەقامەکان بگەڕێتەوە.
جگە لە رەنگ، یەکخستنی دووریی باڵەخانەکان لە رووکاری شەقام و شۆستەکانەوە خاڵێکی جەوهەرییە، ناکرێت لە یەک کۆڵاندا هەر باڵەخانەیەک بە ئارەزووی خۆی بچێتە دواوە یان بێتە پێشەوە، ئەمە نەک هەر سیمای شەقامەکە تێک دەدات، بەڵکو کێشەی خزمەتگوزاری و پیادەڕەویش دروست دەکات، هەروەها دروستکردنی ریزە دوکان لەسەر سیاجی پڕۆژەکان کارێکی نەخوازراوە، پێویستە جەخت لە دروستکردنی مۆڵی ناوخۆیی بکرێتەوە کە هەموو پێداویستییەکان لە یەک شوێنی مۆدێرندا کۆبکاتەوە و سیاجی پڕۆژەکان بە سەوزایی یان دیزاینی مۆدێرن بڕازێنرێتەوە

سێیەم: ستانداردی بەرزی و نزمی و ئاستی نهۆمەکان
ناڕێکی لە بەرزیی و نزمیی نهۆمەکان و ئاستی شۆستەدا، یەکێکە لە دیارترین کێشەکان، پێویستە بەرزیی هەر نهۆمێک لە نێوان 3 بۆ 3.70 مەتر بێت و بە هیچ جۆرێک رێگە بە لادان لەم ستانداردە نەدرێت، کاتێک هەر خاوەنکارێک بە ئارەزووی خۆی بەرزیی نهۆمەکان دیاری دەکات، ئاسۆی بینین لە شاردا تێکدەچێت و باڵەخانەکان وەک پەیژەیەکی ناڕێک دەردەکەون، کە ئەمەش کێشەیەکی جدییە لە بواری تەلارسازییدا.
بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، تیمەکانی شارەوانی نابێت تەنیا لە کاتی پێدانی مۆڵەتدا ئامادە بن، بەڵکو دەبێت لە کاتی دروستکردنی نهۆمەکان و دیاریکردنی بەرزیی نهۆمەکانیشدا چاودێرییەکی مەیدانی ورد بکەن، هەر سەرپێچییەک لەم ئاستەدا دەبێت بە سزای قورس یان روخاندن کۆتایی بێت، چونکە چاککردنەوەی ئەم هەڵانە دوای تەواوبوونی بیناکە مەحاڵە و بۆ دەیان ساڵ کاریگەریی ناشرینیی لەسەر کۆڵانەکە دەمێنێتەوە.

چوارەم: پەیرەوکردنی سیستمی (نووسینگەی جێبەجێکاری)
بۆ گواستنەوەی بەرپرسیارێتی لەسەر شانی شارەوانی بۆ کەرتی تایبەتی پسپۆڕ، پێویستە سیستمی نووسینگەی جێبەجێکار پەیڕەو بکرێت، ئەم نووسینگانە دەبێت مەرجی توندیان هەبێت، وەک دانانی بارمتەی دارایی (تەئمینات) بە بڕی 150 ملیۆن دینار لای دەوڵەت و بوونی ستافێکی سێقۆڵی (تەلارساز، بنیاتنان، روپێوکار)، بەم شێوەیە نووسینگەکە دەبێتە پارێزەری کوالێتی و یاسا، چونکە لە کاتی هەر سەرپێچییەکدا بارمتە داراییەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە و مۆڵەتەکەی لێ دەسەندرێتەوە،
ئەم نووسینگانە دەبنە بەرپرسیاری یەکەم بەرامبەر خاوەن موڵک و دەوڵەتیش، ئەوان ئەرکی سەرپەرشتیکردنی تەواوی پڕۆژەکەیان لە ئەستۆیە لە دەستپێکەوە تا کاتی وەرگرتنی کلیل، ئەگەر بیناکە کێشەی ئەندازیاریی تێدا دەرکەوت، یان لە دیزاینە پەسەندکراوەکە لایدا، خاوەن موڵک مافی یاسایی دەبێت داوای قەرەبووی دارایی لە نووسینگەکە بکات، ئەم شێوازە نەک هەر بارگرانی سەر شارەوانی کەمدەکاتەوە، بەڵکو ئاستی کوالێتی بیناسازی لە وڵاتدا بۆ چەندین پلە بەرز دەکاتەوە.
لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم رێنماییە نوێیانەدا، دەبێت زۆر وریای پاراستنی بازاڕی کار بین لە قۆرغکاری، بۆ ئەوەی مۆڵەتی نووسینگەی جێبەجێکار تەنیا بە چەند کۆمپانیایەکی گەورە نەبڕێت و نەبنە هۆکاری بارگرانی دارایی بۆ هاووڵاتیان، هاوشێوەی ئەوەی لە سیستمی گازدا دەبینرێت، پێویستە مۆڵەتەکە بۆ هەموو ئەو ئەندازیارە گەنج و شارەزایانە کراوە بێت کە مەرجە زانستییەکانیان تێدایە، تاوەکو کێبڕکێیەکی تەندروست دروست بێت و تێچووی سەر هاووڵاتیانیش کەم بێتەوە.

وتارەکانی نوسەر