م. چەتۆ حەوێزی.
پێزانینێک بۆ هەڵوێستە جوانەکان
م. چەتۆ حەوێزی
ڕاستە لەو سەردەمەدا، بەهۆی ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی کە ڕوویانداوە (جا بەهەر هۆکارێک بێت) جۆرێک لێکدابڕان، دوورکەوتنەوە و ترازان لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕوویداوە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک کاری جوان هەیەکە شایستەی ستایش و پێزانینە، بەتایبەتی بۆ ئێمەمانان کە بەهۆی خەباتی شار و شاخەوە هاوڕێیەتی و هەڤاڵەتییەکی بەرفراوانمان بۆ دروست بووە، لەوانەیە ئەگەر تەمەنی ڕابردوومان بە ژیانێکی ئاسایی بەڕێ بکردبایە، ئەو جۆرە پەیوەندیانەمان بۆ دروست نەبووایە.
بەڵام بەداخەوە، لە مەودای ئەو خەباتە دوورودرێژ و پڕ لە هەوراز و نشێوەدا زۆرێک لەو هەڤاڵ و هاوڕێیانەمان گیانی خۆیان بەخشی و شەهید بوون؛ ڕۆحیان شاد و یادیان بەرز و بڵند بێت. ئەوانەشمان کە لە ژیاندا ماوین، بە گەلێک هۆکار لە یەک دوور کەوتووینەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە ڕێگەی هەندێ کارەوە بە تایبەتی ئەو کارە جوامێرانەی کە هەڤاڵانی سکرتاریەتی (ڕەوانشاد مام) ئەنجامی دەدەن و ڕۆژانە لە شار و شوێنە جیاجیاکاندا ئەو تێکۆشەرانە بەسەر دەکەنەوە، بەهۆی سۆشیاڵ میدیاشەوە بە دیتنی هەندێک لەو هەڤاڵانەمان چاومان ڕوون دەکەنەوە؛ کە لە ڕۆژانێکی فرە سەختدا، بۆ یەک ئامانج و بە یەک هیوا قۆناغە سەختەکانمان دەبڕی. تاوەکو لە ژیانیشدا مابین، یادەوەرییەکانی ئەو ڕۆژانەمان بە تاڵ و شیرینییەکەیەوە لەیاد دەرناچێت و گەلێک جاریش خۆزگە بەو ڕۆژانە دەخوازینەوە.
هەر چەندە لە لایەکی تریشەوە، داخ هەڵدەکێشین کاتێک دەبینین هەندێک لەو هەڤاڵە تێکۆشەرانەی کە سەردەمانێک پڵنگ ئاسا هەڵبەزو دابەزیان دەکرد ماندوو بوونیان نەدەناسی و لە جوڵە نەدەکەوتن، لە ئێستادا بەدەست نەخۆشیەوە لەسەر جێگە دەردەکەون یان بە زەحمەت ڕێدەکەن. هەروها حەسرەتباریشین کە دەبینین زۆربەی ئەو هەڤاڵانەمان کە لە ژیاندا ماون ئاسوودە و حەساوەنین و خواست و ئامانجی هەڤاڵە شەهیدەکانیشمان ناهاتۆتە دی، بەو بەسەرکردنەوانەی کە هەڤاڵەکانی سکرتاریەت ئەنجامی دەدەن، جگە لەوەی بۆ خۆیان مێژوویەکی پڕ لە وەفا و جوامێری دەنەخشێنن، دەشیسەلمێنن کە خوێندکارێکی بەوەفای خوێندنگەی ڕێبەر و مامی مەزنمانن و هەموو خەسڵەتە جوانەکانی ئەو خوێندنگەیە پڕ بەرەکەتە لە هەڵسوکەوتیاندا بریقە دەداتەوە؛ بۆ ئێمەش هەوێن و هەتوانێکە و بۆ حزبەکەشیان سەربەرزییە.
ستایشی بێ کۆتایمان پێشکەش بە یەک بەیەکی ئەو هەڤاڵانەی سکرتاریت دەکەین و چەپکە گوڵی وەفاداریان دەنێرینە خزمەت.