عیماد ئەحمەد 09:42 AM - 2026/06/11


هەندێ هەڵە هەن، لە ساتی ڕووداندا بچووک و بێدەنگ دەردەکەون، بەڵام دوای ساڵان، وەک برینێکی قووڵ و بێبەزەیی بە جەستەی مێژووەوە خۆیان نیشان دەدەن. زۆر جار مرۆڤ، ڕێکخراو، یان گەلێیەک، نە بەهۆی کەمیی هێز و بازووەوە، بەڵکو بەهۆی هەڵە لە هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکان و تێکچوونی هاوسەنگیی ئەولەویەتەکانیدا شکست دەهێنێت. کاتێک جیاوازیی نێوان بەنرخ و کەم‌نرخ، نێوان جۆگە و ڕووبار، نێوان درەخت و باخ، یان نێوان «ساتی کاتی» و «سەدەی ستراتیژی» ون دەبێت، ئەوەی دەستپێدەکات تەنها هەڵەیەکی سادە نییە؛ بەڵکو دەبێتە تەڵەیەک کە چارەنووسی گەلێک تێکدەدات.

مرۆڤ کاتێک لەبەردەم تیشکی خۆردا چاوەکانی توند دەنوقێنێت، لەوانەیە پەنجەیەکی خۆی لە تەواوی گەردوون گەورەتر ببینێت. ئەمە نە بەهۆی زەبەلاحیی پەنجەکەیە، بەڵکو بەهۆی هەڵەی تێڕوانین و نزیکیی مەوداکەیە. لە سیاسەت، کۆمەڵگە و ژیانیشدا هەمان یاسا کاردەکات؛ شتە نزیک و کاتییەکان بەهۆی تینوێتیی دەروونیی مرۆڤ بۆ سەرکەوتنی خێرا، زۆرجار بە گەورەتر لە ڕاستیی خۆیان دەردەکەون. لە بەرامبەردا، ئاسۆ ستراتیژی و درێژخایەنەکان لە ژێر سێبەری ئەو بریقە کاتییانەدا کز و ون دەبن.
له‌بەر ئەوە، دانایی بریتی نییە لە کۆکردنەوەی زۆری زانیاری، بەڵکو لە ناسینەوەی فەلسەفەی ئەولەویەتەکاندایە. دانا ئەو کەسەیە، کاتێک لە کونی تەنگی «ئێستا»وە دەڕوانێت، ئاسۆی فراوانی داهاتووش لەبیر ناکات. وەک چۆن ئەرستۆ باسی دەکات، حیکمەت لە هاوسەنگیدایە؛ دانا دەزانێت کە نابێت لە پێناو تاقە درەختێکدا باخێک لەدەست بدرێت، یان بۆ تێرکردنی جۆگەیەک، سەرچاوەی ڕووبارێک وشک بکرێت.

پێشینانمان بە حیکمەتێکی قووڵەوە دەیانگوت: «بۆ پارچەیەک زێڕ، کانی زێڕ مەفرۆشە.» ئەم وتەیە تەنها پەندێکی بازرگانی یان ئابووری نییە؛ بەڵکو فەلسەفەیەکی تەواوی ژیانە. لە ململانێی ڕۆژانەدا، زۆرجار مرۆڤ لەبەر دەستکەوتێکی ماددی یان پێگەیەکی کاتی، متمانەی گشتی، دۆستایەتییەکی دێرین، ناوبانگێکی پاک یان ئارامیی ڕۆحی خۆی دەکاتە قوربانی. تەنها دوای تێپەڕینی کات و کشانەوەی تەمومژەکە تێدەگات کە بەهای ئەو شتە بەنرخەی پێشکەشی کردووە، هێندە گەورە بووە کە هەرگیز بەو دەستکەوتە بچووکە قەرەبوو ناکرێتەوە. شاعیرانی کلاسیکی ئێمەش هەمیشە هۆشدارییان داوە کە مرۆڤ نەبێتە دیلی بریقەی کاتیی دونیا و ئەسڵی بوونی خۆی ون نەکات.

«تەکتیک ئامرازە، بەڵام ستراتیژ ئامانجە.»
لە دنیای سیاسەتدا، ئەم یاسایە توندتر، بێبەزەییتر و مەترسیدارترە. کاتێک هێزە سیاسییەکان یان ڕێکخراوەکان ستراتیژی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی گشتی دەکەنە قوربانیی بردنەوەی لە کێبڕکێیەکی حزبیی قۆناغی، ئەوان ڕێک ئەو هەڵە کوشندەیە دەکەن کە باخەوانێک بۆ پاراستنی درەختێک لە سەرمای شەوەزەنگێکدا، تەواوی باخەکەی دەسوتێنێت و پێشوازی لە زستانێکی ئەبەدی دەکات.

مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەم جۆرە سەرکێشییە کوێرانە. زۆر دەوڵەت و ئیمپراتۆریەتی گەورە (وەک ئەوەی لە ساتی داڕمانی ناپۆلیۆن یان هێتلەردا بینیمان) لەبەر هەوەسی سەرکەوتنێکی خێرا و کاتی، تەواوی داهاتووی نەتەوەکەیان لەدەست دا. زۆر سەرکردە بۆ مانەوەی چەند مانگێک لەسەر کورسیی دەسەڵات، متمانەی مێژوویی گەلێکیان بەفیڕۆ داوە، و زۆر ڕێکخراویش بۆ بردنەوەی ملمـلانێیەکی ناوخۆیی و بچووک، شەڕە گەورە و چارەنووسسازەکەی دەرەوەیان لەبیر کردووە.
ئەگەر مێژووی نوێی کوردستانیش بخوێنینەوە، دەبینین گەورەترین تەحەدیی ئێمە هەمیشە لەو بۆشاییەدا بووە کە لە نێوان «ئەوەی ئێستا دەمانەوێت» و «ئەوەی داهاتوو و قەوارەمان دەپارێزێت» دروست بووە. هەندێ جار، ملهوڕی و بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان لەسەر هاوکێشە نیشتمانییەکان زاڵ بوون. هەموو وزە، خاک و توانای مرۆیی لەسەر کێشەیەکی ناوخۆیی بچووک خەرج کرا، بەڵام پرسی گەورەی چارەنووسی گەل بەجێما. لەو ساتانەدا، فیداکاری و قوربانی زۆر بوو، بەڵام بەرهەم و دەستکەوت کەم؛ چونکە قوربانییەکان لە شوێن و کاتی دروستی خۆیاندا نەبوون.
داخەکەم لە شەری ناوخوو ، بچێت و نەیەتەوە لە سەر گردێک وەک کڵاو قاسم ویان کەپکی حەمەد ئاغا سەدان پێشمەرگەی هەردوولا کرانە قوربانی کە نە چاڵە نەوت و نە کانزای زێزی تیایە بوو  

گەلان تەنها بە زۆریی قوربانی کێشیان قورس نابێت؛ بەڵکو بە زانینی شوێنی فیداکاری گەورە دەبن. هەموو قوربانییەک پیرۆز نییە، هەندێ قوربانی تەنها بەهەدەردانی سەرمایەی نەتەوەییە. فیداکاری کاتێک مانا و بەهای هەیە کە ئاسۆیەکی ڕوونتر و دەسکەوتێکی گەورەتر بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات.
« سۆن تزو »فەیلەسوف و ژەنەراڵی کۆنی چینی،  (2500)ساڵ پێش ئێستا  لە کتێبی (هونەری جەنگ)دا دەڵێت: «ئەو سەرکردەیە سەرکەوتووە کە بزانێت کەی بجەنگێت و کەی نەجەنگێت.» لە پشت ئەم حیکمەتە سەربازییەوە ڕاستییەکی قووڵی ژیان هەیە: لە جەنگدا سەرباز فێردەکرێت کە بۆ پاراستنی تەواوی سوپاکە، ڕەنگە ناچار بێت سەنگەرێک یان خاکێک بە شێوەیەکی کاتی جێبهێڵێت. بەڵام ئەگەر بۆ پاراستنی تەپۆڵکەیەکی بچووک، هەموو سوپاکەی بە کوشت بدات، ئەوە سەرکەوتن نییە، بەڵکو «خۆکوژیی ستراتیژییە».
هەمان هاوکێشە لە ژیانی تاکەکەسی، کۆمەڵگاشدا ڕەنگدەداتەوە:
 هەندێ کەس بۆ کۆکردنەوەی پارە، تەندروستیی خۆی لەدەست دەدات؛ دوایتر بۆ گەڕاندنەوەی تەندروستی، هەموو پارەکەی خەرج دەکاتەوە.
 هەندێ کەس بۆ بەدەستهێنانی پلە و پۆست، خێزان و بنەماکانی مرۆڤایەتی لەدەست دەدات.
 هەندێکیش بۆ متمانە و ناوبانگێکی درۆینە، ئارامیی ڕۆحی خۆی دەفرۆشێت.
کێشەکە لە خودی بڕیاردانەکەدا نییە؛ کێشەکە لە نەزانینی نرخی ڕاستەقینەی ئەو شتەدایە، دەیدەیت و ئەو شتەی کە وەری دەگریت.

لە کۆتاییدا، مێژوو دادوەرێکی بێدەنگە بەڵام دادپەروەرە. زوو حوکم نادات، بەڵام هەرگیزیش لە حوکمدانیدا تووشی هەڵە نابێت. کاتێک تۆز  ململانێکان دەنیشێتەوە، دوای ساڵان و دەیان ساڵ ڕوون دەبێتەوە کێ باخی نیشتمانی پاراستووە و کێ بۆ تاقە درەختێک سوتاندوویەتی؛ کێ ڕووباری متمانەی گشتی پاراستووە و کێ بۆ جۆگەیەکی کاتی
رووبارێک وشکی کردووە؛ کێ ستراتیژی نەوەکانی پاراستووە و کێ بۆ بردنەوەی ساتێکی تێپەڕ، داهاتووی قوربانی کردووە.
بۆیە، پێش ئەوەی هەر هەنگاوێک بنێین یان بڕیارێک بدەین، ئەرکی ئەخلاقی و مێژووییمانە لە خۆمان بپرسین: ئەوەی بەدەستی دەهێنین، بەهای ئەو شتە هەیە کە لە دەستی دەدەین؟
چونکە گەورەترین تراجیدیا تەنها لەدەستدانی شتەکان نییە؛ گەورەترین تراجیدیا ئەوەیە کە مرۆڤ یان گەلێک هێندە کوێر بێت، کە نەیبێت و نەزانێت چی لەدەست داوە. ئەو میللەت، ڕێکخراو و مرۆڤانەی کە سنووری نێوان بەنرخ و کەم‌نرخ، نێوان جۆگە و ڕووبار، نێوان درەخت و باخ، و نێوان سات و سەدە دەناسن، تەنها ئەوانە براوەی ڕاستەقینەی دادگای مێژوون.

وتارەکانی نوسەر