پەیامی پیرۆزباییەكان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی گەلی كوردستان

کوردستان 02:36 PM - 2026/09/10

پەیامی پیرۆزباییەكان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی گەلی كوردستان



بەڕێزان: بەڕێوەبەر و میدیاکار و کارمەندانی کەناڵی گەلی کوردستان

بە بۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی دایک، کەناڵی گەلی کوردستان، بەناوی بۆردی ڕاگەیاندنەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی دڵسۆز و تێکۆشەر و لەڕێگەی ئێوەشەوە لەسەرجەم کارمەندان و تەواوی ئەو میدیاکار و سەربازە وونانە دەکەین، کە لەوێستگەیەک لە وێستگەکان خزمەتیانکردوە، هەروەک لەم یادە پڕ شکۆیەدا بەڕێزەوە ستایشی مێژوو و ماندووبوونی ئەو چەند دەیەیە دەکەین، کە تێیدا بە هەڵوێستێکی بەرپرسانە و روماڵێکی سەنگین وەک سەکۆیەکی ڕاستبێژ، بەردەوام بوون لە خزمەتکردن بە کاروانی ڕاگەیاندنی کوردی.
کەناڵی گەلی کوردستان، بەدرێژایی ئەو مێژووە، نەک هەر پەخشی دەنگ و ڕەنگی چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو، بەڵکو خوێندنگە و ناوەندێکی گەورەی پێگەیاندن بووەو بە جۆرێک خزمەتی کردوە، کە ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکارە سەرکەوتووەکان لە کەناڵە کوردستانیی و عیراقیەکاندا، بەرھەمی ئەو وێستگە پڕ لە شانازییەن.
بێگومان، گەلی کوردستان پێگەیەکی بێوێنە و مێژوویی لە ڕاگەیاندنی نیشتمانیدا هەیە و جێگەی شانازیی هەموانە. لێرەوە، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین   و هەوڵ و هەنگاوە تازەکانتان بەرز دەنرخێنین لە پێناو خزمەتکردنی زیاتر، 
سەرکەوتوو و سەربەرز بن.


بۆردی ڕاگەیاندنی
 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
-------------------------------------------------------------------------------
بەبۆنەی ساڵیادی دەستپێکی پەخشی کەناڵی "گەلی کوردستان"، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەران، ڕۆژنامەنووسان و تەواوی ستافی ماندووی ئەم ناوەندە میدیاییە دەکەم. گەلی کوردستان وەک دایکە میدیا و دەنگی ڕەسەنی سەردەمی ئازادی و ڕاپەڕین، پێگەیەکی مێژوویی و سەنگینی لە هۆشیاریی نەتەوەیی و گەیاندنی ڕاستییەکاندا هەیە. بەهیوای بەردەوامی لە پاراستنی متمانەی بینەران و سەرکەوتنی زیاترتان لە کاروانی میدیاییدا



پۆڵا سیروان تاڵەبانی
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
...............................................................................
بەڕێزان  بەڕێوەبەری گشتی و میدیاکارانی  کەناڵی گەلی کوردستان 

لەساڵیادی  دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کورستان گەرمترین  پیرۆزباییتان  لێدەکەین و هیوای  سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین .
لەم بۆنەیەدا  هیوادارین کەناڵەکەتان وەک هەمیشە بەداهێنان و نوێگەرییەوە لەناو جەنجاڵیی ئەمڕۆی کاری میدیاییدا ، لەسەر ئامانجی ڕاستی گوتن و هەواڵ و زانیاری بەخشینی هۆشیار کردنەوە بەردەوام بێت و هەستکردن بە لێپرسراوێتی ئیتیک و بنەما ڕۆژنامەوانیەکان لەپێشینەی کارەکانتان بێت . 

دووبارە پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندن و سی وپێنج ساڵەی کەناڵی دایک ، کەناڵی پێشمەرگە خاوەن هەگبەیەک لەکارو بەرهەمی پڕ دانسقەی  تەلەفزیۆنیی لە کوردستاندا . 

مەکتەبی سیاسی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

-----------------------------------------------------------
بەڕێزان: بەڕێوبەر  و سەرجەم کارمەندانی کەناڵی گەلی کوردستان 
بابەت: پیررۆزبایی

بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی گەلی کوردستانەوە جوانترین پیرۆزبایی خۆمتان ئاڕاستە دەکەم.
گەلی کوردستان وەک یەکەم کەناڵی بینراوی دوای ڕاپەڕین،  ڕۆڵ و کاریگەریی گەورەی هەبوو لە گەیاندنی پەیامەکانی یەکێتی نیشتمانی بە کۆمەڵانی خەڵک، هاوشانی ئەوە لەگەڵ دەنگ و کێشەکانی خەڵکدا ژیاوە.
گەلی کوردستان کەناڵێکی نزیکە لەخەڵکەوە، بۆیە چەندین ناوی جیاجیای پێدراوە لە ڕووی جەماوەرییەوە، سەردەمێک بە کەناڵی دایک و سەردەمێک بە کەناڵی پێشمەرگە و ... هتد ناسراوە.
بەهیوام ساڵی نوێی کارکردنتان، ساڵی پڕ بەرهەم و نوێبوونەوەی زیاتر و خزمەتی زیاتر بێت بە وەرگرەکانتان.

بمێنن و لەگەشەکردندابن.

هەڵمەت هۆشیار
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی ی.ن.ک
......................................................................
بەرێز بەرێوبەرو کادرو کارمەندانی گەلی کوردستان

لەیادی  ٣٥هەمین سالەی دامەزراندن ویەکەمین  کەناڵی گەلی کوردستاندا بەناوی سەرپەرشتیارو لێپرسراوی بۆردو تەواوی کادروکارمەندانی مەکتەبی کاروباری رێکخراوەییەوە گەرمترین پیرۆزبایتان ئاراستەدەکەین ودەست ماندوبونتان دەگوشین و شەونخونیتان بەرزدەنرخێنین هیوای سەرکەوتنتان بۆدەخوازین 
گەلی کوردستان یەکێکە لەدەستکەوتە گەورەکانی  ڕاگەیاندنی یەکێتی ومیدیای کوردی  کەبەیەکێک لەسەروەری شانازیەکانی یەکێتی  نیشتمانی کوردستان  کەناڵی دایک بەبەنرخترین دیاری سەرۆک مام جەلال ویەکێتی نیشتمانی کوردستان دادەنریت لەدوای راپەرین. کەبوە خوێندنگەیەک بۆهەموو میدیاکارو رۆژنامەنوسان   گەلی کوردستان لەسەرەتای پەخشەکانیەوە بەکەناڵێکی راستگۆو بوێرناسراوەو توانیویەتی بەزانیاری وهەواڵ وبەرنامە جۆراوجۆرەکانی  سوبگەیەنێت بەهەموو بینەرەکانی  ومیوانێکی  پڕ بایەخی ماڵەکانمان بوە  بەدەرفەتی دەزانین لەم یادەپرشکۆیەدا پیرۆزبای لەهەموو ئەوانەش بکەین کەرۆژگارێک لەم کەناڵەکاریان کردوە دروددەنێرین بۆهەموو ئەوانەش ئێستا لەژیاندا نەماون ولەم کەناڵەکاریان کردوە   پیرۆزبایش لەتەواوی بینەرەکانی ئەم کەناڵە ئازیزەدەکەین لەهەرشوێنێکی ئەم دنیایەن دووبارە پیرۆزە

مەکتەبی کاروباری رێکخراوەی
---------------------------------------
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا پیرۆزبایی لە کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان دەکات

بەڕێزان، بەڕێوبەرو میدیاکاران و رۆژنامەنووسانی کەناڵی گەلی کوردستان

بەبۆنەی 35هەمین ساڵیادی دامەزراندنی  کەناڵی گەلی کوردستان گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراسته دەکەم، بەهیوام بەردەوام بن لە گەشەکردن و بەرەوپێشچوون.

تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، کاتێک لە ئەیلولی 1991دا پەخشی خۆی دەستپێکرد، جاڕی قۆناغێکی نوێی دا لە راگەیاندنی کوردی کە تا ئەو کاتە هیچ کەناڵێکی بینراوی کوردیی رەسەن لەسەر خاکی کوردستان بوونی نەبوو، هەر بۆیە زۆر بەگەرمی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا، بەتایبەتی کە کەناڵەکە هەمیشە دەربڕو گوزارشتکەری هیوا و خەم و تێڕوانینەکانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بووەو بابەتییانە و هاوسەنگانە ئەرکی میدیایی خۆی بەجێگەیاندووە. بۆیە کارکردن لەو دامەزراوە میدیاییەدا، لەرابردوو و ئێستاشدا، جێگای شانازییە.

لەم سەردەمەشدا کە کەناڵ و دامەزراوەی میدیایی زۆرو زەبەند هەن، گەلی کوردستان تاڕادەیەکی باش توانیویەتی خۆی لەگەڵ بارودۆخە ئاڵۆزو نوێیەکەدا بگونجێنێت، لەو بوارەشدا ئێمە وەک هەمیشە پشتیوانتان دەبین.

جارێکی تر پڕ بەدڵ پیرۆزباییتان لێدەکەم.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
 لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی(ی.ن.ک)
-----------------------------------------------------------------
بەڕێز بەڕێوەبەر و میدیاکاران و کارمەندانی کەناڵی گەلی کوردستان .

لەساڵیادی دامەزراندنی کەناڵە ئازیزەکەتان ، لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم .

کەناڵی گەلی کوردستان وەک یەکەمین کەناڵی کوردی دوای راپەڕین ، شانازییەکی  تری یەکێتییە کە بەبڕیاری سەرۆک مام جەلال دامەزراو وەک میدیایەکی بەرپرسیارو سەنگین درێژەی بە خزمەتەکانی داو ئەمڕۆش لەسەر هەمان رێچکە بە ستایلێکی نوێوە ئەرکەکانتان لەسەر بنەما و پابەندبوون بە بەها باڵا و پیشەییەکانی کاری راگەیاند رادەپەڕێنن ، کە جێگای دەست خۆشی و پێزانینمانە .

هەر شادو سەربەرزبن . 

جەلال شێخ ناجی 
سەرۆکئ ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری
------------------------------------------
شاڵاو کۆسرەت رەسول پیرۆزبایی لە کەناڵی گەلی کوردستان دەکات

بەڕێزان: بەڕێوەبەرو میدیاکارو کارمەندانی کەناڵی گەلی کوردستان

سی و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی گەلی کوردستان لە ئێوەو سەرجەم کارمەندان و میدیاکارانی کەناڵەکە پیرۆز دەکەم، ئومێدی بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.

ئەوێ رۆژێ، لە دوای راپەڕین، کەناڵی گەلی کوردستان وەک کەناڵی دایک دیاری و بەخششی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان و میدیاکاران بۆ ئەوەی لەرێگایەوە خزمەتی خەڵک بکرێت و دەنگ و رەنگیان بگەیەنرێت.

لەوساوە بۆ ئەمڕۆ، لە قۆناغە جیاوازەکاندا، بەپێی بارودۆخەکەو پێویستییەکانی قۆناغەکە، کەناڵی گەلی کوردستان توانیویەتی خزمەت بکات و دەنگ و رەنگ و سەدای دیدو بۆچوونە جیاوازەکان بێت و هەڵگری مەشخەڵی گەیاندنی راستی بێت بە هەمووان.

ئەمڕۆ کە ئەم یادە دەکەینەوە، وێڕای دووبارە پیرۆزباییم، پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمتان بۆ دووپات دەکەمەوە و بە هیوام بتوانن هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی بواری میدیا وەک هەمیشە کەناڵێکی پابەندو وابەستە بن بە ئیتیکی کاری میدیایی و گەیەنەری سیاسەتی یەکێتیی بن لە پێناو خزمەتکردنی دۆزەکەمان.

براتان
شاڵاو کۆسرەت رەسول
------------------------------
پیرۆز بێت ساڵیادی ئەو شاشەیەی کە بۆ یەکەمین جار وێنەی ئازادیی نیشانی کوردستانیان دا.
(گەلی کوردستان) هەمیشە وەک فێرگەیەک و پێشەنگێکی میدیای نیشتمانی ماوەتەوە. دەستی ماندووبوونی یەک بە یەکی ستافەکەتان دەگوشم و ئومێدەوارم هەمیشە لە نوێبوونەوە و پێشکەوتندا بن.

لاڤە حیکمەت 
سەرپەرشتیاری گشتیی یەکێتیی ژنانی کوردستان
----------------------------------------
بەڕێزان بەڕێوەبەر و رۆژنامەنووسانی کەناڵی گەلی کوردستان
بەبۆنەی یادی دامەزراندنی کەناڵی گەلی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
کەناڵی گەلی کوردستان کە بە کەناڵی دایک ناسراوە یەکێکە لە شانازییەکانی مێژووی راگەیاندنی کوردی و لە قۆناغە جیاوازەکاندا خزمەتی گەورەی بە بواری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی کوردی کردووە. بەم مێژووە مەزن و درەوشاوەیەوە ئێمە و بینەران و خەڵکی کوردستان لەم قۆناغەشدا چاوەڕوانی زیاترمان لێتان هەیە و هیوادارین بە خۆنوێکردنەوە و پلان و بیرۆکەی نوێ و داهێنەرانە زۆرترین بینەر لە دەوری خۆتان کۆبکەنەوە.
بە هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر
قوباد تاڵەبانی
لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
-------------------------------------------------------

٣٥ ساڵ لە خزمەتی دەنگ و ڕاستیدا

بەبۆنەی یادی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی، کارمەندان و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بە وشە و وێنە، خزمەتی ڕاستی و ئازادییان کردووە.

ئەم تەلەفزیۆنە تەنها دامەزراوەیەکی ڕاگەیاندن نەبووە؛ بەڵکو دەنگی خەبات، ئاوێنەی قوربانییەکانی گەلی کوردستان و هەڵگری ڕێبازی نیشتمانی و دیموکراتیی یەکێتی بووە؛ ئەو ڕێبازەی لەسەر بنەمای ئازادی، دادپەروەری، پێکەوەژیان و پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دامەزراوە.

ئەمڕۆ، لەبەردەم ئاڵنگارییەکانی هەرێمدا، پێویستە ڕاگەیاندن پردی گفتوگۆ بێت، نە دیواری ناکۆکی؛ پەیامی ئاشتی بگەیەنێت و خزمەت بە یەکڕیزی، چارەسەری دەستووریی کێشەکان و بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارام و گەشەسەندوو بکات.

ڕۆڵی تەلەفزیۆن لە پەروەردەکردنی نەوەی نوێدا، تەنها گواستنەوەی هەواڵ نییە؛ بەڵکو دروستکردنی هۆشیاری، پاراستنی ناسنامە و فێرکردنی ڕێزگرتن لە جیاوازی و بەرپرسیاریی نیشتمانییە.

یادی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان پیرۆز بێت؛ بە هیوای ئەوەی هەمیشە دەنگی ڕاستی، پەنجەرەی ئومێد و چرای ڕێگای نەوەکانی داهاتوو بێت.

عیماد ئەحمەد
------------------------------------


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو